بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی: مووچەی پێشمەرگەی ئەیلوول رانەگیراوە
هیوا
٢٠ی نیسانی ٢٠٢٣
ماکەوان جەمیل بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو ھەواڵانە دوورن لەراستییەوە کە باس لەوەدەکەن فەرمان بە بانکەکان کراوە بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگەی ئەیلوول رابگیرێت، جەختیشدەکاتەوە کە بانکەکان ھیچ کاتێک جیاوازی لە نێوان خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگەی ھیچ حزبێکدا ناکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا مووچەی خانەنشینان بۆ بانکەکان نەنێردراوە تا جیاوازی لە نێوانیاندا بکرێت، تەنانەت بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانیش مووچەیان وەرنەگرووە، بۆیە لەئێستادا پلەبەندییان بۆ کردوون و ئەمڕۆ مووچەی کرێکارانی شارەوانی دابەش دەکەن.
بەگوێرەی خشتەی دابەشکردنی مووچە ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازی مووچەی مانگی ئازار وەردەگرن، بەڵام لە ھەولێر و دھۆک مووچەی خانەنشینی پێشمەرگەکانی یەکێتی راگیراوە و ھێزە ئەمنییەکانیش رێگەیان نەداوە خانەنشینانی یەکێتی بچنە بەردەم بانکەکان.