فەرمانگەی تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق، ڕایگەیاند، بەراورد بە مانگەکانی ڕابردوو، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بە پێی ئەو زانیارییانەش کە لەبەردەستدان، پێدەچێت لە ڕۆژانی داھاتووشدا ژمارەی تووشبووان بە شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دابەزێت.
باس لەوەشکراوە، کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەراورد بە ڕابردوو پەیوەندی بەوە ھەیە بەشێکی زۆری ھاوڵاتیان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و چاکبوونەتەوە، کاریگەرییەکانی وەرگرتنی ڤاکسین تا ئێستا دەرنەکەوتووە، چونکە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی عێراق ڕێژەی بەکارھێنانی ڤاکسین بە شێوەیەکی گشتی، تا ئێستا کەمە.
نوێنەری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کە ژمارەیان ٢٧ وڵاتە، ڕەزامەندییان لەسەر پێشنیازێکی کۆمسیۆنی ئەوروپا نیشانداوە سەبارەت بە سووککردنی ڕێوشوێنە توندەکانی سەر ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دەکەن، بە مەرجێک گەشتیارەکانی دەرەوەی یەکێتییەکە ڤاکسینیان وەرگرتبێت، بڕیاریشە لە ڕۆژانی داھاتوودا پێشنیازەکە ببێتە بڕیار و جێبەجێ بکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داھاتوودا لیستێکی نوێ بە ناوی ئەو وڵاتانەوە دەربکرێت کە وەک قۆناغی یەکەم ڕێگە بە گەشتیارەکانیان دەدرێت سەردانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بکەن، ئەو وڵاتانەش بریتین لە ئوسترالیا، ئیسڕائیل، نیوزلەندا، ڕواندا، سەنگافور، کۆریای باشوور، تایلاند و چین.
لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتیی و وەفدێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لە چوارەمین ساڵیادی کۆچی دواییدا، سەردانی ئارامگای نەوشیروان مستەفایان کرد و تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفایان لەسەر ئارامگاکەی دانا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕاگەیاندراوێکدا، بڵاویکردەوە، بە مەبەستی لەناوبردنی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکەدا، ھێزەکانی سوریای دیموکرات ئۆپراسیۆنێکی ئەمنی فراوانیان لە ڕیفی دێرە زوور دەستپێکردووە.
باس لەوەشکراوە، لە سەرەتای ئۆپراسیۆنەکەدا دوابەدوای شەڕ و پێکدادان لەگەڵ پاشماوەکانی داعش، ژمارەیەک تیرۆریست دەستگیر کراون.
لە سەرەتای ئەمساڵدا بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ھێزەکانی سوریای دیموکرات، چەندین ئۆپراسیۆنیان لە دژی پاشماوەکانی گروپی تیرۆریستی داعش لە ڕیفی دێرەزوور و حەسەکە، ئەنجامداوە.
ئیدارەی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، لە کۆی (٤٠) بەندکراو لە گرتووخانەی گوانتانامۆ، (جۆو بایدن) بڕیاریداوە بە ئازادکردنی (٣) بەندکراویان کە بە ڕەچەڵەک پاکستانین.
یەکێک لە پارێزەری ئازادکراوەکانیش ڕایگەیاندووە، بایدن بڕیارەکەی دەرکردووە و لیژنەی باڵای کۆشکی سپیش پەسەندی دەکات، دواتر ڕێکارە یاساییەکانیان بۆ ئەنجام دەدرێت، بەڵام حکومەتی ئیسلام ئاباد ڕەتیکردووەتەوە ئەو سێ ھاوڵاتییەی وەربگرێتەوە کە لە گوانتانامۆ بە بڕیاری بایدن ئازاد کراون.
چەند سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی ئاشکرایانکرد، ڕەشنووسی ڕاگەیەنراوێک کە لەلایەن چین و تونس و نەرویژەوە ئامادەکراوە و دابەشکراوە بەسەر ھەر ١٥ ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پەسەندکردنی، لەلایەن ئەمریکاوە ڕەتکراوەتەوە.
