مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردییدا پەیامێکی بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
٢١ی نیسانی ٢٠٢٣
دەقی پیرۆزباییەکە ....
لە یادی سەدو بیست وپێنج ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردییدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان دەکەین.
لە سۆنگەی بڕوابوونمان بەپرەنسیپی نەگۆڕی ( نان و ئازادی) و پشتیوانییە بەردەوامەکانی کەلتوری ئازادیخوازی سەرۆک مام جەلال بۆ سەربەستی راگەیاندن و ئازادی رۆژنامەنووسان، هەمیشە پشتگیریی لە مافەکانی رۆژنامەنووسانی هەقبێژ دەکەین و پشتیوانی بۆ ئەو رۆژنامەنووسانە رادەگەیەنین کە لەسەر رادەربڕین و وشە و هەواڵی راستبێژیی، پانتایی ئازادی و مافی رەخنەگرتنیان لێ بەرتەسک دەکرێتەوە و لە رێی داتاشینی کەیسی پڕ لە بوختانەوە دەخرێنە زیندانەکانەوە. داوای دەستبەچێ ئازادکردنیان دەکەین بەتایبەتی کە ئەم کەیسە داتاشراوانە لای ناوەندە جیهانییەکان و دونیای ئازادیخواز وێنەیەکی ناشیرین بۆ هەرێمەکەمان دروست دەکات وەکو ئێستا بەداخەوە دروستی کردووە.
هەر لەم بۆنەیەدا بۆ گشت رۆژنامەنووسانی کوردستانی تەئکید دەکەینەوە ئێمە بە هەموو جۆرێک دژی ئەو جۆرە سیاسەتی خنکاندنەین کە ئێستا لە ناوچەیەکەی دیاریکراو وەک ترس و تۆقاندن دژ بە دەنگ راستی و ناڕازییەکان لە ئیدارەدانی هەرێمەکەمان دەکرێت.
درود بۆ گیانی ئەو رۆژنامەنووسانەی لەپێناوی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری و راستیدا گیانیان بەخشی
سڵاو لەو رۆژنامەنووسانەی کۆڵ نادەن لە گەیاندنی راستییەکان وەکو خۆی.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان