سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر دەستکەوتەکانی سەردەمی سەرۆکایەتییەکەی کردەوە بۆ ئیسرائیل، هەروەها سیاسەتەکانی لەبارەی ئێران و غەززەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا لە من باشتر نەبووە بۆ ئیسرائیل.

سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا: کە "توانای ئێرانمان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەناوبرد" ئەمە لە کاتێکدایە کە پرسی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هێشتا یەکێکە لە گرنگترین کێشە نێودەوڵەتییەکان.

هاوکات لەبارەی بەرزاییەکانی جۆلان و قودس، سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، "دانم بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر جۆلاندا نا و بودجەی رێکخراوی ئۆنروا، کەمکردەوە.

وتیشی: "سەرکردەکانی جیهان پاڕانەوە لێم کە قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل نەناسێنم، بەڵام سەرەڕای ئەوەش من دانم پێدا نا".

سەبارەت بە جەنگی غەززە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: هەمووان دەیانەوێت جەنگەکە لە غەززە کۆتایی بێت و بارمتەکان بگەڕێنرێنەوە و ئاشتی بەدی بێت".

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پلانی چارەسەرکردنی دۆخی غەززە.