لە سلێمانی تەرمی ژنێک لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە
کوردسات نیوز
٢٣ی نیسانی ٢٠٢٣
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو ژنەی کە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٦ە و بە رەگەز عەرەبە، تەرمەکەشی لە ماڵێکدا لە سنووری گەڕەکی راپەڕین دۆزراوەتەوە.
راشیگەیاند، تەرمی ئەو ژنە رەوانەی پەیمانگەی پزیشکیی داد کراوە و ھیچ ئاسەوارێکی ئەشکەنجەدان یان چەقۆ یان تاوانی پێوەدیار نییە.
بە وتەی سەرکەوت ئەحمەد، گومان دەکەن ژنەکە بە جەڵتە گیانی لەدەستدابێت، چونکە حەبیان لە ژوورەکەیدا دۆزیوەتەوە و دراوسێکانیشی وتوویانە کە نەخۆشبووە.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژنە بە تەنھا ژیاوە، تائێستاش کەسوکارەکەی دیار نییە.