بە وتەی دیپلۆماتکاران، لە ڕاگەیەنراوەکەدا کە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لە بارەی پشێوییەکانی ئیسرائیل و فەلەستین ئامادەکراوە تیایدا داوای ڕاگرتنی بە پەلەی شەڕ کراوە و ڕەخنەشی لە ھەردوولا گرتووە، بەڵام بەھۆی ئاماژە نەکردن بە ھێرشە مووشەکییەکانی حەماس لەلایەن ئەمریکاوە ڕەتکراوەتەوە.
ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە بە پێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەش، دەنگدان لەسەر پۆستی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێم دەکرێت.
ھاوکات لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا ھەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت و پڕۆژەیاسای ھەمواری دووەمی یاسای یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی لە ھەرێم و پڕۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ ڕۆژی جیھانی مۆزەخانەیە، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ھەولێر بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێم و پارێزگاری ھەولێر ڕێوڕەسمێک لە گوندی "بانەمان" لەسەر ڕێگەی ھەولێر-پیرمام ڕێکدەخات.
لە ماوەی ڕابردوودا ئیدارەی ئێستای کەرکوک چەند بڕیارێکی دەرکرد بۆ زیندووکردنەوەی تەعریب لە شارەکەدا، ئەو بڕیارانەش دژی دەستووری عێراقی فیدراڵن، ئەم تەوەرەش لە کۆبوونەوەکەی نێوان بۆردی پێکھاتەکانی یەکێتی و ڕێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەوڵدەدات ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە خەڵکی کەرکوک ئاگادار بکاتەوە.
بە بۆنەی ٣ھەمین ساڵیادی کۆچی دوایی "عادل موراد" ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و سەرباری بەرزڕاگرتنی بیر و یادەوەرییەکانی کۆچکردوو ڕایانگەیاند "ھەڤاڵ موڕاد تێکۆشەرێکی گەورە و دیاری یەکێتی و شۆرشی نوێ، دۆستی گیانی بە گیانی سەرۆک مام جەلال و ھەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەر و سەرکردەیەکی خاکەڕا و بە ورەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بوو، خەباتگێرێکی رەعیلی یەکەمی تێکۆشەرانی فەیلی بوو، لە ڕیزی خەباتی خوێندکاری و پیشەیی کۆتایی شەستەکان و حەفتاکاندا کارەکتەرێکی دیار بوو، پاشان لە کۆری خەباتی ھەمەلایەنەی دیبلۆماسیی ئاستی عێراقی و عەرەبی دا قاڵبووەوە و یەکێک بوو لە ئەدگارە دیارەکانی میدیایی و دیبلۆماسیی یەکێتی".
ئاماژەشیان بەوەدا، بۆ ڕاگەیاندنکارانی یەکێتی کە کۆچکردوو ماوەیەکی بەرچاو و دیار لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن بوو، ڕۆڵێکی مامۆستایانە و ڕێنوێنی گێڕاوە لە پەروەردەکردنی دەیان ڕاگەیاندنکاری یەکێتیی و پێگەیاندنیان بۆ ئەرک و بەرپرسیاریەتی میدیایی.
دەقی پەیامەکە ...
یاد و بیرەوەری ھەڤاڵ عادل موراد بەرز و پایەدار بێت
ئەمڕۆ ١٨-٥ سێ ساڵ بەسەر ئۆغری یەکجارەکی ھەڤاڵ عادل موراد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دوا سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی تێپەڕدەبێت.
ھەڤاڵ موڕاد تێکۆشەرێکی گەورە و دیاری یەکێتی و شۆرشی نوێ، دۆستی گیانی بە گیانی سەرۆک مام جەلال و ھەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەر و سەرکردەیەکی خاکەڕا و بە ورەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بوو، خەباتگێرێکی رەعیلی یەکەمی تێکۆشەرانی فەیلی بوو، لە ڕیزی خەباتی خوێندکاری و پیشەیی کۆتایی شەستەکان و حەفتاکاندا کارەکتەرێکی دیار بوو، پاشان لە کۆری خەباتی ھەمەلایەنەی دیبلۆماسیی ئاستی عێراقی و عەرەبی دا قاڵبووەوە و یەکێک بوو لە ئەدگارە دیارەکانی میدیایی و دیبلۆماسیی یەکێتی و ھەڤاڵێکی سەرڕاستی ھەڤاڵ و ڕابەرمان مام جەلال بوو.
ھەڤاڵ عادل موراد لە ڕەوتی ئەو خەباتە ھەمەلایەنەشدا، بە شانازییەوە
بۆ ئێمەی ڕاگەیاندنکارانی یەکێتی ماوەیەکی بەرچاو و دیار لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن بوو، ڕۆڵێکی مامۆستایانە و ڕێنوێنی گێڕا لە پەروەردەکردنی دەیان ڕاگەیاندنکاری یەکێتیی و پێگەیاندنیان بۆ ئەرک و بەرپرسیاریەتی میدیایی.
لەم یادەوەرییە خەمناکەدا ئێمە وەک ھەڤاڵانی لە مەکتەبی ڕاگەیاندن یادی بەخێری ھەڤاڵ عادل موراد بە سەرفرازییەوە دەگێرینەوە و شانازی بە وێستگەی بەرپرسیاریەتی و ئەرک ڕاپەڕاندنییەوە دەکەین. لەم سێیەمین ساڵڕۆژەشدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گلکۆکەی دادەنوێنین و لەگەڵ تێکۆشەران و ھەڤاڵانی یەکێتی بە ھەمان وەسفی مامی گەورە دووپاتی دەکەینەوە:
ھەڤاڵ کاک عادل ئەلوەرد، یادت بەخێر و ناوت لە ئاسمانی کوردایەتی و دیموکراسیی عێراقدا ھەمیشە درەوشاوە بێت
مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
١٨-٥-٢٠٢١
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد ڕایگەیاند، دانیشتوانی گەڕەکەکانی نزیک نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و کارمەندانی نەخۆشخانەکە داوای نۆژەنکردنەوەی ئەو نەخۆشخانە و دابینکردنی پێداویستییەکان دەکەن، چونکە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب یەکێکە لە گەورەترین نەخۆشخانەکانی بەغداد کە ژمارەیەکی زۆر نەخۆش بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ڕووی لێدەکەن.
لە کۆتاییەکانی مانگی نیسانی ئەمساڵ ئاگرێک لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب کەوتەوە، بەھۆیەوە ٨٠ کەس گیانیان لە دەستدا و زیاتر لە ١٠٠ کەسی تریش بریندار بوون، تاوەکو ئێستاش ئەو بەشە سوتاوەی نەخۆشخانەکە نۆژەن نەکراوەتەوە.
ھێڵی فڕۆکەوانی عێراقی بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو ٣٠٨ ھاوڵاتی عێراقی لە ھیندستانەوە گەڕێنرانەوە، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە ھیندستان گیریانخواردبوو.
ھاوکات "فەلاح عەبدولحسێن" باڵیۆزی عێراق لە ھیندستان ڕایگەیاند، حکومەتی ھیندستان ڕێگە نادات ئەو عێراقییانەی بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە، بگەرێنرێنەوە بۆ عێراق و ھەر لە ھیندستان بە خاک دەسپێردرێن.
ڕاشیگەیاند، ئامارێکی وردیان لە بەردەست نیە، کە چەند عێراقی لە ھیندستان گیریانخواردووە و چەندیان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەڵام ژمارەی گیان لە دەستدان لە شەش کەس زیاترە.
ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" بڵاویکردەوە، لە سەرەتاکانی ئەم مانگە کۆنگرێس لە ڕێککەوتنی فرۆشتنی چەک بە ئیسڕائیل ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام دیموکراتییەکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نیگەرانن لەو ڕێککەوتنە و دەڵێن، جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە بە بێ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان "ئیسڕائیل و فەلەستین" تەنھا شەڕ و ئاڵۆزی زیاتری لێدەکەوێتەوە.
ڕاگەیاندنی ئەو ڕێککەوتنە لە کاتێکدایە کە ئیدارەکەی ئەمریکا داوای ئاگربەستی لە نێوان "حەماس و ئیسڕائیل" کردووە لە ھەمان کاتدا ڕایگەیاندووە کە ئیسڕائیل مافی خۆیەتی بەرگری بکات لە دژی ئەو مووشەکانەی لە کەرتی "غەززە"ەوە ئاڕاستەی دەکرێن.
لای خۆشیەوە، "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆکی تورکیا لەسەر ئەو ڕێککەوتنە وتی، "بایدن" لەو شەڕەدا بە دەستی خوێناوی مێژوو دەنوسێتەوە وەک چۆن پشتگیری لە جینۆسایدی ئەرمەنەکان کرد.
بۆ ٩ھەمین ڕۆژ لەسەر یەک فڕۆکەکانی ئیسڕائیل لە بۆردوومانکردنی کەرتی "غەززە" بەردەوامن و بەیانی ئەمڕۆ ٥٠ ھێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی خۆرھەڵات و باکوری شارەکە.
سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو ٦٢ فڕۆکەی جەنگی بە ١١٠ مووشەک ٦٥ ئامانجییان لە کەرتی غەززە بۆردومانکردووە، لە بەرامبەریشدا گروپە چەکدارەکان لە کەرتی غەززەوە ٩٠ مووشەکیان ئاڕاستەی شارەکانی ئیسڕائیل کرد.
لە پێشھاتێکی تریشدا سوپای ئیسڕائیل چەند ھاوەنی ئاڕاستەی بەرزاییەکانی شارۆچکەی "کەفرشوبا" لە لوبنان کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە "لوبنان"ەوە مووشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل کرا، ھاوکات بینای نزیک ئاژانسی "ئونروا" بۆ پەنابەرانی فەلەستینی کراوەتە ئامانج، بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختیش بینایەکی لە گەڕەکی "رمال" لە "غەززە" کردە ئامانج و زەنگی ئاگادار کردنەوەش بۆ چۆڵکردنی تاوەرێکی تر لە ناوچەکە لێدرا.
بە پێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، ٢١٢ فەلەستینی کوژراون کە ٦١ منداڵ و ٣٦ ژن لە نێویاندا ھەیە و ١٤٠٠ کەسی تریش برینداربوون.
پێشانگەکە ماوەی سێ ڕۆژە بە بەشداری ٦٢ وڵات و زیاتر لە ھەزار کۆمپانیا کراوەتەوە و تاوەکو ٢٠ی ئایار بەردەوام دەبێت.
وەفدەکەی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمیش پێکھاتوون لە سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان و چوار بەڕێوەبەر لە دیوانی دەستەکەیان، لەگەڵ ژمارەیەک خاوەن بنکەی گەشتیاری کەرتی تایبەت لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک.

بەشیر حەداد لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەڕای کێشە و ناکۆکییەکان ئەنجومەنی نوێنەران لە ٣١ی ئادارەوە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی پەسەندکرد، کە یەکێکە لە یاسا گرنگەکان و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە ھەیە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نیگەرانی خۆشی پیشانداوە لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی یاسای بودجە بەھۆی ڕێوشوێنە ڕۆتینییەکانی حکومەت، ئەوەش بووەتە زیادکردنی نەھامەتییەکانی ھاوڵاتیان.
داواشی لە حکومەتی فیدراڵ کردووە پەلە بکات لە ناردنی بەشە بودجەی پارێزگاکان تاکو بتوانن پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان جێبەجێبکەن و پاڵنەرێک بێت بۆ خێراکردنی پڕۆسەی بونیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکان.