لە پەیامەکەدا مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەشداوە، "یەکێتی، ھاوخەبات و ھاوپەیمانێکی گرنگ و سەرەکی پارتیە، ھاوشان لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکە ڕۆڵی کاریگەری ھەبووە لە بەدیھاتن و پاراستنی دەسکەوتەکان، بۆیە ئومێدەوارین لەو قۆناغەشدا بە ھەموو لایەک ھەوڵبدەین بۆ بەرز ڕاگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان، بە گیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتیمانپەروەریەوە بە پێی پێویستی قۆناغەکە دەوری شیاوی خۆی ببینێت".
بە بۆنەی ٤٦ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد و تێیدا گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبە کردووە و ڕایگەیاند یەکێتی پێدەنێتە ساڵێکی نوێ لە خەباتی بەردەوام و خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە لە تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەت و بەشدارە لە بونیاتنانی بنچینەی عێراقێکی دیموکراتی نوێ لە پاڵ ھێزە نیشتیمانییەکانی تردا.
عەمار حەکیم ئاماژەی بەوەشدا، کە پێویستە لەم یادە پیرۆزەدا ڕۆڵی شۆڕشگێڕ و نیشتیمانپەروەری نەمر و مەزن مام جەلال تاڵەبانی بەرز ڕابگیرێت.
ڕاشیگەیاندووە، کە ڕۆژی چوارشەمە بەرواری (٢ / ٦ / ٢٠٢١) ھەڵدەستن بە چاککردنەوەی ئەو ھێڵە لەناو تونێلەکەدا، ھەر بۆ ئەو مەبەستە ھاوڵاتیان و شۆفێران ئاگادار دەکەن کە ڕۆژی (چوارشەممە) سەعات (٨)ی بەیانی تا (١٢)ی نیوەڕۆ تونێلی دەربەندیخان دادەخرێت و سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرانەی کە بە بارەوەن دەبێت لە ھەردوو دیوی تونێلەکە ڕابگیرێن تا کاتی کردنەوەی تونێلەکە، وە ئۆتۆمبێلە بچووک و بارھەڵگرە مام ناوەندەکانیش دەتوانن بەسەر شاخی بەراناندا ھاتوچۆ بکەن، و ڕێکاری پێویست و گونجاو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی مانەوە دەگیرێتە بەر بۆ ھاتوچۆکردنی شۆفێران.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ھێزێکی سیاسیی سەرەکیی کوردستان خاوەن ڕۆڵێکی دیارە لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی ئازادی و بەدیھێنانی دەسکەوتەکانی گەلی کوردستاندا، ئەمڕۆش یەکێکە لەو لایەنانەی خاوەن پێگەیەکی بەھێز و سەرەکین لە پرۆسەی سیاسی و دەسەڵاتداری لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا.
سەرۆکی ھەرێم، ڕۆڵ و ئەرک و بەرپرسیاریەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تەواوی لایەن و پێکھاتەکانی لەپێناو تەبایی و یەکڕیزی و پێکەوەیی و پاراستنی ماف و دەسکەوتەکان و ئێستا و داھاتووی گەلی کوردستاندا بە گرنگ و پێویست زانی، ھەروەھا لەم یادەدا سڵاو و دروودی بۆ گیانی خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال نارد و دووپاتی کردەوە کە بەڕێز و شکۆوە یادی دەکەینەوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی ھاوپەیمانییەکە بارەگای سەرەکی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە بڕی ٣ ملیۆن دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازی لەلایەن ھاوپەیمانانەوە پێگەیشتووە، ئەو ھاوکاریەش بە ئامانجی پشتگیریکردنی عێراقە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا.
پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گشت ئەو خەباتگێڕ و تێکۆشەرانە دەکەم کە لە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پێناو مافەکانی گەلەکەمان درێژەیان بە خەبات داوە.
ھیوادارم یەکێتیی وەک لایەنێکی سەرەکی و ھاوپەیمان لە حکومەت، بەردوام بن لە پشتیوانیکردنی کارنامەی ھاوبەشمان بۆ زیاتر خزمەتکردنی گەلەکەمان.

