وەزارەتی پەروەردە لەبارەی گزیکردن لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ روونکردنەوە دەدات
کوردسات نیوز
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٢
لیژنەی باڵای ئەزمونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھاوڵاتییەک دوێنێ شەو ھەندێک قسەی کردوە لەسەر بابەتی گزیکردن و ئێمە وەک لیژنەی باڵا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیشدا ئاماژەمان پێدا کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بابەتی فرۆشتنی بلوتوپ ھەیە و خوێندکاری پێ فریو دەدرێت، بەڵام ١١١ حاڵەتی ھەوڵی گزیکردن لەکاتی تاقیکردنەوەکان تۆمارکراوە و رێکاری پێویستیان بەرامبەر گیراوەتە بەر.
دەشڵێت، ئەوەی ناوبراو ئاماژەی پێدەدات لەلایەن وەزارەت بەھەماھەنگی ھێزەکانی ئاسایش کۆنترۆڵکراوە و بەکارھێنەرانیشی کە ژمارەیان زۆر کەم بووە و لەناو تاقیکردنەوە ئەو کارەیان کردوە، ئەنجامەکەیان بە گزیی بۆ ھەژمارکراوە.
راشیگەیاند، وەزارەت ھەماھەنگی ھەبووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەسەرکەوتوویی توانیویەتی کۆنترۆڵی ئەو بابەتە بکات، لەسەر بەکارھێنانی نامەی مۆبایل بۆ گزیکردن کە لەسەرەتادا بەھۆی کەمتەرخەمی لە پشکنین لە چەند ھۆڵێکی دیاریکراوی تاقیکردنەوە مۆبایل براوەتە ژوورەوە.
رونیشکردەوە، لایەنە ئەمنییەکان ژمارەی ئەو سیمکارتانەمان داونەتێ وردەکاریی و تەنانەت فۆرمی ژمارەکەشیان بۆ ناردوینەتەوە و ئاسایش کاری پێویستی لەسەر کردوە و دۆسیەکەیان ڕەوانەی پۆلیس و پاشان دادگاش کردووە.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەوڵی گزیکردن لەناو یان لە کاتی تاقیکردنەوە ھەیە، بەڵام گرنگ کۆنترۆڵکردنی ھەوڵی گزییەکەیە، ئەمەش بەڵگەکانە بەوەی کە ئەو کەسەش ئاماژەی پێداوە کە خۆشی دەڵێت ئەوەی من باسی دەکەم لە چوارچێوەی ئەو حاڵەتەیە کە وەزارەت کۆنترۆڵی کردوە، بەڵام ئێمە ئەم رێکارە وردانەی کە کردومانە بەئەرکمان زانیوە و منەتمان لەسەر کەس نەکردوە تا باسی ھەموو ھەوڵەکان و وردەکارییەکان بکەین .
عومەر فەقێ راھێنەری بواری گەشەپێدان لە بەرنامەی دوێنێ شەوی پانۆرامای کوردسات نیوزدا باسی لە چەند حاڵەتێکی گزیکردن لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و فرۆشتنی پرسیارەکان کرد پێش تاقیکردنەوەکان.



