"مونا یاقوو"سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی ھەرێم لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاندووە، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بەڕەوشی مافی مرۆڤ و پێشێلکاری و شێوازی مامەڵەکردن و ئەو کێشانەی ڕێگرن لە پێش کاری دەستەکەیان، زیاتر لە پێنج مانگ لەمەوبەر، داوای چاوپێکەوتنی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کردووە، بەڵام تائێستا وەڵامی داواکارییەکەی نەدراوەتەوە.

راشیگەیاندووە، دامەزراوەیەک گوایە سەربەخۆیە، ناتوانێت سەرکەوتوبێت لەکارەکانیدا، پۆستە ھەستیارەکان تیایدا درابێتە کەسانێکی حیزبی خاوەن باکگراوندێکی سیاسی، ئەو جۆرە ڕاسپاردنە بەڵگەیە لەسەر خواستی دەسەڵات بۆ ئیفلیجکردنی کاری ئەو دەزگایانە و بە دیکۆرکردنی.

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ جەختی لەوەشکردووەتەوە، کارکردن لە بواری مافی مرۆڤدا کارێکی ئەخلاقییە و پەیوەستە بە ویژدانی تاکەوە، بۆیە دەبێت گرنگی بە بەرژەوەندی ھەر کەسێک بدرێت کە مافی پێشێل کرابێت، بەبێ گوێدان بە مەیلی سیاسی و ئاین و نەتەوەیی.