ئێوارەی ھەینی ١٦ی تەموزی ٢٠٢١ تیمێک بە نوێنەرایەتیی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و سەنتەری میترۆ و رۆژنامەی ھاوڵاتی، سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیان کرد.
مەبەستی سەردانەکە بۆ گفتوکۆکردن بوو لە رەوشی رۆژنامەگەریی و ئازادی وتن و بڵاوکردنەوە.
قوباد تاڵەبانی دڵنیایی تەواوی دا بە نوێنەرانی سەندیکا و میترۆ و ھاوڵاتی، بە ھیچ شێوەیەک مەترسی لەسەر رەوشی ئازادیی رۆژنامەگەریی لە سلێمانی دروست نابێت وھیچ رۆژنامەنووسێکیش دووچاری لێپرسینەوە نابێت، لەسەر ئەو بنەمایەی ھەندێک کەناڵ و پەیجی دیاریکراو داخراون، کارمەندەکانیان نە نانبڕاو دەبن و نە دووچاری دەرکردن دەبن.
مەزڵوم کۆبانێ لە توێتێکدا رایگەیاند، ھەواڵی دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە عەفرین کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، گوایە بەدەستی شەڕڤانان کوژراون، بێ بنەمایە و دوورە لە راستییەوە.
مەزڵوم کۆبانێ دەڵێت، تورکیا رای گشتیی چەواشەکردووە و راستییەکانی ئاوەژوو کردووەتەوە، ئاشکراشی کردووە، ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە گۆڕی ئەو شەھیدانەی عەفرینن کە بەرگرییان لە شارەکە کردووە.
ئەمیر عەباس جەعفەری بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی قەیران لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی لە رۆژی پێنجشەممەوە دەستیپێکردووە، لافاو لە ١٧ گوندی پارێزگاکە دروستبووە و بەھۆیەوە زیان بە خانوبەرە و زەوەی جوتیاران گەیشتووە، وتیشی، ٤٥٠ ھێکتار زەوەی کشتوکاڵی و ٥٠٠ ھێکتار باخی میوەش، بەڕێژەی لەسەدا ٨٠ زیانیان پێگەیشتووە.
ھاوکات میدیای ئێران بڵاویکردووتەوە، بەھۆی بارانبارین و رەشەباوە، زەوەییە کشوکاڵییەکانی زیاتر لە پێنج گوندی سەر بە شاری بیجار لە پارێزگای سنە زیانیان پێگەیشووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە لەچەند رۆژی رابردوودا رێکخراوی کەشناسی ئێران ھۆشداری لەو شەپۆلی بارانبارینە و دروستبوونی لافاو دابوو و دوای لە ھاوڵاتیانیش کرد خۆیان لە نزیک بوونەوە لە روبارەکان بپارێزن.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، رەوشی ئەفغانستان بەرەو خراپتر دەڕوات، جگە لە تیرۆر، تەشەنەکردنی بازرگانی ماددەی ھۆشبەریش ھەڕەشەی جدییە لەسەر سەقامگیری رەوشی ئەمنی و سیاسی و ئابوری ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، گۆڕانکارییەکان لە ئەفغانستان زۆر خێران، بەشێوەیەک مەترسییەکان دەگەنە ئاستێک پێشتر وێنەی نەبووە.
داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ھەوڵەکانیان بخەنەگڕ بۆ ھێنانەدی ئاشتییەکی گشتگیر لە ئەفغانستان.
تارق حەرب پسپۆڕی یاسای دەستوری رایگەیاند، بڕیاری پاشەکشێ لە پرۆسەی ھەڵبژاردن بە تەنھا مافی کاندیدە، ئەگەر کۆمسیۆن پەسەندی بکات یاخود رەتیبکاتەوە.
دەشڵێت، بڕیارەکەی موقتەدا سەدر بۆ کشانەوە لە پرۆسەکە، پێکھاتەی شیعە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زۆرینە لە دەستدەدات.
تارق حەرب ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بە کشانەوەی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دەرکردنی زۆرینەی بڕیارەکان ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت و لە ھەندێک باریشدا دانیشتنەکان رێژەی یاسایی تەواو ناکات.
