یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان ڕایگەیاند، ھێنانەوەی پۆلێکی تر لە روفاتی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانیان دەکەینە بۆنەیەک بۆ بانگەوازی کارکردن لەسەر پرسی جینۆسایدی کوردستان و کردنی بە ئەجندای ھاوبەش و لەپێشینەی ھەموو لایەکی کوردستانی و ناوەندە ئەکادیمی و مەدەنیەکان و دامەزراوە گشتیەکان.

ڕاشیگەیاند، لەڕێکەوتی ۳۱ ــ۷ــ۱۹٨۳  لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا گاردی کۆماری بەعس لەپەلامارێکدا  لە ئۆردوگاکانی قوشتەپە، بەحرکە، دیانا و ھەریر) ٨۰۰۰ ھەشت ھەزار مرۆڤی بێتاوانی جینۆسایدکرد. ھاوشێوەی شاڵاوەکانی تاوانی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجەو کۆمەڵکوژی فەیلیەکان. تاوانەکانی تری جینۆسایدو دژی مرۆڤایەتی.

ئاماژەیان بەوەکرد کە بەپێی  ئامارەکان لەساڵی ۲۰۰۳ بەدواوە  ڕوفاتی (٥٩٧)لەجینۆسایدکراوی بارزانیەکان ھێنراوەتەوە کوردستان.

وەک یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان جەخت دەکەینەوە لەسەر بەردەوامی و پەلە کردن لە ھێنانەوەی ئێسک و پروسکی قوربانیانی ترو بەدیکۆمێنتکردنی بەڵگەکانی جینۆساید.

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان داوایکرد لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی کوردستان کەیسی جینۆسایدی کوردستان بکەنە لەپێشینەی بایەخی کارکردنیان و ببێتە بنەمای گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عیراقی بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان سەبارەت بە قەرەبوی قوربانیان و دۆزینەوەو پشکنین بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ روفاتەکان بۆ ناسینەوەیان پێش ھێنانەوەیان.