جەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکاجەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەكی تەلەفونی لەگەڵ هاكان فیدان هاوتا توركییەكەی ئەنجامدا.

عراقچی جەختی لەسەر بەرپرسیارێتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردەوە لەبەرانبەر هێرشەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران و مەترسی بۆسەر ئاسایشی ناوچەكە.

عراقچی وتیشی، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی لوبنان لە بەرگریكردن لە سەروەری خاكەكەی دژی داگیركەران .

وەزیری دەرەوەی توركیاش، پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ ئاگربەستی نێوان ئەمریكا و ئێران دەربڕی، ئیدانەی هەوڵەكانی ئیسرائیلی بۆ ناسەقامگیركردنی ناوچەكە كرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە مەبەستی تاوتوێکردنی رەوشی رێککەوتنی ئەتۆمی، واشنتۆن و تاران لە رێگەی نێوەندگیری ئیسلام ئابادەوە نزیک بوونەتەوە لە دەسپێکردنی خولێکی تری دانوستانەکان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرایکرد، لە دوو رۆژی داهاتوودا خولێکی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە وڵاتی پاکستان بەڕێوەدەچێت، هاوکات هەڵوێستی توندی وڵاتەکەشی بەرانبەر دۆسیەی ئەتۆمی تاران دووپاتکردەوە.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "نیویۆرک پۆست" تایگەیاند، ئەگەری زۆرە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا لە پاکستان لەگەڵ لایەنی ئێرانی کۆببنەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ستایشی عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستانی کرد و وتی: "کارێکی نایاب دەکات لە رێکخستنی ئەم گفتوگۆیانەدا لەگەڵ تاران."

ترەمپ جەختی کردەوە، ئێران "بە هیچ شێوەیەک نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" و راشیگەیاند کە دژی ئەوەیە ماوەی 20 ساڵ بە ئێران بدرێت بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم.

لەلایەکی تەرەوە، سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی ئاماژەی بەوەکردووە، هێشتا کاتێکی دیاریکراو دەستنیشان نەکراوە، بەڵام وەفدە دانوستانکارەکان رۆژانی هەینی تا یەکشەممەیان وەک وادەیەکی کراوە داناوە، هاوکات باڵیۆزخانەی ئێران لە ئیسلام ئاباد ئاشکرایکردووە، پێدەچێت کۆبوونەوەکە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل سەرکەوتنی خۆی لە پەکخستنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە پاڵپشتی ئەمریکا دوپات دەکاتەوە.

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان بە هاوکاریی ئەمریکا توانیویانە پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناو ببەن و رێگری لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بکەن.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی کردەوە، لابردنی یۆرانیۆمی پێتێنراو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران، چونکە ئەو مادانە دەکرێت ببنە بنەما بۆ سەرلەنوێ کارپێکردنەوەی پڕۆژەکە.

لە یادی هۆلۆکۆستدا کاتز رایگەیاند: "ئیسرائیل ئێستا بەهێزتر و ئارامترە و هیچ مەترسییەکی لەناوچوونی لەسەر نەماوە."

ئەم لێدوانانەی کاتز لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەناو جەرگەی ململانێیەکی تونددایە و ئاماژەیەکی روونە بۆ گۆڕانی هاوسەنگییە ستراتیژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' ئاشرایکرد، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی ئەرکی گەمارۆدانی سەرجەم ئەو کەشتیانەی دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە.

سێنتکۆم رایگەیاند، زیاتر لە 10 هەزار سەرباز لە هێزەکانی دەریاوانی، مارێنز و ئاسمانی، لەگەڵ زیاتر لە 12 کەشتی جەنگیی و دەیان فڕۆکە، ئەرکی چاودێریکردن و سەپاندنی گەمارۆکە جێبەجێ دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، لە یەکەمین رۆژی ئۆپراسیۆنەکەدا هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە بەناو گەمارۆکەدا تێپەڕن، هاوکات شەش کەشتی بازرگانی پابەندی فەرمانەکانی ئەمریکا بوون و گەڕاونەتەوە بۆ ناو بەندەرە ئێرانییەکان لە دەریای عومان.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکرد، گەمارۆکە سەرجەم بەندەر و ناوچە کەناراوەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی و دەریای عومان دەگرێتەوە، بەبێ گوێدانە ناسنامە و ئاڵای کەشتییەکان.