تارق حەرب دەشڵێت، کشانەوەی سەدر لە ھەڵبژاردن، بە مانای ئەوەی نایەت کە دەنگدەرانیشیان بەشداری پرۆسەکە نەکەن.
لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی وڵاتانی ناوەند و باشوری ئاسیا لە تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان، مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری درەوەی تورکیا لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان ھاوتا سعودییەکەی کۆبووەوە و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچە و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان تاوتوێ کرد، وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە تویتێکدا کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی و بەسوود وەسفکرد.
لەدوای کوژرانی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی سعودی لەناو کوسنوڵگەری وڵاتەکەی لە ئیستەنبوڵ لەساڵی ٢٠١٨، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سعودیە ئاڵۆزی تێکەوت، بەڵام نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی سعودیەی کرد و پێشبێنیش دەکرێت ئەو کۆبوونەوانە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بێت.
شنۆ رەئوف بەڕێوەبەری پرۆژەکان لە شارەوانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، دوای دووساڵ راگرتنی ژمارەیەک پرۆژە لە شاری سلێمانی لە ئێستادا دەست بە سێ پرۆژە کراوەتەوە، کە بریتین لە قیرتاوکردنی شەقامێکی کەڵن، چەند کۆڵانێک لە بەکرەجۆ و شەقامێکیش لە ناوچەی پیشەسازی و ئەو پرۆژانە تەواو دەکرێت.
وتیشی، "ئەو گەڕەکانەی لە سلێمانی تازە دروستکراون و پرۆژەیان پێ نەگەیشتووە بەپێی بودجەی بەردەست کاریان بۆ دەکرێت و پرۆژەیان پێ دەگەیەنرێت".
بەڕێوەبەری پرۆژەکان لە شارەوانی سلێمانی راشیگەیاند، بەھۆی دابەزاندنی بەھای دینار گرفتی کڕینی پێداویستییەکان بۆ کۆمپانیاکان دروستبووە، لە ئێستادا لە ھەوڵی چارەسەکردنی ئەو کێشەیەداین.
نوسینگەی ھەرێمی رێکخراوەکە رایگەیاندووە، ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لە لیبیا و ئێران و عێراق و تونس ھەڵکشاون، پێشبینیش دەکرێت حاڵەتەکان لە مەغریب و لوبنانیش روو لە بەرزبوونەوە بکەن، ھۆشداریشیدا لەوەی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکان لێکەوتەی خراپی دەبێت، بە تایبەت دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا.
تەندروستی جیھانی ھۆکاری بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانیشی بۆ کەمی رێژەی وەرگرانی ڤاکسین لەو وڵاتانەدا و پابەندنەبوونی ھاوڵاتیان بە رێکارەکانی خۆپارێزی گەڕاندەوە.
بە پێی ئامارەکانی تەندروستی جیھانیش، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە خۆرھەڵاتی دەریای ناوەڕاست، پاکستان و ئەفغانستان و سۆماڵ و جیبۆتییش لەسەر ئەو ناوچانە ئەژمار کراون، ١١ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار کەسی تێپەڕاندووە.
باشاک دەمیرتاش لە پەیامێکدا کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، ئەگەرچی ١٣ مانگ پێش ئێستا، عەبدولحەمید گول، وەزیری دادی تورکیا مژدەی بە کەسوکاری بەندکراوەکان دا بەوەی لەڕێی ئینتەرنێتەوە رێگە بە بەندکراوان دەدەن، پەیوەندی لەگەڵ کەسوکارەکانیان ئەنجامبدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزیری داد بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر گیراوانی ناو زیندانەکان، ھەفتانە دیداریان لەگەڵ کەسوکارەکانیان ئەنجامدەدا، بەڵام ئەو مافەشیان لێسەندرایەوە و لە ئێستادا تەنانەت پەیوەندی تەلەفۆنیشیان لێ قەدەغە کراوە و رێگەنادرێت لە جەژندا چاویان بە کەسوکارییان بکەوێت
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، لە شاری کەھنوج لە باشوری پارێزگای کرمان، شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و گروپێکی قاچاخچی ماددە ھۆشبەرەکان روویداوە و لە ئاکامدا سێ پۆلیس کوژراون و دووانی تریش برینداربوون و باری تەندروستیان جێگیرە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ھەر لەو شەڕەدا ئەندامێکی ئەو گروپە قاچاخچییە کوژراوە و دەستیش گیراوە بەسەر بڕێکی زۆر لە ماددە ھۆشبەرەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵام تاران داوای کاتی زیاتری کردووە تا ئەو کاتەی دەسەڵات رادەستی ئیبراھیم رەئیسی دەکرێت.
