سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت؛ ئێران بە رەسمی بووەتە "دەوڵەتێکی شکستخواردوو و مردوو"، و جەخت دەکاتەوە هێزە سەربازییەکان و ئابوریی وڵاتەکەش بە تەواوی داڕماون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆسیال تروس بە رەوشی ناوخۆیی و سەربازیی ئێران نوسیویەتی، ئێران بە رەسمی دەوڵەتێکی شکستخواردوو و مردووە، هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییان نەماوە و دراوەکەیان بەهاکەی لەدەستداوە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، تاران توانای پێدانی موچەی سەربازەکانی نییە و رێژەی هەڵئاوسان گەیشتووەتە %300، هاوکات سەرکردایەتیی وڵاتەکە لە پاشگەردانیی تەواودایە و ناتوانن بە شێوەیەکی گونجاو نوێنەرایەتیی وڵاتەکەیان بکەن.

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە "تەنها شتێک لای ئێرانییەکان مابێت بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆیە لە ئەمریکاوە، لەگەڵ ئامادەیییان بۆ کوشتنی خۆپیشاندەرانی خۆیان کە تا ئێستا ژمارەیان 100 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و دەبێت لەسەر تاوانی جەنگ دژی مرۆڤایەتی دادگایی بکرێن."