هێزەکانی ئەمریکا جەختیان کردووەتەوە، بەردەوامن لە پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز بۆ ئەو کەشتیانەی روو لەو بەندەرە دەکەن کە سەر بە ئێران نییە یان لێیان دەگەڕێنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ درێژەدان بە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا دەربڕی بەو مەرجەی لەسەر بنەمای لۆژیك بن، رۆژنامەیەكی ئەمریكیش ئاشكرایدەكات، ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆیی تاووتوێی دەستبەرداربوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەكات.

غولامحسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لەبارەی دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران لە ئیسلام ئاباد رایگەیاند، ئەمریكا دەیویست لەسەر مێزی گفتوگۆ، ئەو دەستكەوتانە بەدەست بهێنێت كە لە جەنگدا نەیتوانیبوو بەدەستیان بهێنێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، وەفدی ئێران توانی بە سەركەوتوویی پارێزگاری لە مافەكانی بكات و نەهێڵێت ئەمریكا بگاتە ئامانجەكانی.

وتیشی، "تاران ئامادەیە بۆ درێژەدان بە دانوستان لەگەڵ واشنتۆن بەو مەرجەی دانوستانەكان لۆژیكی و واقعی بن".

سەرچاوەیەكیش بە رۆژنامەی نیویۆرك پۆستی ئەمریكی راگەیاند، ئاستەنگی پەیوەندی لە نێوان وەفدی ئێران لە ئیسلام ئاباد لەگەڵ سەركردایەتی لە تاران هۆكارێكی شكستی دانوستان بوو، وتیشی، لە ئێستادا ئێران تاووتوێی دەستبەرداربوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەكات وەك مەرجێكی ئەمریكا بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە چوارچێوەی گۆڕینی هاوکێشە سەربازییەکانی ناوچەکە، تەلئەبیب پلانی توندکردنی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران دەخاتەڕوو، هەروەها ستراتیژییەکی نوێی هاوبەش لەگەڵ واشنتۆن رەچاو دەکات.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، زنجیرەیەک لێدوانی توندی سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرانبەر ئێران و حزبوڵا راگەیاند. ناتانیاهۆ پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ دەربڕی سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا.

ناتانیاهۆ جەختی کردەوە، ئیسرائیل پاڵپشتی هەڵوێستی ترەمپ دەکات بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر تاراندا، ئاماژەی بەوەشکرد، جەنگ لەگەڵ ئێران بەردەوامە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئەوان و ئەمریکییەکان گەرەنتی کردنی ئەوەیە کە ئێران نەتوانێت یۆرانیۆم بپیتێنێت و دەبێت هەموو مادە پیتێنراوەکانی لێ وەربگیرێتەوە.

سەبارەت بە لوبنان، ناتانیاهۆ رەتیکردەوە تەنها باس لە "پێنج خاڵی سنوری" بکرێت، بەڵکو ئاشکرایکرد، پلانیان هەیە ناوچەیەکی ئەمنی "بەهێز و قوڵ" لە باشوری ئەو وڵاتە دروست بکەن.

ناتانیاهۆ راشیگەیاند، هێزەکانیان کۆنترۆڵی ئەو گوندانە دەکەن کە حزبوڵا تێیدا باڵادەست بووە و بە تەواوی تێکیان دەشکێنن.

ئەم لێدوانانەی نەتانیاهۆ هاوکاتە لەگەڵ توندتربوونی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر رێڕەوە ئاوییەکانی ناوچەکە و نیشاندەری هەماهەنگییەکی بەهێزی نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب-ە بۆ گۆڕینی هاوکێشە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئێران گەمارۆدانی دەریایی ئەمریكا بە نایاسایی ناو دەبات و بارەگای خاتەمولئەنبیاش دەڵێت ، ئاسایشی بەندەرەكانی كەنداوی فارسی و دەریای عومان ، یان بۆ هەموانە یان بۆ كەس نابێت .

لە دوای بریارەكەی ئەمریكا بۆ گەمارۆدانی دەریایی گەروی هورمز ، سوپای ئێران لە یەكەم كاردانەوەدا رایگەیاندوە ، ئەو هەنگاوە نا یاساییە و كاری چەتەكانی دەریایە .

