جوتیار عادل: لە شەش مانگدا پێنج تریلیۆن دینار بۆ مووچە تەرخانکراوە
کوردسات نیوز
١ی ئابی ٢٠٢٢
د.جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەت مانگانە پێویستی بە زیاتر لە ٩٠٠ ملیار دینار ھەیە بۆ تەرخانکردنی مووچەی مووچەخۆران و لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، حکومەتی ھەرێم بڕی پێنج تریلیۆن دیناری بۆ دابینکردنی مووچە تەرخان کردووە، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری ناردووە، لە کاتێکدا بەپێی رێکەوتنی نێوان ھەولێر و بەغداد پێویست بوو مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بنێرێت.
وتیشی، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە داھاتی نەوت پێشتر مانگانە ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی مووچە خەرج دەکرد، بەڵام بە ھۆی ئەو چاکسازییانەی کە لە کەرتی وزە بە گشتی کراوە، ئێستا مانگانە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت.
رایشیگەیاند، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە زیاتر لە ١٣٦ ملیۆن لیتر گازوایلی بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخان کردووە کە بەھاکەی زیاترە لە ١١٦ ملیار دینار بووە.
وتەبێژی حکومەیتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری گرێبەستەکانی کۆکردنەوە و چارەسەری خاشاک، ژمارەی گرێبەستەکانی لە ٢٨ گرێبەست زیاد کردووە بۆ ٣٢ گرێبەست و خەرجی مانگانەی ئەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیشیان لەگەڵ کراوە، لە ١١،٨ ملیار دینار کەم کراوەتەوە بۆ ٩،٦ ملیار دینار.
دەقی راگەیەندراوەکە...
د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگترین کاروچالاکییەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی خستەڕوو و ئاماژەش بەوە دەکات حکومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت لە پێشکەش کردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:
ھاووڵاتییانی خۆشەویست.
ھەولێر، ھەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە شەش مانگی رابردوو، چەندین پرۆژەی گرنگی ئەنجام داوە، لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئاماژە بە گرنگترینیان بکەین.
لە بواری مووچە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە ٩٠٠ ملیار دینار ھەیە بۆ تەرخانکردنی مووچەی مووچەخۆران.
لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، حکومەتی ھەرێم بڕی ٥ تریلیۆن دیناری بۆ دابینکردنی مووچە تەرخان کردووە، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری ناردووە، لە کاتێکدا بەپێی رێکەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا پێویست بوو مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بنێرێت.
حکومەتی ھەرێم لە داھاتی نەوتیش پێشتر مانگانە ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی مووچە خەرج دەکرد، بەڵام بە ھۆی ئەو چاکسازییانەی کە لە کەرتی وزە بە گشتی کراوە، ئێستا مانگانە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
لە چوارچێوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە زیاتر لە ١٣٦ ملیۆن لیتر گازوایلی بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخان کردووە کە بەھاکەی زیاترە لە ١١٦ ملیار دینار بووە.
خۆڵ و خاشاک
کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری گرێبەستەکانی کۆکردنەوە و چارەسەری خاشاک، ژمارەی گرێبەستەکانی لە ٢٨ گرێبەست زیاد کردووە بۆ ٣٢ گرێبەست و خەرجی مانگانەی ئەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیشیان لەگەڵ کراوە، لە ١١،٨ ملیار دینار کەم کراوەتەوە بۆ ٩،٦ ملیار دینار.
لە ھەرێمی کوردستان، مانگانە ٢٠٠ ھەزار تۆن خۆڵ و خاشاک کۆ دەکرێتەوە و لە ٦ مانگی رابردوو ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزار تۆن کۆ کراوەتەوە و چارەسەر کراوە.
ئاوی خواردنەوە لە ساڵی ٢٠٢٢
لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ١٩ ھەزار ھاوبەشی ئاو لە شارەکان ھەیە کە پێوەری ئاو بۆ ٧١٩ ھەزاریان بەستراوە.
حکومەتی ھەرێم لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، رۆژانە(٢،٦) ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتیان دابین دەکات، بەمەش لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە ٤٧٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ ھاووڵاتییان دابین کراوە کە تێکڕای خەرجییەکەشی نزیکەی ٨ ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا ئەو پارەیەی لە ھاووڵاتیان وەردەگیرێتەوە، کەمترە لە نیوەی خەرجی دابینکردنی ئاوەکە کە ئەمەش ئەرکی حکومەتە لە بەرامبەر ھاووڵاتیانی خۆشەویست.
وەزارەتی تەندروستی
لە سێکتەری تەندرووستیی کە یەکێکە لە سێکتەرە گرنگەکان، گرنگییەکی تایبەت بە بواری تەندروستیی گشتی و کەرتی تەندروستی دراوە، لەو چوارچێوەیەشدا مانگانە ٢٣ ملیار و ٤٥٠ ملیۆن دینار بۆ ئەو سێکتەرە خەرج کراوە.
لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی، بڕی ١٣ ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دینار و لە بواری دابینکردنی خۆراکیش بۆ نەخۆشخانەکان مانگانە بڕی ٤ ملیار و ٨٩٢ ملیۆن دینار خەرج کراوە. بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی بەکاربردن لە ناوەندە تەندروستییەکان، زیاتر لە ٤ ملیار دینار دابین کراوە.
وەبەرھێنان
حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پێشکەش کردنی پرۆژەکان بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییان و بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری و لە سێکتەری وەبەرھێنان کە سێکتەرێکی دیکەی حکومەتی ھەرێمە کە گرنگییەکی تایبەتی ھەیە و لە ٦ مانگی رابردوو، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی دەستەی وەبەرھێنانەوە، ٤٤ پڕۆژەی لە سێکتەرە جیاوازەکان لەسەر ڕووبەری ٧٦٨ دۆنم ئەنجام داوە، کە سەرمایەکەیان ٦٤٨ ملیۆن و ٩٨٠ ھەزار دۆلار بووە.
سێکتەرەکانیش بە پێی ڕیزبەندی بەم شێوەیەن:
لە سێکتەری بازرگانی، ١٤ پڕۆژە بە سەرمایەی ١١٤ ملیۆن و ٣٧ ھەزار دۆلار ئەنجام دراوە.
لە سێکتەری پیشەسازی، ١٣ پڕۆژە بە سەرمایەی ١٣٦ ملیۆن و ٥٥٤ ھەزار دۆلار جێبەجێ کراوە.
لە سێکتەری پەروەردە و فێرکردن، ٦ پڕۆژە ئەنجام دراوە بە سەرمایەی ٢٦ ملیۆن و ٦٣٨ ھەزار دۆلار.
لە سێکتەری تەندروستی، ٣ پڕۆژە جێبەجێ کراوە بە سەرمایەی ١٦ ملیۆن و ٩٠٥ ھەزار دۆلار.
لە سێکتەری نیشتەجێبوون، ٣ پڕۆژە بە سەرمایەی ٣٣٨ ملیۆن و ٧٧ ھەزار دۆلار ئەنجام دراوە.
لە سێکتەری کشتوکاڵیش ٢ پڕۆژە جێبەجێ کراوە، بە سەرمایەی ٧ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار دۆلار.
لە سێکتەری گەشتیاری بە سەرمایەی ملیۆنێک و ٩٣٠ ھەزار دۆلار پڕۆژەیەک جێبەجێ کراوە.
لە سێکتەری بانکەکان پڕۆژەیەک بە سەرمایەی ٤ملیۆن و ١٠٠ ھەزار دۆلار ئەنجام دراوە.
لە سێکتەری وەرزشیش، پڕۆژەیەک بە سەرمایەی ٣ ملیۆن و ٢٩ ھەزار دۆلار ئەنجام دراوە.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
لە ٦ مانگی رابردوو، چالاکی بازرگانی لە ھەرێمەکەمان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە. ھەر لەم ماوەیەدا ٤٩٤ ھێما و مۆڵەتی بازرگانی دراوەتە کۆمپانیاکان کە داھاتەکەی ٦٠١ ملیۆن و ٨٨٤ ھەزار دینار بووە .
لەم شەش مانگەی رابردوو، ھەزار و ٦٧٥ مۆڵەتی ھاوردە و ٧٩ مۆڵەتی ھەناردەش دراوەتە کۆمپانیاکان.
پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، تەواو بووە و نزیکەی ٢٦٠ ھەزار تۆن گەنم وەرگیراوە کە شایستە داراییەکەی زیاتر بووە لە ٢٢٠ ملیار دینار و تا ئێستانزیکەی ٩٥ ملیار دینار بۆ جوتیاران خەرج کراوە.
ھاووڵاتییانی خۆشەویست، ئەوی خستمەڕوو چالاکییەکان و پرۆژەکانی حکومەت بوو لە ماوەی ٦ مانگی ساڵی ٢٠٢٢، ئێمە لەسەر بەڵێنەکانی خۆمانین تاوەکو خزمەتی زیاتر بە ئێوەی بەڕێز بگەیێنین و دڵنیاتان دەکەینەوە کە درێغی ناکەین لە پێشکەش کردنی خزمەتی زیاتر.