سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی ئالۆزییەکانەوە، چوار ھەزار و ٧٠ موشەک لە کەرتی غەززەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستەکراوە و ٦١٠یان لەناو غەززە کەوتونەتە خوارەوە، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، رێژەی سەرکەوتنی سیستمی بەرگری کڵاوەی ئاسنین گەیشتووەتە لە سەدا ٩٠.
لەلایەکی تریشەوە ھایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ھاوتا ئیسرائیلییەکەی رایگەیاند، پشتگیری ئەو ھەوڵە نێودەوڵەتییانە دەکەن کە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە ھەیە.
ھەروەھا پشتگیری وڵاتەکەشی بۆ ئیسرائیل دوپاتکردەوە و رایگەیاند، حەماس بە بێ جیاکاری موشەک دەھاوێژێت.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە لە تویتێکدا داوا لە ھاوڵاتیانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەکات پیشتوانیان بکەن بۆ بنیادنانی داھاتویەکی گەشتر.
مەزڵوم کۆبانێ ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، گفتوگۆکردنیان لەگەڵ ھاوڵاتیان ئەوەی سەلماندوە کە لە رێگە راستەکەدان، ھەموو ھەوڵێکیش دەدەن بۆ دابینکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و پەروەردە و تەندروستی.
جەختیشیکردووەتەوە لە بەدیھێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
مەراسیمەکە بۆ ٣٢ ژن بەڕێوەچوو تێیدا خەڵاتی رێزلێنانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتیان پیشکەشکرا.
ئاشتی عەبدوڵا نوێنەری جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەمەراسیمەکەدا رایگەیاند، ئەو ژنانە جێگەی شانازی ئێمەن و پێویستە زیاتر گرنگی بەم جۆرە ژنانە بدەین، چونکە بەبێ ماندووبوون کاردەکەن و خزمەتی سلێمانی دەکەن.
لای خۆشیەوە ئەندازیار سالار حسامەدین بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی لەمەراسیمەکەدا ڕایگەیاند، ئەم ژنانە کە لێرە کاردەکەن بۆ ئەوەی سلێمانی رووناک کەنەوە و خزمەتی شاری سلێمانی دەکەن.
وتیشی، دروستکردنی ئەم وەرشەیە زۆر پێویست بوو بۆ شاری سلێمانی ئەم ژنانەش لەم وەرشەیە کاردەکەن ئەوان ھۆکارن بۆ ئەوەی کارەبای سلێمانی بەشێوەیەکی باش بدرێت بەھاووڵاتیان.
بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەشێکی ئەو ژنانە ماوەیەکی زۆرە لەم وەرشەیەدا کاردەکەن بۆیە پێویستە ڕێزیان لێ بگیرێت و سوپاسی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد کە لە خەمی ئەو ژنانەدا بووە کە لێرە کاردەکەن.
تیمی راگەیاندنی سەر بە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، بەکارھێنانی دوو جۆری جیاوازی ڤاکسینی کۆرۆنا لەلایەن ھاوڵاتیان دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە و روبەڕوی چەندین نیشانەی مەترسیدار دەبنەوە.
وتیشی، لە ئێستادا تەنھا ڤاکسینی فایزەر و ئەسترازینیکا و سینۆفارم لە عێراقدا بەکاردەھێنرێت و دەبێت ھاوڵاتیش یەک جۆری ڤاکسین وەربگرێت.
تیمی راگەیاندنی سەر بە وەزارەتی تەندروستی عێراق ھۆشداریشیدا لە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەو پێیەی لەماوەی رابردوودا بەچەندین جۆر خۆی گۆڕیوە، کە دیارترینیان ڤایرۆسی کۆرۆنای ھندیە.
رونیشیکردەوە، عێراق ھێشتا لەقۆناغی مەترسیدایە و ئەگەری زۆرە لە رۆژانی داھاتوودا، حاڵەتەکانی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاد بکات.
سەرچاوەیەک لە لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دەوڵەت توانای دابینکردنی کارەبای بۆ سێ مانگی وەرزی ھاوین ھەیە، بەڵام بەھۆی گەندەڵیی و دەستوەردانی سیاسیی، قەیرانی کارەبا تا ئێستا لە عێراقدا، چارەسەر نەکراوە.
باسی لەوەشکرد، لە کاتێکدا عێراق کارەبا لە زۆربەی وڵاتانی دراوسێ ھاوردە دەکات، بەڵام تا ئێستا قەیرانەکە بە تەواوی چارەسەر نەکراوە، بەتایبەتی لە وەرزی ھاویندا.
بەپێویستیشی زانی کێشە و قەیرانی کارەبا لە ئەنجومەنی نوێنەران تاووتوێ بکرێت و پرسەکە لە داھاتوویەکی نزیکدا چارەسەر بکرێت.
دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق رایگەیاند، داواکاری کردنەوەی چوار دەروازەی نوێی نێودەوڵەتی رەوانەی دەستەکەیان کراوە، لە پارێزگاکانی بەسرە و سلێمانی و موسەنا و واست، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی دەروازە سنورییەکان داوای پێکھێنانی لیژنەیەکیان کردوە.
عەمید سالار عەبدوڵا نوێنەری حکومەتی ھەرێم بۆ کاروباری دەروازە سنورییەکان لە بەغداد بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆتایی مانگی نیسانی رابردوو چوار داواکاری بۆ کردنەوەی دەروازەی نوێی سنوری پێشکەش بە دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق کراوە.
سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەی نوێی سنوریی لە پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، داوای کردنەوەی دەروازەی سازان کراوە لە سنوری پارێزگای ھەڵەبجە، بەڵام حکومەتی عێراق رەزامەند نییە بە کردنەوەی ھیچ دەروازەیەکی نوێ لە سنوری ھەرێمی کوردستان، تا بڕیاری ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠١٩ جێبەجێ نەکات، کە بەپێی بڕیارەکە دەبێت دەروازە سنورییەکان ببەسترێنەوە بە دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق، تا ئەو بڕیارەش جێبەجێ نەکرێت، بڕیار لەسەر کردنەوەی دەروازە سنورییەکانی ھەرێم نادرێت.
نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، حکومەتی عێراق بە رەسمی نرخی وەرگرتنی گەنمی لە جوتیاران دیاریکردوە، بە شێوەیەک گەنمی پلە یەک بە ٦١٠ ھەزار دینار و گەنمی پلە دوو ٥٣٠ ھەزار دینار و گەنمی پلە سێ بە ٤٧٠ ھەزار دینار وەردەگیرێت، ئەوەش بەراوورد بە ساڵی رابردوو بۆ ھەر تۆنێک ٥٠ ھەزار دیناری بۆ زیادکراوە.
وتیشی، تا ئێستا وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی دیاری نەکردوە چەند تۆن گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە گەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق لە پەیوەندیدان بۆ دیاریکردنی بڕی ئەو گەنمەی وەردەگیرێت، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو بڕی ٣٩٠ ھەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی ھەرێم وەرگیراوە، بۆ ئەمساڵیش داوایانکردوە ٦٤٠ ھەزار تۆن گەنمی ھەرێم وەربگیرێت.
سەبارەت بە بەبازاڕکردنی گەنمی ناوخۆش رایگەیاند، بڕیارە ٢٠٠ ھەزار تۆن گەنم بە نرخی بازاڕ لە سایلۆی ھەولێر وەربگیرێت.
"ڕەمەزان ئەتریسی" ئەندامی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نوسراوێکی چەند لاپەڕەییان پێشکەشی ئەنجومەنی داوەری کردووە بۆ ئەوەی ماددەی ١٥٦ لەسەر ئەو سزادراوانە لابەرێت و دۆسیەکەیان ئاسایی بکرێتەوە.
