ئیسماعیل بەقائیی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، داوای قەرەبوی جەنگ لەو وڵاتانە دەکەن کە هاوکری ئەمریکا بون لە ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران.

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەدواداچون بۆ وەرگرتنی قەرەبوو لە وڵاتەکانی ناوچەکە دەکەن و ئەوەش مافێکی یاسایی خۆیانە.

لە بارەی گفتوگۆی نێوان چین و روسیا لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە ئێران، ئاماژەی بەوەکردوە نە جێگەی سەرسوڕمانە و نە نیگەرانیشین لێی، چونکە گفتوگۆی سێ هێزی جیهانی دەربارەی هێزێکی دیکەی جیهانی شتێکی نامۆ نییە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا هۆشداریی دایە وڵاتانی ناوچەکە و جەختی کردەوە، ئەو وڵاتانەی لە دەستدرێژیکردنە سەر خاکی ئێران هاوکاریی ئەمەریکایان کردووە، دەبێت قەرەبووی کارەکانیان بدەنەوە.

سەبارەت بە هاتوچۆی لێپرسراوانی  وڵاتانی دراوسێش وەک قەتەر، ئاماژەی بەوە دا کە ئەوە بە مانای بوونی هیچ گفتوگۆیەکی تایبەت نایەت.

لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی توندی لە ئیسرائیل گرت و رایگەیاند، کە وەرزی زستان و سەرما بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی جینۆسایدکردن دەقۆزێتەوە.