بە تۆمەتی بڕینی داری سروشتی سێ سەرپێچیکار لە گەرمیان و سیتەک دەستگیر کران
بڵند
١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
بە تۆمەتی بڕینەوەی داری سروشتی، سێ تۆمەتبار لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی و گەرمیانەوە دەستگیرکران و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان رایگەیاند، شەوی رابردوو مەفرەزەکانیان لە سنوری ناحیەی مەیدان توانیویانە کەسێک بە تۆمەتی بڕینەوەی داری سروشتی دەستگیر بکەن، کە باری ئۆتۆمبێلێک داری بڕیبووەوە و لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە و هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگە، لە سنوری ناحیەی سیتەک لەلایەن کارمەندانی ئاسایشەوە دوو هاووڵاتی بە تۆمەتی بڕینی داری سروشتی دەستگیر کران و دەستیش گیرا بەسەر دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پیکاب، بڕێکی زۆر داری بڕاوە، دوو مشار و سێ تەورداسدا.
پاش دەستگیرکردنیان، تۆمەتبارانی سنووری سیتەک رادەستی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناحیەکە کران و لەلایەن بنکەی ناوبراوەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوە بە مەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرانبەریان.



