پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایدەكات، عیراق بەڵێنی ناردنی 200 ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێمی كوردستان داوە.

دیلان غەفور، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووە، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ پێدانی نەوت بە خەڵكی كەركوك و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، سەردانی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كردووە.

دەشڵێت، ناردنی بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێم وەك قۆناغی یەكەم لە كۆتایی دایە و بەغداد چاوەڕێیە هەرێم بڕی 250 دینار بۆهەر لیترێك رادەست بكات تا نەوتەكە رەوانە بكەن، لەسەر ئەو چوارچێوەیەش بە چەند قۆناغێك بڕی 200 ملیۆن لیتر بۆ هەرێم رەوانە دەكەن.

لای خۆشیەوە سەلیم ركابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان رەزامەندی پێویستیان بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەربڕیوە و سەرجەم رێكارەكانیان كۆتایی پێهێناوە و نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستانیان لەوبارەیەوە ئاگادار كردووەتەوە. 

وتیشی، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم ڕێكارەكان تەواو بكەن و بڕی تەرخانكراو وەربگرن و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی بكەن.