بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، بە شکۆوە یادی ٤٩ ساڵەی شەھیدانی بۆردومانەکەی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی دەکەنەوە و سەری رێزیان بۆ قەڵادزێییە تێکۆشەرەکان دادەنەوێنن، کە نموونەی خەبات و قوربانیدانن لەپێناو سەربەرزیی کوردستان.

سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، قەڵادزێ و خەڵکە قارەمانەکەی لە مێژووی خەباتی گەلی کورددا، سیمبوولی تێکۆشان و بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم بوون و بە خوێنی خۆیان کوردستانیان پاراستووە، بۆیە ئەرکی حکومەتە خزمەتەکانی بۆ ئەو شارە خۆشەویستە، بارتەقای رەنج و قوربانیدانەکانیان بێت.

دەشڵێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەنج و تێکۆشانی ئێوە لە یاد ناکات و بەرامبەر دڵسۆزیتان وەفادار دەبێت.