دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ئیدانەی پەلاماردانی ھاووڵاتیانی کورد لە گوندی پەلکانە دەکات
کوردسات نیوز
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٣
دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، لەیەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان عەرەبی ھاوردە پەلاماری دانیشتوانی کوردی گوند پەڵکانەیان داوەو خۆشی جەژنیان گۆڕیوە بۆ پشێوی و ھەڕەشەو چاوسورکردنەوە، پەلاماردان و داگیرکردنی گوندەکان و خاپورکردنیان لە سایەی حکومەتەکانی دوای روخانی سەدام بەردەوامە ، ئەوەش دادگاو دادپەروەری عێراقی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتی گەورەوە، لە کاتێکدا ئیدانەو نیگەرانی قوڵی خۆیان ڕادەگەیەنین، چاوەڕێن لە کابینەکەی محەممەد شیاع سودانی سنورێک بۆ ئەم جۆرە دژایەتیانە دابنرێت.
دەستەی ناوچە کوردستانییەکان داوا دەکات دەستور و یاسا نوێکان ببنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان چونکە پەلامار و ھەڕەشەی چەکداری ناتوانن ھاووڵاتیان کورد لەو ناوچانە بێدەنگ بکەن.
دووپاتیشیدەکاتەوە، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستور بنەمای چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەکانەو داوا لە سەرۆکایەتی کۆمارو وەزیر و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغداد دەکات توانا دەستورییەکانیان بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە بخەنەگەڕ و ھەوڵی زیاتر بدەن بۆ نەەَشتنی ئەو جۆرە یاساشکێنییە.