لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و لیژنەکانی تایبەت بە یەکخستنی هەردوو زانکۆی رۆژئاڤا و کۆبانێ بەڕێوەچوو، تێیدا لەسەر چارەنووسی زانکۆکان، مامۆستایان و دانپێدانانی بڕوانامەکان چەند بڕیارێکی گرنگ دران.

حەسەن شەرۆ، لێپرسراوی کۆمیتەی یەکگرتنەوە، لەبارەی یەکگرتنەوەی زانکۆکانی رۆژئاوا و کۆبانێ لەگەڵ زانکۆکانی سوریا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە کۆلێژەکانی سەر بە زانکۆی رۆژئاوا بگۆڕدرێن بۆ 'کۆمەڵگەی کۆلێژەکانی قامیشلۆ' و بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە خودی زانکۆی 'فوراتەوە' ببەسترێنەوە، نەک بە لقی حەسەکەی ئەو زانکۆیە، ئەم هەنگاوەش کاتییە تا ئەو کاتەی لە ساڵی داهاتوودا بەرەسمی 'زانکۆی حەسەکە' دادەمەزرێت.

وتیشی، هەر لەو چوارچێوەیەشدا سەرجەم دەسەڵاتەکانی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی فورات دەبەخشرێتە سەرۆکی کۆمەڵگەی کۆلێژەکانی قامیشلۆ.

ئاماژەی بەوەشدا، هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چارەنووسی ئەو کۆلێژانە کرا کە لە فۆڕمی وەرگرتنی خوێندکارانی ئەمساڵدا ناویان تۆمار نەکراوە، لەو بارەیەوە رێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی ئەو خوێندکارانەی پێشتر ناویان تۆمارکردووە لە خوێندن بەردەوام بن تا کاتی دەرچوونیان، هاوکات لەڕووی کارگێڕی، هونەری و وانەوتنەوەشەوە هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئەو کۆلێژانە دەکرێت، تا لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانی زانکۆی حەسەکە لە ساڵی نوێدا، دەرگایان بەڕووی خوێندکاراندا بکرێتەوە.

ئەوەشی روونکردەوە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی دیمەشقدا، بڕیاری پێویست درا سەبارەت بە پاراستنی ماف و ساڵانی خزمەتی پێشینەی سەرجەم ستافی مامۆستایان و ستافی هونەریی زانکۆ، لە هەمووشی گرنگتر، رەزامەندی درا لەسەر پەسەندکردن و دانپێدانانی فەرمیی سەرجەم بڕوانامە بەخشراوەکان، بە بڕوانامەکانی خوێندنی باڵاشەوە.