دانەر ئەبوبەکر، نوێنەری کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رووسیا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نوێنەرایەتی ھەرێم لەسەرەتای لێشاوی کۆچبەران ھاوکاری ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری کردووە کە تووشی کێشە بوون و دواتر گەڕێنراونەتەوە، بۆ کێشەی کۆچبەرانی کوردیش لە بێلاڕویش لە ھەوڵی جددیدان بۆ چارەسەری کێشەکانیان.

راشیگەیاند، نیگەرانن لە بەردەوامی بازرگانیکردن بە کۆچبەران لەلایەن باند و قاچاغچیەکانەوە، لەمکاتەشدا حکومەتی ھەرێم لەگەڵ عێراق و روسیا لەسەر خەتە و کاردەکات بۆ ئەوەی کۆچبەرانی کورد روبەڕوی پێشێلکاری نەبنەوە.

نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، ھەرچەندە ئەوان ھاوکاری مرۆیی ئەو کۆچبەرانە دەکەن کە لەرێگەی گەیشتن بە ئەوروپا دەستبەسەردەکرێن، بەڵام کۆچبەرانیش پێویستە بزانن کە ئەوان بە یاسای ئەو وڵاتە مامەڵەیان لەگەڵدەکرێت کە تیایدا دەستگیرکراون و ھیچ لایەنێک ناتوانێت دەست لە یاسا و ڕێنماییەکانی ئەو وڵاتانە وەربدات.