داواش دەکەن حکومەتی تورکیا ئەو کارە ڕابگرێت و لە ھەمان کاتدا داوا لە ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەن بە جدی بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە وەلامیان ھەبێت.

"میساق حامدی" ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح ڕایدەگەینێت، "کازمی" و بەشێک لە ھاوپەیمانەکانی ڕێگرن لە لێپرسینەوە و بانگھێشتکردنی وەزیرەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، دەشڵێت "کازمی" پشتیوانی وەزیری دارایی دەکات و ناھێڵێت لە بەردەم پەرلەمانتاران لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.
بە وتەی "حامدی"، داواکارییەکان بۆ لێپرسینەوە و میوانداریکردنی وەزیرەکان پشت گوێ دەخرێن و ھیچ وەزیرێک ناچار ناکرێت ئامادەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بن.
ئەو لێدوانەی ئەندامەکەی ھاوپەیمانی "فەتح" لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو لە دانیشتنی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، وەزیری نەوتی عێراق ئامادە بێت و لەلایەن لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنەکە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.
ناسر ھەرکی بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردسات نیوزی ڕایگەیاند، چوار ناوەندی نوێی ھەماھەنگی ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان دروستکراون، کە دەکەونە خانەقین، کەی وەن و مەخمور و کەسکێ، بەوەش ژمارەی ناوەندە ھاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بوون بە شەش ناوەند.
وتیشی، ئومێد دەکەن ناوەندی تری ھەماھەنگی دروستبکرێت، چونکە مەترسییەکانی داعش بەردەوامە.
ناسر ھەرکی ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارە دوو لیوای ھاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بکرێت، بەڵام ھێشتا بۆچوونی جیاوازیان لەسەرە، کە لە ژێر فەرمانی کێدا بن و مووچەیان لەلایەن کوێوە دابین بکرێت.
عەمار زاملی وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای زیقار ڕایگەیاند، لە شاری ناسڕیە ناوەندی پارێزگای زیقار، یەکەم دوو حاڵەتی گیان لە دەستدانیان بە کەڕووی ڕەش تۆمار کردووە. ھاوکات فەرمانگەی تەندروستیی زیقار ئاماژەی بەوەکردووە، چوار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییەکەیان تۆمار کردووە و لە ژێر چاودێری پزیشکییدان.
کەڕووی ڕەش جۆرە نەخۆشییەکە، یەکەمین حاڵەتی لە ھیندستان تۆمار کرا، نەخۆشییەکە لە نێو ئەو کەسانە دەردەکەوێت کە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکدەبنەوە، نیشانەکانیشی بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە و ئاوسانی لایەکی دەموچاو و سەرئێشە و ئازاری سنگ و تەنگەنەفەسی و ڕێژەی گیان لە دەستدان بەو نەخۆشییە دەگاتە ٥٤٪، بەڵام ئەگەر سەرەتای نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت، توانای چارەسەرکردنی ھەیە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئاوات شێخ جەناب و دکتۆر ئومێد سەباح و دکتۆر ئامانج رەحیم و خالد چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم و فارس عیسا و سەمیر ھەورامی ئامادەی بوون، ڕێوشوێن و میکانیزمی ھەماھەنگی ھاوبەش بە فەرمی واژووکرا بە مەبەستی ھەماھەنگی نێوان ھەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵیی و ھەرێم.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان کردەوە کە پێکەوە کار دەکەن و ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێک ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ھەرێمی کوردستان بکرێت، بە مەبەستی ئاسانکاری جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق لە پێناوی خەرجکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم.
شاندی ھەرێمی کوردستانیش لەسەر ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی سەرۆکی وەفدی دانوستانکار، ئامادەیی خۆی نیشاندا کە ھەموو ئاسانکاریی و ئامادەکارییەک بکات بۆ ئەوەی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن لە چوارچێوەی ئەو میکانیزمەی لەسەری ڕێککەوتوون و بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان و ئەولەویەتیش بدەن بە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی یاسای بودجەی عێراق پێی سپاردوون لە چوارچێوەی ماددەی ١١ی یاساکە کە تایبەتە بە ھەرێمی کوردستان.
