ھەڤاڵ ئەبوبەکر لەکۆنفرانسێکدا لە دیبەتی ئابوری لە سلێمانی بە میدیاکانی راگەیاند، لە کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیراندا باسی ئەوەی کرد، نابێت تەنھا ھەوڵی بردنەوەی دەسەڵاتەکانیان بدەن بۆ ھەولێر، چونکە لەپێشدا وەزیرەکانی یەکێتی و گۆڕان ئەو دەسەڵاتانەی بردویانەتە ھەولێر داھاتی ئەم شارەشیان لەگەڵیدا بردووە.

رونیشیکردووەتەوە، کاتێک تۆ تۆمارکردنی ناوی بازرگانی دەبەیتەوە نەختینە لای من نامێنێت، چونکە رسوماتەکەی لە ھەولێر دەدرێت، کاتێک تۆ لە گۆشتەوە تاوەکو فاسۆلیا، گەنم، ھێلکە رەسیدەکەی دەبەیتەوە، رسوماتەکەشی دەبەیتە ھەولێر، بەدەستی خۆمان نەختینەمان نەھێشتووە و دواتریش لایەنە سیاسییەکانی ئێرە تۆمەتبار دەکەین.

پارێزگاری سلێمانی دەڵیت، دەبێت زۆر بە وردی توێژینەوە لەسەر ئەو بابەتە بکرێت، ٤٠ بواریان بۆ سەرۆکی حکومەت ژماردووە، کە بەھۆی دەسەڵاتەکانەوە ئێستا داھاتەکەی لە سلێمانی وەرناگیرێت، لە ساڵی ٢٠٢٠دا داھاتی سلێمانی ١٦ تریلیۆن دینار بووە، نۆ ترلیۆن دیناری نەختینە بووە و زیاتر لە نۆ ترلیۆن دیناری تەنھا ژمارە بووە، کەواتە سلێمانی چۆن توشی کورتھێنانی دارایی نابێت و بانکەکانی تۆ چۆن پارەیان تێدا دەبێت.