سەبارەت بە ڕەوشی دەستگیرکراوەکانیش لە زیندان، "محەمەد عەبدوڵا" ئەندامی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان ڕایگەیاند، تا ئێستا ڕێگەیان بە تیمی پارێزەران و کەسوکاری دەستگیرکراوان نەداوە سەردانیان بکەن و لە ڕەوشی ناو زیندان ئاگادار بن.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٦٤٩ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١١ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٨٤٩ تووشبووی تری ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
ڕاشیگەیاند، ئەم ھاوپەیمانی و لێکتێگەیشتنە دەبێتە مایەی ئارامی و تەبایی و یەک ڕیزی کوردستانی کە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و دیموکراسی زۆر پێویستن.
ھەروەھا ئەنجومەنی سەرکردایەتی وێرای پیرۆزبایی لە سەرجەم کەسوکاری شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و ڕێکخستن و ھەڤاڵانی یەکێتی بە بۆنەی ٤٦ھەمین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی و ٤٥ ساڵەی ھەڵگیرساندنی شۆرشی نوێی گەلەکەیان بە ڕابەرایەتی سەرۆک مام جەلال، ئۆرگانەکانی ڕاسپارد بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا، یادە مەزنەکە بە جۆش و خرۆشی یەکێتیانەوە بکەنەوە و ڕاگەیاندنە جیاجیاکانی یەکێتی-یشی ڕاسپارد ئەو ئەرکە حزبی و نیشتمانیە جێبەجێ بکەن.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە کۆبوونەوەکەیدا ھەڵوەستەی جددی لە ئاستی ڕەوشی ئەمنی، سیاسی و خزمەتگوزاریی، ناوچە جێناکۆکەکان بە گشتی و کەرکوک و خانەقین بە تایبەتی کرد و پێی وابوو باشترین ڕێووشوێنی دابینکردنی ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتەکان لەو ناوچانە بە سەرخستنی ژیرانەی بەرنامەی ھەماھەنگی ھاوبەشی نێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عیراق و ھێزە ئەمنییەکان دەبێت.
لە باسی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، ئەنجومەنی سەرکردایەتی تەئکیدی کردەوە لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندکراوە و دەبێتەی مایەی دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لە بارەی بارودۆخی ئێستای عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە، سەرباری تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، لەو بارەیەوە ھەردوولا ھاوڕابوون کە پێویستە پەیوەندییەکی تەندروست و باشتر ھەبێت لە نێوانیاندا.
ھاوکات جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەبوونی حکومەتی ھەرێمی دەربڕی بۆ پابەندبوون بە یاسای بودجەی عێراق و ڕاشیگەیاند: بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغداد بکەینەوە.
سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەردوولا ھاوڕابوون کە دەبێت پڕۆسەیەکی ھەڵبژاردنی بێگەرد بەڕێوەبچێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕۆڵی خۆی ببینێت لە چاودێریکردنی پڕۆسەکەدا.
لە بارەی چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوامن لە ئەنجامدانی چاکسازی لە سێکتەرە جیاوازەکان و جەختیکردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی لەسەر ڕێچکەی دروستی چاکسازی و فراوان کردنی ئازادییەکان و بەرجەستەکردنی بەھاکانی دیموکراسی بێت.
مەزھەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی مستەفا کازمی ڕایگەیاند، بارودۆخی دارایی عێراق بە تایبەت لە ڕووی نەختینەییەوە لە باشترین دۆخدایە، کاتێک نرخی نەوتیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرزدەبێتەوە ئابوری وڵات باشتر دەبێت.
ڕاوێژکارەکەی کازمی جەختیشی کردەوە، ئابووری عێراق و مەترسی لەسەر نیە، بەڵام گەورەترین لەمپەر کە دێتە بەردەمی وادەی ھەڵبژاردنەکەی ١٠ی تشرینی یەکەم و پڕۆژە بودجەی گشتی ٢٠٢٢، چونکە نازانن ئەو ھەڵبژاردنە چۆن دەبێت و بابەتی ڕەشنوسی بودجەش کێ دەینوسێت و کەی دەنوسرێت.