"فازل غەراوی" ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق ڕایگەیاند، نەھامەتی مرۆیی ئاوارەکان بەردەوامی ھەیە و تووشی شۆکی دەروونی و کێشەی تەندروستی بوون، ژمارەیەکی زۆر منداڵیش لە خوێندن بێبەش بوون.
وتیشی، قەرەبوونەکردنەوەی ئاوارەکان و ئاوەدان نەکردنەوەی ناوچەکانیان و خراپی ڕەوشی ئابورییان گەورەترین ئاستەنگە لە بەردەم گەڕانەوەیان.
"غەراوی" داوای لە حکومەتی عێراق کرد بەرپرسیاریەتی یاسایی و مرۆیی ھەڵبگرێت و تەواوی کەمپەکانی عێراق کە ٢٦ کەمپن دابخەن و مینحەی ٥ ملیۆن دیناریش بدەنە ھەر خێزانێکی ئاوارە، ھۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر ئاوارەکان بۆ ماوەیەکی زیاتر لە کەمپەکان بمێننەوە، نەھامەتییەکانیان زیاتر دەبێت بە تایبەت بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.
لە ٤٦مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا "بافڵ تاڵەبانی" لە پەیامێکدا رایگەیاند، سەری رێز و وەفا بۆ شەھیدەکان نەوی دەکەن ، ھاوکات ھەموو لایەک بانگێشت دەکات کە لەگەڵ یەکێتی بن بۆ ئەوەی باری لاری سەرشانی کوردستان ڕاست بکەنەوە و بێ دوودڵی ھەنگاو بەرەو سەرکەوتن بنێن. راشیگەیاند، دەرگا کراوەیە بۆ ھەر دۆست و دڵسۆزێک کە بیەوێت لە رێی یەکێتییەوە خزمەتی نیشتمان بکات.
راشیگەیاند، دەیانەوێت شوێنی شیاو بە کەسی شیاو پڕبکەنەوە و ژینگەی کاری حزبی و حوکمڕانیی ئەوتۆ بڕەخسێنن کە تیایدا گەنجان و خاوەن بڕوانامە و ھەموو چین و توێژەکان بتوانن دەرفەتی پێشخستنی خۆیان و بەرەوپێشبردنی کوردستانیان بۆ بڕەخسێندرێت. بافڵ تاڵەبانی جەختیشیکردەوە، دەیانەوێت کێشە بنچینەییەکانی ئێستای ھەرێم چارەسەر بکەن و کوردستانێک بنیادبنێین کە تیایدا ماف و ئەرکەکان دادپەروەرانە و بەھاوسەنگی دابەشکرابن، ھەروەھا قۆرخی سیاسی و ئابووری نەھێڵن و حوکمڕانییەکی بەرپرسیار و پارێزەری مافی ھاوڵاتی دروستبکەن،شاڕێی گەیشتنیش بەو ئامانجانە دروستکردنی باڵانسی ھێزە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ لە نێوان گوندی حەسار و دارەمانی شاری کەرکوک، ھێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر پێنج مووشەکی جۆری" گراد"دا گرتووە، مووشەکەکان سەعات ١٠ی شەوی رابردوو بە ئاراستەی شاری ھەولێر دانرابوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، پێدەچێت پاتری تەقاندنی یەکێک لە مووشەکەکان، لە کاتی ھەوڵی تەقاندنی مووشەکەکان تەقیبێتەوە، ھەرئەوەش رێگربووە لە ھەوڵی تەقاندنەوەی.
وتیشی، ھێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی ھەڵگرتنەوەی مووشەکەکانن و رێگری لە نزیکبوونەوەی دەزگاکانی راگەیاندن، لە شوێنی رووداوەکە دەکەن.