کوردسات نیوز زانیاری لەبارەی موچەی مانگی چوار بڵاودەکاتەوە
هیوا
٢٤ی نیسانی ٢٠٢٣
ھونەر جەمال، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی دارایی پێشتر لەنێوان ٥ بۆ ٨ی ھەموو مانگێک خشتەی مووچەی بڵاودەکردەوە، سبەی سێشەممەش دەوامی فەرمی وەزارەت دەستپێدەکاتەوە و وەزارەتەکەیان بۆ ئامادەکردنی مووچە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئەنجومەنی وەزیران دەستبەکار دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر مانگانە زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دینار داھاتی فرۆشتنی نەوت دەھاتەسەر ھەژماری وەزارەتی دارایی و لەگەڵ داھاتی ناوخۆ تەمویلی مووچەی پێدەکرا، بەڵام ئێستا بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوت ئەو پارەیە نایەتە خەزێنەی حکومەتی ھەرێمەوە.
بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی وتیشی، لە ھەفتەی داھاتووەوە وەزارەتی دارایی قسە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەکات و ھەموو ھەوڵێکدەدەن گرفت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دروستنەبێت.