هاوكات وتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێرانیش رایگەیاندووە ، هێزە چەكدارەكانی ئێران بەرگریكردن لە مافە یاساییەكانی وڵاتـەكە بە ئەركێكی سروشتی و یاسایی خۆیان دەبینن و بەردەوام دەبن لە پاراستنی ئاسایشی ئاوە هەرێمییەكانی ئێران

 دووپاتیشیكردوەتەوە، هەرگیز رێگە نادەن كەشتییەكانی دوژمنانیان گەروی هورمز تێبپەرێنن

 دەشڵێت ، ئاسایشی بەندەرەكانی كەنداوی فارسی و دەریای عومان یان بۆ هەموانە یان بۆ كەس  ،هاوكات گەمارۆدانی دەریایی ئەمریكاشی بە چەتەی دەریایی ناوبردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەکان ئاشکرایانکردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، تاوتوێی وەشاندنی گورزی ئاسمانی نوێ بۆ سەر ئێران دەکات، وەک پاڵپشتییەک بۆ ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە بەسەر گەرووی هورمزدا سەپاندوویەتی, ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بە تەواوی شکستیان هێنا.

رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" لە وتارێکی شیکاریدا تیشک دەخاتە سەر بڕیارە نوێیەکەی دۆناڵد ترامپ بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر گەروی هورمزدا و دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا توانیویەتی بە "زیرەکییەوە" کۆتایی بەو هەڕەشانە بهێنێت کە تاران هەمیشە وەک کارتێکی فشار بەکاریهێناون.

ترەمپ رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان رێگری لە "هەر کەشتییەک" دەکەن کە بیەوێت بچێتە ناو گەروەکە یان لێی بێتە دەرەوە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترامپ تاوتوێی دوو بژاردە دەکات؛ یەکەم، هەڵمەتێکی بۆردومانی سەرتاسەری، دووەم، گورزی سەربازیی سنوردار بۆ سەر ژێرخانی ئێران.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز هەڕەشەی لێدانی وێستگەکانی ئاو، وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی دەریا و وێستگەکانی کارەبای ئێرانی کرد و وتی: "پێم ناخۆشە بیکەم، بەڵام بائامانجگرتن و تێکشکاندنی ئەو وێستگانە زۆر ئاسانە."

دانوستانەکان لە کاتێکدا شکستیان هێنا کە ئەمریکا جەخت لە کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکاتەوە، بەڵام تاران رەتیکردووەتەوە دەستبەرداری پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ببێت، لەگەڵ راگەیاندنی دەستپێکردنی گەمارۆکە لە سەعات10ـی بەیانی بەکاتی ئەمریکا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی ٨٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیلدا دژ بە ئێران ، 278 خوێندكار كوژراون .

وەزارەتی پەروەردەی ئێران بڵاویكردەوە ، بەهۆی جەنگەوە 278خوێندكار كوژراون كە لەو ژمارەیە 161 یان كوڕ و 117یان كچن .

بەپێی ئامارێكی رێكخراوی فریاكەوتنی ئێرانیش ،  26 كەس لە كەرتی تەندروستی  كوژراون  و 118 كەسیش لەو كەرتە برینداربون.

هەرچەندە رێكخراوی فریاكەوتنی ئێران كۆی گشتی ژمارەی كوژراوانی  رانەگەیاندوە ،  بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە كە لە كۆی ژمارەی بریندارەكان ،  2 هەزار و 115 كەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترە  كە لە نێویاندا 124 یان منداڵی خوار تەمەن 5 ساڵ و 70 منداڵی ساوا هەن ، هەروەها لە نێو بریندارەكاندا 4 هەزار و 993 یان ژنن .

ئەو پارێزگایانەش كە زۆرترین برینداریان تێدایە ،  تاران و خوزستان و لورستان و ئەسفەهان و كرماشان و ئیلامن .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رادەگەیەنێت، گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاران چیتر ناتوانێت نەوت بفرۆشێت.

