پۆلیسی ئەمریکا پیاوێکی دەستگیرکرد کە بە ئۆتۆمبێلەکەی چووبووە سەر شۆستەی بەراىبەر کۆشکی سپی و داوای دیداری لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەکرد. دوای روداوەکە، تۆمەتبارەکە رەوانەی نەخۆشخانە کرا بۆ هەڵسەنگاندنی باری دەروونی.

رۆژنامەی "سەن"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا و یەکەکانی سوپا، چوارڕیانی شەقامەکانی 16یان لە نزیک پارکی "لافایێت سکوێر" داخست، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک لە رێڕەوی خۆی لایدا و چووە سەر شۆستەی پەنا پەرژینە ئەمنییەکەی دەوروبەری کۆشکی سپی.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەندامانی دەزگای پاراستنی نهێنی (سێرڤسی نهێنی) دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر کەلێنێکی ئەمنی، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەیان دەستگیرکردووەم، وتۆمەتبارەکە تەنانەت دوای کەلەپچەکردنیشی بەردەوام داوای کردووە قسە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بکات.

هێزە ئەمنییەکان پشکنینیان بۆ ئۆتۆمبێلەکە کردووە و تەواوی ناوچەکەیان گەمارۆداوە. دیمەنە تۆمارکراوەکان دەریانخستووە کە کارمەندانی دەزگای پاراستنی نهێنی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە بچووکەکەیان (SUV) لە شوێنی روداوەکە دوورخستۆتەوە.