لە رۆژی جەژندا شەڕو پێکدادان لە نێوان عەرەبە ھاوردەکانی گوندی پەلکانەی سەر بە ناحیەی سەگەڕان و دانیشتوانی گوندەکە دروستبوو، ھێزەکانی سوپای عێراقیش گەیشتنە ناوچەکە و کۆنتڕۆڵی رەوشەکەیان کرد، لە ئێستاشدا سوپای عێراق و پۆلیس لەنێو گوندەکەدان.

فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە سنوری پەلکانە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای پەیوەندییەکانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و فشارەکان، ئەو عەرەبانەی لە ناوچە و شارەکانی دیکەوە ھاتبوونە پەلکانە بۆ ھاوکاریکردنی عەرەبە ھاوردەکان گوندەکەیان چۆڵکرد.

وتیشی جوڵە بە ھێزی پێشمەرگە نەکراوە بەرەو پەلکانە، ھێزەکانی پێشمەرگە ئامادەن بۆ ھەر ئەگەرێک لە ناوچەکەروبدات.

فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەڵێت، فەرماندەکانی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق لە پەیوەندیدان، سوپای عێراقیش بەڵینی داوە رێگر بێت لە سەرھەڵدانەوەی شەڕ.