نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری: بە نەشتەرگەرییەک 160 بەردمان لە میزڵدانی نەخۆشێکدا دەرهێنا
ساکۆ سمکۆ
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رێکار و هۆکاری ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی دەگمەنی راگەیاند.
لە راگەیەنراوەکەی نەخۆشخانەکەدا هاتووە: لە چوارچێوەی بەردەوامیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پسپۆڕییە تەندروستییەکان و بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی چاودێری پزیشکی ، تیمی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی ڕزگاری فێرکاری ، سەرکەوتوو بوو لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک بۆ دەرهێنانی زیاتر لە 160 بەرد لە میزڵدانی نەخۆشێکدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم پرۆسەیە بە هەوڵ و هاوکاریی تیمێکی پزیشکی پسپۆڕ و کادری تەندروستیی شارەزا کە ژمارەیان هەشت دکتۆر و چاودێر بوو، ئەنجامدرا.
ئەوەشی روونکردووەتەوە: بەڕێوەبەرایەتی و کادری تەندروستیی نەخۆشخانە، جەخت لە گرنگیی کارکردنی بە تیم و پسپۆڕیی پزیشکی و بەردەوامیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەکاتەوە.



