قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ناچنە ئەو پەرلەمانی فەرزکراوە بەسەر خەڵکیدا و کرینی دەنگو پەرلەمانتار گەورەترین مەترسییە لەسەر پرۆسەی سیاسی و دیموکراتی لە هەرێم.

ئەمڕۆ هەینی، قوباد تاڵەبانی لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر رەوشی حکومڕانی و پەیوەندییە سیاسییەکان و رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەرگیز دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە، بەڵام جەختی کردەوە کە بوونی رکابەری ئاساییە و یاریکردن بە حکومڕانی هەڵەیەکی قبوڵنەکراوە.

سەبارەت بە رەوشی ئێستای کابینەی حکومەت و پرسی خزمەتگوزارییەکان، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم حکومەتە ماوەی دوو ساڵە کاربەڕێکەرە و وەک نەخۆشێک کە بە ئامێر (جیهاز) بە زیندوویی هێڵدرابێتەوە.

هەروەها سیاسەتی هەڵەی حکومڕانی بە هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی زانی و رونیکردەوە کە ئامانجی بوونی یەکێتی لە بەغداد بۆ ئەوەیە نرخی سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی بەغدادی لێبکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، قوباد تاڵەبانی هۆشداری دا لەبارەی روداوەکەی پەرلەمانی هەەرێمی کوردستان و رایگەیاند، فرۆشتنی دەنگەکان گەورەترین مەترسییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک یەکێتی دان بەوەدا نانێن کە لە پەرلەمان رویداوە و ناچنە ئەو پەرلەمانەوە کە سەپێندراوە بەسەر خەڵکدا.