ئەمریکا و تاڵیبان گفتوگۆ دەکەن بۆ کۆمەککردنی ڕەوشی مرۆیی ئەفغانستان
کوردسات نیوز
٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٢
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە گفتوکۆکاندا نوێنەرانی وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینە و کاروباری تیرۆر و ھەواڵکری ئەمریکا بەشداریان تێدا کردووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە، گفتوگۆکان بەمەبەستی تەرخانکردنی بڕی سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری پارە بلۆککراوەکانی ئەفغانستانە، کە لە بانکەکانی ئەمریکادایە، بۆ ئەوەی تەرخانبکرێت بۆ کاروباری مرۆیی و فریاگوزاری ناوخۆیی ئەفغانستان.
گفتوگۆی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا لە کاتێکدایە، ھێشتا واشنتۆن بەفەرمی دانینەنانەوە بە دەسەڵاتی بزوتنەوەکەدا، کە لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢١دا دەستیان بەسەر حوکمی ئەفغانستاندا گرتووەتەوە.
لەئێستادا ئەفغانستان ڕووبەڕووی ڕەوشێکی ئابوری و مرۆیی قورس بووەتەوە، سەرجەم پارەکانی لە دەرەوەی وڵات بلۆککراوە و بەھای دراوی وڵاتەکەش بە تەواوی ھەرەسی ھێناوە.



