پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، بڕیارە "زەریف" دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بگاتە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ لێپرسراوانی ھەرێم کۆدەبێتەوە.
دوێنی "زەریف" لە میانی سەردانێکی ٢ ڕۆژە بۆ "عێراق" گەیشتە "بەغداد" و چاوی بە ژمارەیەک لێپرسراوی وڵاتەکە کەوت و ڕایگەیاند، عێراق ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ناوچەکە و ھەماھەنگی باشیان ھەیە لە بوارەکانی نەوت و گاز و ھێڵی ئاسنین. وتیشی، پێویستە پەیوەندییمان لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای ڕێز و دەستوەرنەدان بێت.
پێشتریش، "سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ئاساییە.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاند: کۆمسیۆن بە نیاز نییە وادەی وەرگرتنەوەی ھاوپەیمانیەتییەکان و لیستی تایبەت بە کاندیدەکانی ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق درێژبکاتەوە.
وتیشی، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان پێشتر کاتی وەرگرتنەوەی ھاوپەیمانیەتییەکان و لیستی تایبەت بە کاندیدەکانی درێژکردبووەوە، بۆ ئەوەی دەرفەتێک بدرێت بە قەوارەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە.
سەبارەت بە نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، تا ئێستا ملیۆنێک و ٧٠٠ ھەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە.
جەختیشی لەوەکردەوە، تەنیا ئەو دەنگدەرانەی کارتی بایۆمەتریان ھەیە، دەتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردندا بکەن، بە پێی داتاکانی کۆمسیۆنیش ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن ھەیە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بابەتی بەشداریکردنی مستەفا کازمی لە ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران کە بریارە ١٠ی تشرینی یەکەمی داھاتوو بەڕێوەبچێت یەکلادەکاتەوە و دەڵێت، کازمی بەشداری ھەڵبژاردنی پێشوەخت ناکات و ھیچ یەکێک لە ئەندامانی تیمەکەی و کەسە نزیکەکانیشی لە ژێر ھیچ ناو و حزبێک بەشداری ناکەن و پشتیوانی ھیچ کەس و حزبێکیش ناکەن.
ڕوونیشیکردووەتەوە، کازمی و تیمەکەی خۆیان بەخت دەکەن بۆ خزمەتکردنی گەل لەم قۆناغە قورسەی گواستنەوە و ڕۆڵیان بریتی دەبێت لە گەیاندنی وڵات بە کەناری ئارامی و پاراستنی لە ھەر سەرکێشییەکی ئەمنی و سیاسی و ئابوری و تەندروستی و گەیاندنی بە ھەڵبژاردنێکی پاکی پێشوەختە، کە تیایدا حکومەت پارێزەری بەرژەوەندی ھەمووان بێت، نەک ڕکابەرێکی سیاسی.
ھاوکات فەخرەدین قۆجا وەزیری تەندروستی تورکیا ڕایگەیاندووە، ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی خێرا تەشەنە دەکات و داخستنی شوێنەکان بووەتە کارێکی پێویست.
لە کۆی ٨٣ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی تورکیا، تا ئێستا چوار ملیۆن کەس تووشی کۆرۆنا بوون و ٣٨ ھەزار و ٣٥٨ تووشبووش گیانیان لە دەستداوە.
"رەبی فەلاح" لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا ھندییەکە تۆمار نەکراوە، بەڵام تۆمارکردنی حاڵەتی لەو جۆرە بە دوور نازانن و گەشتکردن بۆ وڵاتە مەترسیدارەکان ھۆکاری سەرەکییە بۆ ھێنانی جۆرە مەترسیدارەکانی کۆرۆنا.
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر سەرچاوەیەکی تەندروستی لە ناوخۆی پارێزگای "زیقار" ڕایگەیاندبوو، یەکەم تووشبووی کۆرۆنای ھندی لە پارێزگاکە تۆمارکراوە، تووشبووەکە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ھندستان گەڕاوەتەوە و نیشانەکانی ئەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنای تێدا دەرکەوتووە و ڕێژەی ئۆکسجینیشی ٣٠٪ دابەزیوە، بە وتەی سەرچاوەکە، تیمێکی تەندروستی تایبەت چاودێری ڕەوشی ئەو نەخۆشە دەکەن و ھەموو بەرکەوتووانیشی کەرەنتین دەکەن.
پەیامنێری کـوردسات نیوز لە ئامێدی ڕایگەیاند، تورکیا ھێزێکی زۆری لە ناوچەی بەرواری باڵای سەر بە قەزای ئامێدی بڵاوەپێکردووە و ناو بە ناو لە گوندی کێستەی سەر بە ئامێدی شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان ڕوودەدات و ڕەوشی ناوچەکە زۆر نا ئارامە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی بەردەوامی لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان، کارەبای ٧٣ گوند لە ناوچەی بەرواری باڵا بڕاوە.
ڕۆژی دووشەممە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دادگاییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ھاوسەرۆکانی پێشووی ھەدەپە و ١٠٦ کەسی تر کە ٢٧ کەسیان ئێستا لە زیندانن بە بێ ئامادەبوونی پارێزەران لە ھۆڵی دانیشتنەکە دەستی پێکرد و دەمیرتاش و یوکسەکداغ لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە لە زیندانەوە بەشداریان کرد.
