ترەمپ بە گەشبینییەوە پێشوازی لە ناتانیاهۆ دەکات: زۆر دڵنیام لە گەیشتن بە رێککەوتن
راهۆز
٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی پێشوازیکردنی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، گەشبینیی قووڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، بەڵام لە بەرامبەردا، ناتانیاهۆ وەڵامی پرسیارێکی هاوشێوەی نەدایەوە.
بەپێی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی و ئاژانسی فرانس پرێس، کاتێک ترەمپ لەبەردەم دەرگای کۆشکی سپی پێشوازیی لە ناتانیاهۆ دەکرد، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بەوەی ئایا رێککەوتنێک دەکرێت، لەسەرخۆ وتی "بەڵێ" و دووپاتیکردەوە کە "زۆر دڵنیایە" لەمبارەیەوە.
بەڵام بەپێی تۆڕی "سی ئێن ئێن"، کاتێک هەمان پرسیار ئاراستەی ناتانیاهۆ کرا، ناوبراو وەڵامی نەدایەوە.
پێشتر ترەمپ لەسەر تۆڕی "تروس سۆشیاڵ"ی خۆی نووسیبووی: "فرسەتێکی راستەقینەمان لەبەردەستە بۆ بەدەستهێنانی شتێکی مەزن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست... هەمووان ئامادەن بۆ شتێکی سەرنجڕاکێش، ئەمە پێشینەی نەبووە. ئێمە بەدەستی دەهێنین."
هەروەها، کارۆلاین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە سەرۆک دەیەوێت "جەنگ کۆتایی پێبێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن" و چاوەڕێ دەکات "هەردوو لا" پلانە نوێیەکەی واشنتن قبوڵ بکەن.
ئەمە چوارەمین سەردانی ناتانیاهۆ بۆ کۆشکی سپی لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات، و بڕیارە دوای کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش ئەنجام بدەن.