ترەمپ لە بنکەی ئاسمانیی "ئەندرۆز" لە ویلایەتی ماریلاند بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: مەبەستیانە گەرووی هورمز بکەنەوە، ئێران لە رەوشێکی بێهیوایی دایە و هەرگیز رێگە نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توندی ئاراستەی هاوپەیمانی ناتۆش کرد و وتی: بە ملیاران دۆلاریان بە ناتۆ داوە، بەڵام لە جەنگی ئەم دواییەی سەر ئێران لەگەڵیان نەوەستان. سەبارەت بە دانوستانیش ئەوەی خستەڕوو، بۆی گرنگ نییە تاران دەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ یاخود نا.

لە لایەکی تریشەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، کە لە ئەمڕۆ دووشەممەوە سەعات 10ـی بەیانی بەکاتی کەناراوەکانی رۆژهەڵات، گەمارۆی هاتوچۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران دەستپێدەکات.

ئاشکراشیکرد، گەمارۆکە بە یەکسانی بەسەر کەشتیی هەموو ئەو وڵاتانەدا جێبەجێ دەکرێت کە دێنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە.

سێنتکۆم راشیگەیاند، ئەو کەشتیانەی تەنها بە گەروی هورمزدا تێپەڕ دەبن و ناچنە بەندەرەکانی ئێران، رێگرییان لێ ناکرێت.

ترامپ لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ تروس ئاماژەی بەوە کرد، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا هەر کەشتییەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بپشکنن کە باجی تێپەڕبوونی بە ئێران دابێت، وتیشی: "ئێران دەیەوێت بە پرسی مینڕێژکردنی گەرووی هورمز باجگیریی جیهانی بکات، بەڵام ئێمە دەست دەکەین بە لەناوبردنی ئەو مینانە و هەر ئێرانییەک تەقەمان لێ بکات، بەتەواوی تێکی دەشکێنین."

لە کۆتاییدا ترەمپ دوپاتی کردەوە، وڵاتەکەی لە ئامادەباشی تەواودایە و هێزە سەربازییەکانیان ئەوەی لە ئێران ماوەتەوە "کۆتایی پێدەهێنن" ئەگەر بێت و تاران بە خێرایی دەست نەکات بە کردنەوەی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عراقچی رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریكا لە ئیسلام ئاباد گەیشتبوونە قۆناغێكی پێشكەوتوو، بەڵام گۆڕینی ئامانجەكان رێگری لە ئیمزاكردنی رێككەوتنناماكە كرد.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند, وڵاتەكەی بە نیازێكی باشەوە چووەتە نێو گفتوگۆكان لەگەڵ واشنتۆن بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام لە كاتی نزیكبوونەوە لە رێككەوتن رووبەڕووی كۆسپ بوونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەردوولا تەنیا چەند هەنگاوێكیان مابوو بۆ ئیمزاكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتن لە ئیسلام ئاباد، بەڵام فشار و گۆڕینی ئامانجەكان پرۆسەكەیان پەكخستووە.

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای كۆتاییهاتنی گفتوگۆیەكی 21 سەعاتی بێ ئەنجام دێت لە ئیسلام ئاباد، بەبێ ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی رەسمی لێ بكەوێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" رایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی گەروی هورمز لەو مینانەی کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە چێنراون.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە لە رێگەی دوو کەشتی جەنگیی پڕچەککراو بە موشەک و بە بەکارهێنانی "درۆنی ژێر ئاو" جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش بە ئامانجی کردنەوەی رێڕەوێکی نوێ و سەلامەت بۆ جووڵەی بازرگانیی جیهانی لە ناوچەکەدا.

ئەو راگەیەنراوە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" لە کاتێکدایە، کە سوپای پاسداران رەتیدەکاتەوە هیچ کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا گەروی هورمزی تێپەڕاندبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەکەوە تا کاتی راگەیاندنی ئاگربەست، 10 هەزار و 800 هێرشیانکردووەتەسەر ئێران و بەو هۆیەشەوە توانیویانە 4000 ناوەندی ستراتیژیی و 6800 ناوچەی سەربازیی ئەو وڵاتەیان بە ئامانج بگرن

سوپای ئیسرائیل ئاماری هێرشەکانی بۆسەر ئێران بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەدات، لەسەرەتای دەستپێكردنی جەنگەکەوە تا راگەیاندنی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل 10 هەزار و 800 هێرشیكردووەتەسەر ئەو وڵاتە.


