لیژنەی دارایی بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجە میوانداری چەند وەزارەتێک دەکات
ڕێبوار
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٣
مستەفا کەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان بە پێی خشتەیەک سەرەتا میوانداری وەزارەتەکانی دارایی، نەوت، بەرگری و کارەبا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی خەرجییەکانیان لە بودجەدا، لەبەرئەوەی ئەو وەزارەتانە زۆرترین خەرجییان ھەیە بەراورد بە وەزارەتەکانی تر.
وتیشی، گفتوگۆی ورد دەکرێت بۆ زانینی خەرجی راستەقینەیان و ئەگەری کەمکردنەوەو گواستنەوەی پارە لە نێوان ئەو وەزارەتانەدا.
سەبارەت بە کورتھێنانیش کە ٦٤ ترلیۆن دینارە لە کۆی ١٩٩ ترلیۆن دیناری بودجە، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی رایگەیاند، دوای رێککەوتن لەگەڵ سەرۆکوەزیران میوانداری وەزیرانی دارایی و پلاندانان دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بژاردەکانی کەمکردنەوەی کورتھێنان و کەمکردنەوەی خەرجیی دەروازە ناپێویستەکان.
وتیشی، بەرزکردنەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت کەلە بودجەدا بە ٧٠ دۆلار دیاریکراوە، ئەگەرێکی دوورە و ناکرێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت بەھۆی مەترسیی گۆڕانکارییەکان لە بازاڕی نەوت.