راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی، دەنگۆکان لەبارەی راگرتنی مووچەی توێژێکی دیاریکراو لە سلێمانی رەتدەکاتەوەو دەڵێت، ئەوەی سەیرە بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکانی ھەرێم، پێچەوانەی سەرجەم رێکارە ئیداری و یاساییەکان فەرمانیکردووە بە راگرتنی  موچەی خانەنشینانی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەولێر ، بۆیە داوا دەکەن لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، بە فەرمانی وەزارەتی دارایی بۆ موچەی مانگی ( ٢ و ٣) لەگەڵ بودجەی سیادی داوای ١٨١ ملیار دینار لە ئیدارەی سلێمانی کراوە، ئەوە لەکاتێکدا لەماوەی رابردودا بە چەندین یاداشت وەزارەتیان ئاگادار کردوەتەوە لە  دۆخی داھاتی دارایی ئیدارەی سلێمانی لەتوانایدا نیە بڕی داواکراو دابین بکات بۆ موچە پێش جەژنی رەزامەنی پیرۆز، بەڵام بەھەند وەرنەگیرا

دووپاتیشیدەکاتەوە، لە سەرەتای دروستبونی گرفتەکە نوسراوی رەسمیان ناردوە بۆ وەزیر و سەرجەم لایەنی پەیوەندیدار کە موچەی تێکۆشەرانی خانەنشینی ئەیلول و گوڵان بەھیچ شێوەیەک نەوەستاوە وە تاکو ئێستا دابەش دەکرێت وەک لە خشتەی رەسمی بڵاوکراوەی وەزارەتی دارایی و ئابوری دیاری کراوە. لەئێستاشدا ئامادەیی تەواویان ھەیە بەبونی سیولەی پێویست لە بانکەکانی سنورەکە تا درەنگانی شەو و لەرۆژانی جەژنی رەزمەزانی پیرۆزیش موچە دابەش بکرێت و ھیچ جیاکاریەک لەھیچ شەریحەیەک نەکراوە.