کەمال عاکیف وتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرێتی خۆسەر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ھەندێک لایەن ھەواڵێکیان بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە ئەنجامدانی دیدار و رێککەوتن لە نێوان بەڕێوەبەرێتی خۆسەر و حکومەتی سوریا، ھەندێکی تریش زیاتر لەوە رۆشتوون و باسیان لە مەرج و خاڵی ناکۆکی لە دیدارەکاندا کردووە، وتیشی، ھەموو ئەو ھەواڵ و پڕوپاگەنانەی لەوبارەوە بڵاودەکرێتەوە راست نیین و بوونی ھێزەکانی سوریاش لە منبج و کوبانێ لە چوارچێوەی رێکەوتنی ساڵی ٢٠١٩دایە.


 لە دوای ھەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لە ناوچەکانی منبج و تەلڕەفعەت لە باکوری حەلەب، ھێزەکانی سوریا لەو شوێنانەی پێشتر بە رێککەوتن لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکراتی ھەبوون، خۆیان توندوتۆڵ کردووە و چەک و  کەرەستەی سەربازی زیاتریان رەوانەی ئەو شوێنانە کرد.