دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیەنێت، دەبێت لەماوەی 72 سەعاتی داهاتوودا حەماس پلانەكەی ئەمریكا بۆ راگرتنی شەر لە غەززە پەسەند بكات، ئەگەر نا ئیسرائیل دەستكراوە دەبێت لە هەر كارێك كە بیكات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆ كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانییان لە كۆشكی سپی ئەنجامدا كە تێیدا ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ ناتانیاهۆ گەیشتونەتە رێككەوتن لەبارەی ئێران و فراوانكردنی رێككەوتننامەی ئیبراهیمی.

هەروەها سوپاسی ناتانیاهۆشی كرد لە بەرانبەر رازیبوونی بە پلانەكە كە بەوتەی خۆی دەبێتە هۆی كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێی خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەكە.

جەختیشی لەوە كردەوە، دەبێت لەماوەی 72 سەعاتدا حەماس بارمتەكان ئازاد بكات و پلانەكە پەسەند بكات، ئەگەر نا ئیسرائیل دەستكراوە دەبێت لە هەر كارێك كە بیكات.

ترەمپ باسیی لەوەشكرد، وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكان بەڵێنی چەكداماڵینیان لە غەززە داوە و لەسەر داوای ئیسرائیل و  ولاتانی عەرەبیش دەستەیەكی چاودێری نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا دادەمەزرێنرێت و حكومەتی نوێ پێكدێت.