فراکسیۆنی ھەدەپە: سەدەیەکە تورکیا بە ھەڵە و خراپی بەڕێوەدەبردرێت
هیوا
٢٤ی نیسانی ٢٠٢٣
حەقی ئۆڵوچ، سەرۆکی فراکسیۆنی ھەدەپە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا رایگەیاند، "ئەمڕۆ کە یادی ١٠٣ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیا دەکەنەوە، روبەڕوی تورکیایەک بوونەتەوە کە بەھەڵە و خراپی بەڕێوەدەبردرێت".
وتیشی، ئەمڕۆ دیموکراسی لەژێر فشاری قورسدایە و بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان پشتگوێخراوە، سیستمی سەرۆکایەتیش لە تورکیادا جگە لە خۆدەرخستنی دەسەڵاتداران ھیچی دیکەی نەھێناوەتە کایەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی ھەدەپە، جارێکی دیکە جەختی لە چارەسەری کێشەی کورد کردەوە و ئەوەی خستەڕوو، ناتوانرێت بە ململانێ و توندوتیژی ھیچ کام لە کێشەکانی تورکیا چارەسەربکرێن، ھەروەھا ھیچ کێشەیەکیش نییە کە بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر نەبێت بەتایبەتی کێشەی کورد. لە سەدەی یەکەمی کۆماریشدا چەندەھا کێشە و قەیران سەریان ھەڵدا، بەڵام سەدەی دووەم سەدەی چارەسەری دەبێت.