دڵنیایشیدا، کە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشین و چاودێری کۆمەڵایەتی عێراق تا سەرەتای ٢٠٢٢ مسۆگەرە و بڕی نەختینەیی پێویست لەبەردەستدایە.
دامەزراوەی تایبەتی حکومەتی ڕووسیا، بۆ ھەناردەکردن و ھاوردەکردنی چەک ئاشکرایکرد، لە نێوان مانگی تشرینی یەکەم تاکو کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، یەکەمین پارچەی سیستمی بەرگری ئاسمانی "ئێس ٤٠٠"، بە ھیندستان دەفرۆشن و لە ئێستاشدا تیمە تەکنیکییەکانی ھیندستان، لە ڕووسیا سەرقاڵی ڕاھێنانن لەسەر چۆنیەتی کارپێکردنی سیستمەکە.
ساڵی ٢٠١٨ ڕووسیا و ھیندستان، ڕێککەوتنێکیان بۆ فرۆشتنی پێنج پارچەی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس ٤٠٠، بە ھیندستان بە بڕی ٥.٤٣ ملیار دۆلار ئیمزا کرد و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤یش، سەرجەم پارچەکانی ئێس ٤٠٠ دەگاتە ھیندستان.
ئێس ٤٠٠، سیستمێکی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتووی ڕووسیایە، کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، ساڵی ٢٠١٩ش بەھۆی کڕینی ئەو سیستمە لە ڕووسیا، ناکۆکی گەورە لە نێوان تورکیا و ئەمریکا و ناتۆ دروستبوو.
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بارەی ڕەوشی غەززە و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسڕائیل کۆبووەوە و ڕیاز مالیکی وەزیری دەرەوەی فەڵەسین ڕایگەیاند، ئیسڕائیل بە چەکی پێشکەوتوو غەززە دەکاتە ئامانج و پێویستە ھێرشەکان ڕابگیرێن.
ھاوکات "جەلعاد ئیردان" نوێنەری ھەمیشەیی ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە کاتی بۆردومانەکانیان ھەموو ھەوڵێک دەدەن، بۆ ئەوەی مەدەنییەکانی فەڵەستین نەبنە قوربانی.
وتیشی، لە ماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردوودا بزوتنەوەی حەماس، ٤ ھەزار مووشەکی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە.
لەلایەکی ترەوە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بەردەوامە و جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسڕ، بە تەلەفۆن جەختیان لە بەردەوامی ھەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست کردەوە.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران دەڵێت، لە دانوستانە ئەتۆمییەکانی ڤییەنادا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی و ئەمریکا ڕەزامەندی پیشانداوە لەسەر لابردنی سزا سەرەکییەکانی سەر وڵاتەکەی.
وتیشی، لە ئێستادا سەرقاڵی گفتوگۆن لەسەر وردەکارییەکان و لابردنی سزاکان بە ھەنگاوێکی مەزن دادەنرێت.
ئۆکسفام بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتێکی گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە، سامانی ئەو ٩ کەسە بە ھۆی فرۆشتنی ڤاکسینەکەوە ١٩ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە کە لە ناویاندا (سیڤان بانسل)ی بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیای مۆدێرنای فەڕەنسی تێدایە کە سامانەکەی بووە بە ٤ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار.
ڕوونیشیکردووەتەوە، بە تەنھا بڕی قازانجی ئەو ٩ ملیاردێرە بەشی ڤاکسینی ٩٠٪ی سەرجەم دانیشتوانی وڵاتە ھەژارەکان دەکات.
ئۆکسفام داوای لە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی کردووە بەر بە قۆرخکاری لە بەرھەمھێنان و فرۆشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بگرێت بۆ ئەوەی ھەموو گەلانی جیھان بە ھەژار و دەوڵەمەندەوە ڤاکسینی کۆرۆنایان دەستبکەوێت.