دواتر ٣ ھەزار و ٥٣٠ لاپەڕەی دۆسیەکە سەبارەت بە تێوەگلانی ھاوسەرۆکانی ھەدەپە و ١٠٦ کەس بە کورتی خوێندرایەوە و وتەی ئامادەبووان وەرگیرا.
ھەموو دانیشتنەکە بە بێ پارێزەر ئەنجامدرا و دواتر لیژنەی دادگا بڕیارەکانی ئاشکرا کرد و دانیشتنەکە بۆ سەعات ٩ و ٣٠ دەقەی ڕۆژی ٣ی ئایار دواخرا.
یەکێتی ئەوروپا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئامانجی دانوستانەکان بۆ بوژانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی ئەمریکایە بۆ ڕێککەوتنە، دەشیانەوێت گرەنتی جێبەجێکردنی تەواوەتی ڕێککەوتنەکە بکەن.
"حەسەن ڕوحانی" سەرۆکی ئێرانیش وتی، پێشکەوتن لەو دانوستانەدا ھەیە و ھەموو لایەنەکان داوای ھەڵگرتنی سزاکانی سەر "تاران" دەکەن، تا ئێستاش ئەمریکا سەبارەت بە ھەڵگرتنی سزاکان ھەڵوێستی ڕانەگەیاندووە.
ئەو دانوستانە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئێران و وڵاتانی ٤+١ بەڕێوەدەچێت، ھیچ دانوستانێکی ڕاستەوخۆش لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە خشتەی کارەکاندا نییە.
فۆن دێرلاین لە وتەیەکدا لە پەرلەمانی ئەوروپا ئاماژەی بۆ ئەو ڕووداوە پرۆتۆکۆلیە کردووە کە لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕوویداوە و ھۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە یەکەم ژنە سەرۆکایەتی کۆمسیۆنی ئەوروپا دەکات و تورکیاش ڕێز لە مافەکانی ژنان ناگرێت.
ھەروەھا نیگەرانی بەرامبەر شارل میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دەربڕیوە کە ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بووە و ھیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر ڕووداوەکە نەبووە.
ڕاشیگەیاندووە، پێویستە تورکیا ڕێز لە مافەکانی ژنان بگرێت و یەکێتی ئەوروپاش ئەو بابەتە بکات بە یەکێک لە مەرجەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ تورکیا.
"د. دارا ڕەشید" وەزیری پلاندانانی ھەرێم لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پارێزگار و جێگیری پارێزگاری ھەڵەبجە گفتوگۆیان کرد لە بارەی پڕۆژەکانی پارێزگای ھەڵەبجە کە بەشێکیان بەھۆی قەیرانی دارایی ڕاگیراون و ژمارەیەکیشیان لە بواری جێبەجێکردندان.
وەزیری پلاندانان ڕایگەیاند، بۆ ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجە بودجەی ئەو پارێزگایان لە ٢٪ کردووە بە ٣٪، ھەروەھا لە چوارچێوەی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایی بودجەی ھەرێمی کوردستان ڕەچاوی تەواوی پڕۆژە و سێکتەرەکان کراوە و بۆ ئەوەی لە داھاتوودا کاری لەسەر بکەن.
لە دیدارێکدا گفتوگۆی ورد و ھەمەلایەنە لەسەر پێویستی بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکان، ھەماھەنگی، کاری ھاوبەش و بەھێزکردنی ھاریکاری ئابووری و بازرگانی نێوان ھەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران کرا لەپێناو بەرقەراکردنی سەقامگیری سیاسی و ئاسایش لەناوچەکە.
ھاوسەرۆکان جەختیان لە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە و ئاشتی و ئاسایشی عێراق و ھەرێمی کوردستانیان بە فاکتەرێکی گرنگ زانی بۆ پاراستن و ئارامی دەوڵەتانی دراوسێ.
ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا لە بەرەوپێشچونی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و رایانگەیاند کە گەیشتن بە رێکەوتن لەو دانوستانانە دەبێتەمایەی کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی ھاوڵاتیانی ئێران کە بەھۆی گەمارۆوە زەرەرمەندبوون، ھاوکات دەبێتە مایەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بەگشتی و عێراق و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران پێزانینی خۆی نیشاندا بەرامبەر بەو رۆڵە گرنگەی یەکێتی دەیگێڕێت بەتایبەت کە لە دوای گۆڕانکاریی و ئەنجامدانی کۆنگرەی حزبەکە، پێگەی یەکێتی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە بەھێزتربووە.
ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ پەرەپێدانی پەیوندییەکان و یارمەتیدانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیوێتی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی وشکەساڵی، بڕیاری گرتنەبەری کۆمەڵێک رێوشوێنمان دا لە تەرخانکردنی بودجەی تایبەت و گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و وڵاتانی دراوسێ لەگەڵ ھەوڵدانی مسۆگەرکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ ھاوڵاتیان.
راشیگەیاندووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانم راسپارد بۆ ھەماھەنگی کردن، بەمەبەستی کەمکردنەوەی زیانەکان و پلانی حکومەتم بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دیاردەکە خستەڕوو، کە بەشێکیان بۆ ساڵانی ئایندەن لە چەشنی دروستکردنی بەنداوی بچوکی گلدانەوەی ئاو.