ئاماژەی بەوەشكردووە، لە 28ی شوباتی رابردوو كە جەنگی دژی ئێران دەستیپێكرد تا راگەیاندنی ئاگربەست لە 8ی ئەم مانگە، 10 هەزار و 800 بۆردومان و هێرشی ئاسمانییان بۆسەر ئێران ئەنجامداوە.

راشیگەیاندووە، چوار هەزار ناوەندیی ستراتیژیی و شەش هەزار و 800 ناوچەی سەربازیی كراونەتە ئامانج، لە هێرشەكانیشدا زیاتر لە 18 هەزار جۆر تەقەمەنی جیاواز بەكارهێنراوە.




بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ هەردوو وەفدی دانوستانكاری ئێران و ئەمریكا گەیشتنە پاكستان و وەفدی ئێران لەلایەن قالیباف و وەفدی ئەمریكاش لەلایەن جەی دی ڤانس سەرۆكایەتی دەكرێن و دەنگۆی جیاوازیش لەبارەی ماوەی درێژکردنەوەی گفتوگۆکان دەکرێت


ئەمڕۆ وەفدی ئێران گەیشتە شاری ئیسلام ئاباد پایتەختی پاكستان و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتە سەرۆكی وەفدەیەكە و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوە، عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان سكرتێری ئەنجومەنی بەرگریی و عەبدولستار هیمەتی سەرۆكی بانكیی ناوەندیی ئێران یاوەری دەكەن.

هاوکات، وەفدەکەی ئەمریكاش لەلایەن جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەو وڵاتەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و ئەندامانی وەفدەكەش پێكهاتوون لە سیتف ویتكۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جارید كوشنەر راوێژكاری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا و براد كوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم).

لەلایەکی تریشەوە چەند سەرچاوەیەكی دیبلۆماسی پاكستان لەبارەی دانوستانەکەوە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، دانووستانەكەی تاران و واشنتۆن لە ئیسلام ئاباد چەند رۆژێك دەخایەنێت، بەڵام بەپێی میدیاكانی ئێران دانوستانەكانی پاكستان تەنها یەك رۆژ دەخایەنێت.




بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سانای تاكایچی، سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن ڕایگەیاند، وڵاتەكەی هەنگاوی كردەیی ناوە بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز و پێشبینی دەكرێت تا مانگی ئایاری داهاتوو، زیاتر لە نیوەی هاوردەی نەوتی ژاپۆن لە ڕێڕەوگەلێكی جێگرەوە دابین بكرێت كە بە ناو ئەو گەرووەدا تێنەپەڕن.

تاكایچی ئاماژەی بەوە كرد، ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەمارۆكانی سەر گەرووی هورمز، بوونەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێكی جیهانی لە دابینكردنی وزەدا، بۆ ئەم مەبەستەش تۆكیۆ پلانێكی هەمەجۆر جێبەجێ دەكات.

دەشڵێت، ژاپۆن سوود لەو بەندەرانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەردەگرێت كە ناكەونە ناو گەرووی هورمز وەك بەندەری یەنبوع لە سعودیە و فوجەیرە لە ئیمارات.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ژاپۆن و هیندستان بە دوو وڵاتی سەرەكی كڕیاری نەوت و پاڵاوتنی نەوتی خاو دادەنرێن لە جیهاندا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت ناتانیاهۆ زیان بە ئابوری ئەمریكا دەگەیەنێت چونكە ئاستەنگ  بۆ هەوڵە دیپلۆماتییەكان دروست دەكات. 

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریكا دەیەوێت زیان بە ئابورییەكەی بكەوێت ئەوا با رێگە بە ناتانیاهۆ بدات هەوڵە دیپلۆماسییەكان تێكبدات.

وتیشی، ئەمریكا  دەتوانێت رێگە بە ناتانیاهۆ بدات ئاستەنگ  بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەكان دروست بكات، بەڵام پێموایە بژاردەیەكی ژیرانە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەین بۆ هەموو ئەگەرێك.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئاگربەست هەموو ناوچەكە دەگرێتەوە بە جەنگی لوبنانیشەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123...13