ئەمڕۆ، لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە مارتن ھوس باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و ڤێنسنت گیووم پۆپۆ لێپرسراوی نوسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و پرسی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن.
جەختکرایەوە لەسەر گرنگیی چڕکردنەوەی ھەوڵەکان لە پێناو چالاککردنی پڕۆسەی سیاسی و گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی ھاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتەکان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەکان.
باس لە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی کرا و پابەندکردنی ھەردوولا دووپاتکرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و پەنابردنە بەر دەستوور و ڕێککەوتنە ئیمزاکراوەکانی نێوانیان. بوونی نەخشەڕێگایەکی بنەڕەتی و درێژخایەنیش بە گرنگ زانرا بۆ یەکلاییکردنەوەی ھەموو کێشەکان.
ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و فراوانکردنی پانتایی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لە ھەرێمی کوردستان، پێویستی پارێزگاریکردن لە سەربەخۆیی دادگا لە کەیسی سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان دووپاتکرایەوە. لەو ڕووەوە ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی، ڕایگەیاند: "بە ڕای ئێمە ئەو کەیسە کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ناو و ناوبانگی حکومەت و ھەرێمی کوردستان کە چەندین ساڵە خەباتمان بۆ کردووە و قوربانیمان بۆ داوە تا گەیشتووین بەو ئاستەی ئێستا".
ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی ھەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردنی میدیای ئازاد و پشتگیریکردنی چالاکوانان کە ھەر بەو پشتیوانییەش سلێمانی بووە بە شوێنی لەدایکبوونی ئازادی و میدیای ئازادی کوردستان، دووپاتیشیکردەوە کە یەکێتیی بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتە و کاری زیاتریش دەکات بۆ پتەوکردنی کۆڵەکەکانی دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لە ھەرێمی کوردستان.
لە بارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی جەختیکردەوە کە دەستوور بۆ ھەمووانە نەک تەنھا بۆ بەرژەوەندی ئەوانەی ناویان ناوە زۆرینە و پێویستە لە ڕێگەی دەستەیەکی نوێ و پسپۆڕەوە بنوسرێتەوە کە تەنھا بەرژەوەندیی گشتی تێدا ڕەچاو بکرێت.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٦٧٠ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٥ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٧٤٩ تووشبووی تری ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
ئاڵا تاڵەبانی لە میانەی بەشداریکردنی لە ستۆدیۆی ھەشت ئاماژەی بە ڕووداوەکانی بەغداد کرد و ڕایگەیاند، چالاکوانەکانی خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی سێ شەممە ھەمان خۆپیشاندەرانی تشرین نەبوون، ئەجێنداکەشیان جیاوازبوو لەبەرئەوەی داوای دواخستنی ھەڵبژاردنیان دەکرد.
ڕوونیشیکردەوە، ئاڕاستەیەک لە نێو لایەنەکاندا ھەیە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەو ڕەوشە ئەمنییەشی لە عێراق دەگوزەرێت ھۆکارەکەی ناکۆکی نێوماڵی شیعییە و ھێزە ھەرێمایەتییەکانیش کاریگەریان ھەیە.
دەقی پەیامەکە...
بەڕێزان سکرتێر و سکرتارییەت و ئەندامانی رێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان
لەیادی (٢٢) ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و ھیوای بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.
رابردووی پڕشنگداری رێکخراوەکەتان سەلماندوویەتی کە رێکخراوێکی جێ ئومێدبوون و توانیوتانە ببنە سەرچاوەی وزەی لەبن نەھاتووەکانی لاوان، ھیوادارم ساڵی تازەی تەمەنی رێکخراوەکەتان بکەنە دەرفەتێک بۆ خزمەتکردنی زیاتری لاوان بە پرۆژە و بەرنامەی نوێ لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، کاربکەن بۆ دۆزینەوەی بەھرە و تواناکانیان و ئاراستەکردنیان بۆ خزمەتکردنی کوردستانەکەمان.
لەم ساڵیادەدا دەخوازین ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان، بەگوڕ و تینێکی نوێوە بێنە مەیدانی داکۆکیکردن لەماف و ئازادییەکانی لاوان، سودی زیاتر ببینن لەسەرچاوە مرۆییەکانی لاوانی کوردستان و گەشەی زیاتر بەخۆتان بدەن و لەئاست داواکاری و خواستەکانی لاواندا بن.
ئەوەش لەبەرچاوبگرن کەلەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمەکەدا، ئەرک و بەرپرسیارێتیتان زیاتر دەبێت، دەبێ خۆتان ساز و ئامادەبکەن چونکە ئایندەی گەشی ئەم ھەرێمە چاوەڕێتان دەکات.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوو رایگەیاندووە، لە ماوەکانی ڕابردوودا دوو تۆمەتبار لە لایەن ھێزەکانیانەوە بە تۆمەتی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکران، دواتر پەڕاوی لێکۆلینەوەیان بۆ کرایەوە، بۆ ئەو مەبەستە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی شارەزوور ڕەوانەی دادگای کەتنی ھەڵەبجە کران بە مەبەستی دادگاییکردنیان.
