لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ ئوردن دەستپێدەكاتەوە، بڕیاریشە هەر بەرمیلێكی 16 دۆلار لە خوار بازاڕەوە بفرۆشرێت.

وەزارەتی وزە و سامانە كانزاییەكانی ئوردن رایگەیاند، ساڵح خەرابشە، وەزیری وزە و سامانە كانزاییەكانی ئوردن لە سەردانێكیدا بۆ عیراق لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵ كۆبووەوە و رێككەوتنێكی لێكتێگەیشتنیان ئیمزاكرد بۆ ئەوەی رۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی ئوردن بكرێت.

چەند سەرچاوەیەكیش لە كۆمپانیای نەوتی باكور بە میدیا عیراقیەكانیان راگەیاند، رێككەوتنەكە بۆ سێ مانگ بە هەمان مەرجەكانی پێشووتر درێژ كراوەتەوە و ئەو نەوتەی هەناردەی ئوردن دەكرێت بەرهەمهێنراوی كێڵگەكانی كەركوكە و لەڕێگەی تانكەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەی زەرقا لە ئوردن.

بەوتەی ئەو سەرچاوانە، بڕیارە ئوردن تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتەكە لە ئەستۆ بگرێت، لەبەر ئەو هۆكارەش عیراق هەر بەرمیلێك بە 16 دۆلار  كەمتر لە نرخی ئاسایی بە ئوردن دەفرۆشێت.