ئەمڕۆ دووەم رۆژی كۆڕبەندی ستراتیژی سلێمانی بە بەشداری ژمارەیەك لە سەركردە و كەسایەتیی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابوری، ئەمنی و سەربازی لە عیراق و وڵاتانی جیهان بەڕێوەدەچێت و قوباد تاڵەبانیش پەیامی دەبێت.

لە كۆڕبەندەكەدا چەندین پانێڵی گرنگ سەبارەت بە ئاستەنگە ستراتیژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەئاسایشی ناوچەكە و جیهان، گەشەپێدانی ئابوری و دۆزینەوەی هەلی نوێی وەبەرهێنان و دیپلۆماسیەت و بەهێزتركردنی پەیوەندییەكان و سەقامگیری ناوچەیی لەڕێگەی گفتوگۆی باڵاوە سازدەكرێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە، دوێنێ پێنج شەممە 12ی 11ی 2026 كۆڕبەندی ستراتیژی سلێمانی دەستیپێكرد و قوباد تاڵەبانی وتاری دەستپێكی دیدارەكەی خوێندەوەو رایگەیاند: سلێمانی گونجاوترین شوێنە بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە گفتوگۆیانە و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا جیاوازەكان، هیواشی خواست: كە دانیشتنەكانی دیدارەكە، بەشداربن لە نەخشاندنی داهاتوویەكی باشتر و گفتوگۆكان لەڕێگەی دیالۆگێكی دۆستانە و بنیاتنەرانە لە نێوان بەشداربوواندا بگەنە ئەنجامی بەرچاو.

هاوكات هەر دوێنێ، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك قسەكەرێكی كاریگەر بەشداریی لە كۆڕبەندەكەدا كردو  دیدو تێروانینی خۆی بۆ رووداوەكانی كوردستان و ناوچەكەو جیهان خستەڕوو.

كۆڕبەندی ستراتیژی سلێمانی وەك یەكێك لە گرنگترین رووداوە دیپلۆماسی و ستراتیژییەكان لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و لیژنەیەكی راوێژكاری نێودەوڵەتی بەهێز لەخۆدەگرێت كە كەسایەتییە ناسراوەكانی جیهان و ناوچەكە كۆدەكاتەوە.

ئەم كۆڕبەندە دەبێتە سەكۆیەكی گرنگ بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا و داڕشتنی نەخشەڕێگایەك بۆ روبەڕوبوونەوەی قەیرانەكان و هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەكەدا.