دەقی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان:

بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لە دۆخی سیاسیی عێراق و پێشھاتەکانی دەڕوانین، داوا لە لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان دەکەین ئەوپەڕی دان بە خۆیاندا بگرن و بۆ چارسەرکردنی کێشەکان گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەستپێ بکەن. لەم دۆخە ھەستیارەدا ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە، ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.

لە کاتێکدا ڕێز لە خواستی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی جەماوەر دەگرین، جەخت لە پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و ئاسایش و سەر و ماڵی ھاووڵاتییان و کارمەندانی دەوڵەت دەکەینەوە. گەلی عێراق شایانی ژیان و ئێستا و داھاتوویەکی باشترە و ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ھاوبەشی ھەموو ھێز و لایەنەکانە پێکەوە عێراق لەم دۆخە ھەستیار و مەترسیدارە دەرباز بکەن.

ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە بەشێک دەبێت لە چارەسەر، بۆیە لایەنە سیاسییە پەیوەندارەکانی عێراق بانگھێشت دەکەین بێن لە ھەولێری پایتەختی دووەمیان دەست بە گفتوگۆیەکی کراوەی کۆکەرەوە بکەن و لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بگەنە لێکگەیشتن و ڕێککەوتن. ھیچ کێشەیەک نییە بە گفتوگۆ چارەسەر نەکرێت.


نێچیرڤان بارزانی

 سەرۆکی ھەرێمی کوردستان