ھاوکار جەلال بەرێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی لەلێدوانێکیدا رایگەیاند دەستیان بەھەڵمەتەکانیان کردووە بۆ رێنمایی کردنی ھاوڵاتی و گەشتیاران سەبارەت بەقەدەغەی ئاگرکردنەوە لەسەر سنوری دارستانەکانی گۆیژە و ئەزمڕ، وتیشی بەرێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ھەموو کۆشکەکانی ئاگادارکردۆتەوە کەبەپێی رێوشوێنەکانی پێدانی مۆڵەتەکانیان دەبێ تا کاتژمێر ١١ کراوەبن و دواتر دایبخەن. 

ھاوکار جەلال راشیگەیاند بڕیاری قەدەغەی ئاگرکردنەوە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و رێگە بەھیچ کەسێک نادەن خەڵوز و مقەڵی دابنێت و ئاگر بکاتەوە و تیمەکان بەردەوام دەبن لەچاودێری کردن، وتیشی بڕیاری قەدەغەکردنی مانەوە لەسەر سنوری گۆیژە و ئەزمڕ جێبەجێکراوە و رێگە بەھیچ کەسێک نادرێت لەسەر ئەو چیایە رۆژ بکاتەوە. 

بەرێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی داوایکرد لە ھاوڵاتیان و گەشتیاران زیاتر پابەندی ئەو بڕیارانە بن بەتایبەت لەرۆژانی پێنج شەممە و ھەینیدا و ھاوکاری تیمەکان بن و ئاگر نەکەنەوە و بزانن کەکێشانی نێرگەلە قەدەغەیە بەھۆی مەترسییەکانی بونی پشکۆ و خەڵوزی گەشاوە لەسەر دارستانەکە.

ھاوکارجەلال بەرێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد کەخۆشبەختانە ئێستا ھاوڵاتیان ھاوکارمانن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە و پەرۆشن بۆ پاراستنی دارستانەکان و ژینگە.