لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ستراتیژیی سلێمانی، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ئەو قەیرانەی ئێستا دروست بووە، شتێک نییە چارەسەر نەکرێت.

ئەمڕۆ هەینی، لە دوەم رۆژی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ستراتیژیی سلێمانی،  کە خۆی سەرپەرشتی دەکات، قوباد تاڵەبانی رەخنەی لە شێوازی کارکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گرت و رایگەیاند کە شێوازی کارکردنیان لەگەڵ ژیانی خەڵکی ناوچەکەدا ناگونجێت.

سەبارەت بە رەوشی ئێستای هەرێمیش، جەختیکردەوە کە ئەو قەیرانەی ئێستا دروست بووە، شتێک نییە چارەسەر نەکرێت.

لە بارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا کە براکەی، بافڵ تاڵەبانی، کاتی زیاتر لە بەغدا بەسەر دەبات وەک لە سلێمانی و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە باوەڕیان بە عیراقێکی یەکگرتووی دیموکراتی هەیە، چونکە بە باوەڕی ئەوان کوردستان کاتێک بەهێزە کە عیراق بەهێز بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، باوەڕیان بە عیراقێکی فیدڕاڵ هەیە و بەردەوام دەجەنگن، بۆ ئەوەی سەرۆک کۆماری لە حزبەکەی ئەوان بێت.

سەبارەت بە پێگەی هەرێم لە لای واشنتۆنیش، ناوبراو ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا هاوبەشیی هەرێمێکی ناوێت، کە بە پارە و هەڕەشە بەڕێوە ببرێت و دەیەوێت هەرێمی کوردستان بە هێز بێت.