پەرلەمانتارانی کوردستان و پارێزەرێکی دەستگیرکراوانی بادینان لە بەردەم دادگای دووی ھەولێر بە ڕۆژنامەنوسانیان ڕاگەیاند، لە دانیشتنەکەدا ھیچ تۆمەتێک بەسەر دەستگیرکراواندا ساغنەبووەتەوە و تەنانەت شایەتحاڵەکانیش لە بەرژەوەندیی دەستگیرکراوان شایەتییان داوە، نەک لە دژیان.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم بۆ کوردسات نیوز ئاشکرایکرد، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک ڕایگەیاندووە مووچە بە پێی داھاتی پێویست دابەش دەکەن، لە ئێستادا کە ٢٠٠ ملیار دینارەی لە بەغدادەوە خراوەتەسەر ئەژماری وەزارەتی دارایی و نرخی نەوتیش بەرزە و داھاتی ناوخۆش زیادی کردووە، ئێستا داھاتی پێویست لەبەردەستە بۆ ئەوەی لێبڕینی مووچە بە ڕێژەی زۆر کەمبکرێتەوە یان کۆتایی پێبھێنرێت.
ئەو سەرچاوە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وەزارەتی دارایی ناتوانێت بڕیاری لێبڕینی موچە بدات بەڵکو ئەو بڕیارە لە لیژنەی باڵای ئابووری ھەرێم دەدرێت، بەڵام لیژنەکە تا ئێستا بە ڕەسمی بڕیاری لە بارەوە نەداوە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وتیشی، لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغداد پێداچوونەوە و وردبینی بە حساباتی شەش مانگی رابردووی نێوانیان دەکەن، بڕیاریشە تا ئەو لیژنە دەگەن بە ئەنجام، بەغداد مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم بنێرێت، بەڵام ڕوون نیە بەغداد پابەند دەبێت یان نا.
١٣ی تەمموزی ساڵی ١٩٨٩ عەبدولرەحمان قاسملو لەگەڵ عەبدوڵا قادری ئازەر و دکتۆر فازڵ ڕەسوڵ لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا تیرۆرکران، کە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کورد لە خۆرھەڵاتی کوردستان لەو وڵاتە بوون.
عەبدولرەحمان قاسملو لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٠ لە شاری ورمێ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٤٥ دەستی بە کاری سیاسی کردووە و یەکێک بووە لەو سەرکردانەی پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرۆک مام جەلال ھەبووە و لە چەندین وێستگەی خەبات کاری پێکەوەییان کردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە خۆرھەڵات و باشوری کوردستان.
"ئازاد محەمەد" سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بودجەی پڕۆژەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بە ھەموو قەزا و ناحیەکانەوە پەسەندکرا.
وتیشی، پێویستە حکومەت ھاوسەنگی بکات لە نێوان مووچە و دەوامی فەرمانبەران، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیارێکیان بۆ کۆتایھێنان بە لێبڕینی مووچە پەسەند کرد و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکەن.
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، وێڕای ڕاگەیاندنی ماتەمینی و سەرەخۆشی بۆ خێزان و کەسوکاری قوربانیان و تەواوی خەڵکی زیقار، لە ھەمانکاتدا دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوە نەخوازراوانە و ئەو کارەساتەی لە نەخۆشخانەی "ئیبن خەتیب" لە بەغداد ڕوویدا، نیشانەی خەمساردی لە کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاری و خراپ بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و گەندەڵی، بە شێوەیەکی ئاشکرا ھەیە.
فراکسیۆنی یەکێتی ڕاشیگەیاند، پێویستە حکومەت پێداچوونەوە بە تەواوی سیستمی تەندروستی و خزمەتگوزاری و سەلامەتی ھاوڵاتیاندا بکات و ئەوانەی لە پشتی ئەو ڕووداوە نەخوازراوە بوون لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات و ڕاپێچی دادگایان بکات.
گلیزار رەشید جێگری سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو نیگەرانی زۆر ھەبوو لەسەر کوالێتی ئەو بەنزینەی ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرا لە ئێستادا بەڵێندراوە بە بەرزکردنەوەی کوالێتی بەنزینی ھاوردە کراو بۆ ھەرێمی کوردستان.
باسی لەوەشکرد، جگە لەوەش لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەڵێندراو بە کەمکردنەوەی رسومات لە سەر بەنزینی ھاوردەکراو ئەوەش ھۆکارێک دەبێت بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، بەڵام نازانین کەمکردنەوەی نرخەکەی چەندە دەبێت.
ئاشکراشیکرد، ھەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە سێ ملیۆن بۆ سێ ملیۆن ٥٠٠ ھەزار لیتر بەنزین ھەیە ئەوەش وادەکات بەتەنھا بە بەرھەمی پاڵاوگەکان نەتوانرێت خواستی بەنزین لە ناوخۆ چارەس بکرێت و بۆ ئەوەش بەنزین ھاوردە دەکرێت.
جێگری سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە، دڵنیایی دراوە لەوەی ئەو نرخەی دیاری دەکرێت لەسەرجەم بەنزینخانەکان وەکو یەک بێت و لەلایەن لیژنەیەکەوە چاودێری دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند، شەوی رابردوو لە گەڕەکی گەلاوێژ لە ھەولێر، کچێک بەناوی (ا، ر، ح)، لەسەر کێشەی خێزانی لەلایەن باوکییەوە کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوابەدوای رووداوەکە ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان رایانگەیاند، بەھۆی کەمی کات و زۆری پەڕاوەکە، دادگاییەکە دواخراوە، ھەموو ھەوڵێکیش دەدەن بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داھاتوو بێتاوانی تۆمەتباران بسەلمێنن. پێشتر ٥ کەس لەو چالاکوانە بەتۆمەتی سیخوڕی سزای شەش ساڵ زیندانیان لە لایەن دادگای ھەولێرەوە بۆ دەرچوو.
ئەو بڕیارەی دادگاش نیگەرانی ناوخۆ و نوێنەرانی بیانی لە ھەرێم لێکەوتەوە و بە ھەڕەشە بۆ سەر ئازادی رادەربڕین لە قەڵەمیاندا.