لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ژینگە، تەندروستیی گشتی و پاکڕاگرتنی شاری سلێمانی، قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، 21 شوێنیان بەهۆی سەرپێچییوە سزا داوە.

ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێکدا، قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردەوە،  لیژنەی ژینگەی سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت بە شێوەیەکی رۆژانە سەردانی کارگە و ناوچە پیشەسازییەکان دەکات.

بەپێی ئامارەکانی لیژنەی ژینگە، لە ماوەی مانگی 10دا پشکنین بۆ 64 کارگە، ناوچەی پیشەسازی و شوێنی بازرگانی کراوە؛ لە ئەنجامی بەدواداچوونەکاندا دەرکەوتووە کە 21 لەو شوێنانە پابەندی مەرج و رێنماییە ژینگەییەکان نەبوون، بۆیە پسوڵەی سەرپێچییان بۆ کراوە و سزادراون.

قائیمقامیەتی سلێمانی جەخت دەکاتەوە کە چاودێرییەکانیان لە رێگەی 31 لیژنەی پسپۆڕ و تایبەتمەندەوە بەسەر بازاڕ، شوێنە گشتییەکان و ناوچە پیشەسازییەکان بەردەوام دەبێت، داواش لە کاسبکاران و خاوەن کارگە و پڕۆژەکان دەکات پابەندی تەواوی رێنماییەکان بن، بە پێچەوانەوە روبەڕووی سزای یاسایی و داخستن دەبنەوە.