رونیشیکردووەتەوە، ھەر کاتێک رادەستکردنی دەسەڵات لەو وڵاتە کۆتایی ھات، ئەوا دەچنەوە ڤییەنا بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکان.
لەلایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی رایگەیاندووە، ئێران ئامادە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی و ئەو ھەڵوێستەشیان بەو لێپرسراوانەی ئەوروپا راگەیاندووە، کە نێوەندگیرن لە دانوستانەکە.
لە مانگی نیسانی رابردووەوە، ڤییەنا میوانداری شەش خولی دانوستانی ئەتۆمی کردووە بە چاودێری یەکێتی ئەوروپا و بەشداری ناڕاستەوخۆی ئەمریکا.
موقتەدا سەدڕ لە پەیامێکدا رایگەیاند: بایکۆتی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق دەکات و سەرجەم وەزیرەکانیشی لە حکومەتی ئێستا دەکشێنێتەوە و بەشداری حکومەتی داھاتووش ناکات.
موقتەدا سەدر ، لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، ئەوەی روو دەدات پیلانە بۆ زەلیلکردنی عێراق و دەبێت گەندەڵکاران عێراق بەجێھبلێن و نیشتیمان بۆ عێراقییەکان بێت.
ھۆشداریشی دا لە دووبارە بوونەوەی سیناریۆی سوریا و ئەفغانستان لە عێراق.
د.ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم رایگەیاند، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کتوپڕ بە رێژەی ٦% بۆ ٧% بەرزبووەتەوە و جۆری نوێی کۆرۆناش زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و گومان دەکەن لە ھەرێم بوونی ھەبێت و توانای دەستنیشان کردنیشیان ھەیە.
لە بەرامبەر توندکردنەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ بەرگرتنی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە، بە ھەزاران خۆپیشاندەر رژانە سەر شەقامەکان.
ماوەی دوو رۆژە، زیاتر لە ١٩ھەزار خۆپیشاندەر لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ناڕەزاییان لەسەر ڕێوشوێنە نوێیەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەربڕیوە، کە لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکە ئیمانوێل ماکرۆنەوە ڕاگەیەندراوە، کە یەکێک لە ڕێوشوێنەکانیش ناچارکردنی کارمەندانی تەندروستیە تاوەکو ڤاکسین وەربگرن، ھاوکات ئەو کەسانەی کە نەکوتراون رێگەیان پێنادرێت بچنە رێستورانتەکان و کافێکان ئەوەش نیگەرانییەکی زۆر لێکەوتووەتەوە.
وتیشی ئامارەکانی کۆرۆنا لە ھەرێم بەشێوەیەکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە و پێویستە ھاوڵاتیان زیاتر پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.
سەبارەت بە بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆرۆناش وەزیری تەندروستی رایگەیاند، تا ئێستا تەنھا رێژەی ٥٪ ھاوڵاتیانی ھەرێم ڤاکسینیان وەرگرتوە .
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ کازمی لەگەڵ برێت مەکگۆرگ رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و وەفدی یاوەری، ئامادەکارییەکانی دانوستانی ستراتیژی نێوان بەغداد و واشنتۆنیان تاوتوێ کرد، ھەروەھا میکانیزمی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و چوونە قۆناغێکی نوێی ھەماھەنگی ستراتیژی بۆ پاراستنی ئەمنیەت و سەروەری خاکی عێراق تاوتوێ کراوە.
ئەمە سەرباری باس کردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان و روبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی کۆرۆنا، جەختیش کراوەتەوە لەوەی ناوچەکە پێویستی بە دانوستان و ھێورکردنەوە ھەیە.