لە نێوەندی هۆشدارییەكان لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی رەوشەكە، ترەمپ پشووەكەی لە كامپ دێڤید كۆتایپێهێن و گەڕایەوە كۆشكی سپی.  

كۆشكی سپی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پشووەكەی لە هاوینەهەواری سەرۆكایەتی لە كامپ دێڤید كۆتایپێهێناوەو گەڕاوەتەوە بۆ واشنتۆنی پایتەخت.

هەروەها، كۆشكی سپی پارچە ڤیدیۆیەكی سەرۆكی ئەمریكایان بڵاوكردەوە، ئاماژە بە گەڕانەوەی بەپەلەی دەكات لە هاوینەهەوارەكەیەوە بۆ  كۆشكی سپی لە رێگەی فڕۆكەی سەرۆكایەتییەوە.  

ئەم پێشهاتە چەند سەعاتێك دوای ئەوە هات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق هۆشداریی رەسمیان ئاراستەی هاووڵاتییانی ئەمریكی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد سەبارەت بە ئەگەری روودانی ئاڵۆزبوونی چاوەرواننەكراو.

هاوكات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، بەپێی ئەوەی ماڵپەڕە ئەمریكیەكان ئاشكرای كردووە، ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەرانی وەزارەتی بەرگری لە ئۆفیسەكانیان تا درەنگانی شەو ماونەتەوە ئەوەش تەنها لەكاتی قەیرانەكاندا روودەدەن، ئەو پێگانە راشیانگەیاندوە، ئەم چالاكییە وەكو ئاماژەیەكی ئەگەری بۆ ئامادەكاریی ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی نزیك لێكدەدرێتەوە.