ئاماژەی بەوەکردوە، بە پێی ماددەی ٣٠ یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان ھەردوو تۆمەتبارەکە سزای یاساییان بۆ دەرچوو، بە یەک ساڵ زیندانیکردن.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، لە کۆبونەوەکەدا میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی پێنجەم لە یاسای چاکسازیی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان دەخرێتە روو، ھەروەھا بابەتی داھاتە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا و ڕۆڵی وەزارەتە تایبەتمەندەکان لە برەودان و ھەمەچەشنکردن و زیادکردنی داھات تاوتوێ دەکرێت.
ھاوکات لەلایەن جێگری سەرۆک وەزیرانەوە بابەتی پێداچوونەوەی رەسمی خزمەتگوزارییەکان دەخرێتە روو.
ھەروەھا ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای "بەرھەمھێنان و ھاوردەکردنی بنەتۆ و شەتڵ و تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان" تاوتوێ دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، بەھۆی تۆپبارانەکانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستان دوو ھاوڵاتی کە پیشەیی شوانیان ھەبووە، لە گوندی بھێری سەر بەناحیەی دەرکار برینداربوون و برینی یەکێکیان سەختە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ٢٣ی نیسانی رابردوو بەشێوەیەکی بەردەوام سوپای تورکیا سنوری پارێزگای دھۆک بۆردومان دەکات، بەوھۆیەشەوە چەند گوندێکی سنورەکە چۆڵکراون، زیانێکی زۆرریش بەر رەز و باخ و دارستان و پشوپاوانی ھاوڵاتیان کەوتووە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٢٦ی ئایاری ٢٠٢١ بەڕێوەچوو و کلێمنس سێمتنەر کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەرێم و دابان شەدەلە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانیش ئامادەبوون، ھەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا و جێگری سەرۆک وەزیرانیش داوایکرد ئەڵمانیا رۆڵی زیاتر ببینێت لە ھاوکاریکردنی ھەرێم بۆ پێشخستنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و چاکسازیکردن لە سیستمی حکومرانی.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمانی عێراق کرا و ھەردوو لا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە ھەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بە شێوەی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و ئەمەشیان بە گرنگ زانی بۆ سەقامگیری سیاسی و پرسی دیموکراسی و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد ئەڵمانیا و وڵاتانی ھاوپەیمان ھاوکاری عێراق بکەن بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
تەوەرێکتری کۆبوونەوەکەدا تایبەت بوو بە تاوتوێ کردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدرال، لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، نیەتی حکومەتی ھەرێم چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدایە و لە دوای پەسندکردنی یاسای بودجەشەوە حکومەتی ھەرێم ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکدا وەفدی حکومەتی ھەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو ئەو کێشە و گرفتە تەکنیکیانەی لەبەردەم جێبەجێکردنی یاساکەدان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەوپێیەی ئۆلە دیل ئەرکەکەی وەک باڵیۆز لە ماوەیەکی نزیکی داھاتوودا کۆتایی دێت، قوباد تاڵەبانی سوپاس و ستایشی ھەموو ئەو ھاوکارییانەی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا پێشکەشی عێراق و ھەرێمی کوردستانی کردووە و ھیوای خواست ئەڵمانیا بەردەوام بێت لە ھاوکاریکردنی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.
رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاند، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ٣٠ ڕۆژ جارێک بەردەوام دەبێت، ھۆکاری دواکەوتنیشی کێشەیەکی تەکنیکییە و سیولەی بانکەکانی ھەرێم کەمبووە.
رێباز حەملان وتیشی، لە دەرەوەی وڵات رۆژی دوو شەممە دەوام دەستپێدەکات ئەوەش ھەندێک جار ناردنی داھاتنی نەوت دوادەخات و جگە لەوەش گۆرینی دۆلار بۆ دینار کاتی دەوێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ ی ئایاری ٢٠٢١ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ، کۆبوونەوەی ئاسایی ھەفتانەی ئەنجامدا .
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا گفتوگۆ دەربارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی پێنجەم لە یاسای چاکسازی ژمارە ( ٢ ) ی ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان کرا لە بەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان کە پێویستە خەرجکردنی دەڕماڵەی ئەوانەی شایستەن پارێزراو بێت و دادپەروەریی ھەبێت لە خەرجکردنی دەڕماڵەکان و جێگیر بکرێت بۆ ئەوانەی کە شایستەن بە پێی یاسا بەرکارەکان.
بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی داھاتە ناوخۆییەکان و ڕۆڵی وەزارەتە تایبەتمەندەکان لە برەودان و ھەمەچەشنکردن و ڕێکخستنەوەی داھاتی ناوخۆی ھەرێم و ئاستی پابەندیی وەزارەتەکان و پێداچوونەوە بە ڕەسمی خزمەتگوزارییەکان .
پاشان ئەنجومەنی وەزیران ھەردوو ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( ھەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان) بە ئاراستەی ھێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتیەکی گشتی لە وەزارەتی دارایی وئابووری بۆ ڕێکخستنی کەرتی دڵنیایی وچاودێریکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە بواری چالاکیەکانی دڵنیایی لە ھەرێم و پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای ( بەرھەمھێنان و ھاوردەکردنی بنەتۆ و شەتل و تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان ) کە ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژە یاسایە ، ڕێکخستن وھاندانی کەرتی تایبەتە بۆ بەرھەمھێنانی بنەتۆ و شەتڵ وھاوردەکردنی بنەتۆ لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو.
د.پەرست نەقشبەندی، پزیشکی دەرمانساز و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بەھۆی ھەستیاری دەرمان کە راستەوخۆ پەیوەستە بە تەندروستی ھاوڵاتیانەوە، پێویستە بە وریاییەکی زیاترەوە میکانیزمی گواستنەوە و کۆگاکردن و کاتی دابەشکردن و بەکارھێنانیشی لەبەرچاو بگیرێت، بۆیە کۆمپانیاکانی دروستکاری دەرمان رێنمایی تەواو لەگەڵ دەرمانەکەدا دەدات بە بەکارھێنەر تا بەشێوەیەکی گونجاو و دور لە دروسبونی مەترسی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
وتیشی، "جۆری دەرمانەکان زۆرە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پێویستە لە شوێنی پلەی گەرمی نزم و دور لە تیشکی خۆر بگوازرێتەوە یان کۆگا بکریت".
رونیکردەوە، "بەھۆی بەرزی پلەی گەرما و ھەبونی تشکی خۆر بەدرێژایی رۆژ، پێویستە لەوەرزی ھاویندا مامەڵەیەکی زۆر جیاواز لەگەڵ دەرماندا بکرێت و بەوردی رێنماییەکان لەلایەن کۆگاکان و دەرمانخانەکانەوە جێبەجێ بکرێت، نابێت روکاری درەوەی دەرمانخانە، نۆرینگە و ھەمو ئەو شوێنانەی ھاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر روی تیدەکەن بۆ نمایشکردنی دەرمان بەکاربھێنرێت".
د.پەرست نەقشبەندی، راشیگەیاند، رۆژانە لیژنەی ھاوبەشی تەندروستی بەدواداچون بۆ کوالێتی و نرخ و شێوازی ھەڵگرتن و عەمبارکردنی دەرمان لە کۆگاکان، دەرمانخانە، نۆرینگە و ھەمو ئەو شوێنانەی ھاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر روی تێدەکەن دەکات و داوایان لێدەکات پابەندی ئەو رێنماییانە بن کە لەلایەن کۆمپانیاکانی دروستکردنی دەرمان و وەزارەتی تەندروستییەوە بۆکارکردنیان دیاریکراوە، بەپێچەوانەوە لە کاتی ھەبونی سەرپێچی شوێنەکە و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.
ھۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس بەبوونی ڕووداوێکی کوشتن لە گەرەکی ژیان دەستبەجێ تیمێکی لێکۆڵینەوە گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە و دەست بەلێکۆڵینەوە کرا.
وتیشی، لەلێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە ھاوڵاتیەک چەقۆیەک بەر دڵی کەوتووە لەلایەن دراوسێکەی کە دەمەقاڵی لەنێوانیان ڕوویداوە، دوای گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
رونیشیکردەوە، تیمەکانی پۆلیسی ھەولێر لە شوێنی رووداوەکەن و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رەتیکردەوە، داھاتی سلێمانی بۆ وەزارەتی دارایی نەگەڕابێتەوەو رایگەیاند، داھاتی ناوخۆیی و دەروازە سنورەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان، بەتەواوەتی دەچێتە بانکەکانی وەزارەتی دارایی.
وتیشی، تەنھا لە چوار مانگی رابردوودا ٥٧٠ ملیار دیناری پارێزگاری سلێمانی بۆ تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم خەرجکراوە.
ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢١/٥/٢٧، موچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.
ڕۆژی یەک شەممەش ڕێکەوتی ٢٠٢١/٥/٣٠ ، موچەی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ وەزارەتی دارایی و ئابووری دابەش دەکرێت.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٦٥٥ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٠ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٨٥٥ تووشبووی تری ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.