رووداوەکە چەند ھەفتەیەک لەمەوبەر لە یەکێک لە گەرەکەکانی ھەولێر روویداوە، ژنەکە خاوەنی سێ منداڵە و ھاوسەرەکەی پێشتر کۆچی دواییکردوە.

ژنەکە کە نەیویست ناوی بھێندرێت و لەبەردەم کامێرا دەربکەوێت بەھۆی ئەوەی مەترسی لەسەرە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەچەند ھەفتەی رابردوودا پەنای بۆ ئەو شێخە بردووە تا یارمەتی بدات لە دۆزینەوەی یەکێک لە منداڵەکانی دوای ئەوەی ونببوو.

وتیشی، ئەو کەسەی وەکو شێخ خۆی ناساندووە و کاری نوشتە و جادوی بۆ ژنان و کچان کردووە، پارەیەکی زۆریشی لێسەندووە و دەستدرێژیشی کردووەتەسەر، ھەڕەشەی کوشتنی خۆی و منداڵەکانیشی کردووە ئەگەر رووداوەکە ئاشکرابکات.

دەشڵێت، پێشتر جارێک رفێنراوە و لێیدراوە و تەنانەت داوایان لێکردووە خانوەکەشی بفرۆشێت و پارەکەی پێبدات، لە ئێستاشدا بۆ پاراستنی گیانی خۆی و منداڵەکانی سکاڵای تۆمارکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئەو کەسەی کە وەک شێخ خۆی ناساندووە پێشتر ماوەیەک دەستگیرکراوە و دواتر ئازادکراوە.

لەسەر ئەو دۆسیەیە، ھۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلسی ھەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو رووداوە کراوەتەوە و لە رۆژانی داھاتوودا رونکردنەوەی زیاتر دەدەن لەو بارەیەوە.