لەو بارەیەشەوە، موقەدەم عومەر ئەحمەد فەرماندەی فەوج ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو ھێزەکانی پێشمەرگە لە کاتی تێکشکاندنی پەلامارەکەی داعش تیرۆریستێکیان کوشتووە.
دەشڵێت، ئەگەر خەڵکی ئەمریکا خۆیان بکوتن و ماسک بەکاربھێنن، پێویستیان بە داخستنی گشتیی و قەدەغەی ھاتووچۆ نابێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەو پەیوەندییەدا "عەبدوڵاھیان" جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی پابەندبوونی لایەنەکان بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتیشی ئەگەر ھەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە، ئێرانیش ئەو ھەنگاوانە ڕادەگرێت کە دژی ڕێککەوتنەکەیە.
"عەبدوڵاھیان" باسی لەوەشکردووە، "تاران" شەش خولەکەی پێشووی دانوستانەکانی "ڤییەنا" پشتگوێ ناخات و لە خولی حەوتەمیشدا وەک نوێنەرانی حکومەتی نوێ دانوستانیان دەستپێکردووەتەوە.
ھاوکات "گۆتێرێس" پشتیوانی تەواوی بۆ بوژانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەربڕی و ھیوای خواست دانوستانەکانی "ڤییەنا" ئەنجامی ھەبێت، داواشی لە سەرجەم لایەنەکان کرد ھەوڵی جدی بدەن بۆ دروستکردنی متمانە.
"شەھرام محەمەد" نوێنەری دەزگای لوتکە لە ئەوروپا لە شاری کاڵاسی فەڕەنساوە ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی ڕێکاری ڕەسمی بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی قوربانییەکان گرتووەتەبەر و لەلایەن حکومەتی فەڕەنساوە جێبەجێی دەکرێن.
وتیشی، لە چەند رۆژی داھاتوودا سامپڵی "دی ئێن ئەی" کەسوکاری قوربانییەکان لە سلێمانیەوە دەگاتە فەڕەنسا و ڕادەستی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە حکومەتی فەڕەنسای دەکەن.
جیڕاڵد دارمانان وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند، پێویستیان بە ڕێککەوتنی نوێ ھەیە لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا بۆ ڕاگرتنی لێشاوی کۆچبەران و لەو بارەیەوە فەڕەنسا ئامادەی دانوستانە لەگەڵ بەریتانیا و سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا نامەیەکی ئاڕاستەی ھاوتا بەریتانیایەکەی کردووە.
ڕاشیگەیاند، پێویستە بەریتانیا سەرکێشیە ئابووریەکانی بۆ ڕاکێشانی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی سنووردار بکات.
ناوەڕاستی ھەفتەی ڕابردوو، بەلەمێکی کۆچبەران بە نزیکەی ٣٣ سەرنشینەوە لە کەناڵی ئینگلیز لە نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا ژێرئاو کەوت و نزیکەی ٣٠ کەسیان گیانیان لە دەستدا کە زۆرینەیان کورد بوون.
کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی رایگەیاند، ھاوپەیمانی کوردستان دوو کورسی زیادیکردووە و پارتیش دوو کورسی کەمی کردووە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند و بەپێی ئەنجامەکانیش پێنج کورسی لە پارێزگاکانی بەغداد و بەسرە و ھەولێر و کەرکوک و نەینەوا گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، بەپێی ئەنجامەکەش ھەردوو کاندیدی ھاوپەیمانی کوردستان "ھەرێم کەمال ئاغا" لە ھەولێر و "رۆنزی زیاد سیدۆ" لە نەینەوا سەرکەوتن و ژمارەی کورسییەکانی ھاوپەیمانی کوردستان لە ١٦ کورسییەوە بۆ ١٨ کورسی زیادی کرد.
ھەر بەپێی ئەنجامەکان، دەنگی لیست و ھاوپەیمانییەتییەکان بەم جۆرە بوون؛ رەوتی سەدر ٧٣، ھاوپەیمانی تەقەدووم ٣٧، دەوڵەتی یاسا ٣٣، پارتی ٣٠ و یەکێتی ١٨، ھاوپەیمانی فەتح ١٧ و ٤٣ کاندیدیش کە لە دەرەوەی لیست و قەوارەکان خۆیان کاندید کرد بوو سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتی لیوا عەبدوڵا کەریم بەڕێوەبەری مەشق لە وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەیەوەیەک بەڕێوەچوو، تیایدا گرنگی ئەنجام دانی مەشق و ڕاھێنان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و پابەندبوونی لیوا و یەکە سەربازییەکان بە کات و خشتەی مەشق و ڕاھێنان و جێبەجێکردنی دسپلینە سەربازییەکان تاوتوێ کران.
دواتر نوێنەری لیواکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بە وەزاەرتی پێشمەرگە بۆچوونیان لە بارەی پلانی ساڵی داھاتووی مەشق خستەڕوو، ھاوکات ئامادەییان دەربڕی بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکانی مەشق لە ساڵی ٢٠٢٢دا.
"سیروان جەلال" بەڕێوەبەری گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، پشکنینی ڕووفاتی ٤١ ئێزدی تەواو بووە و بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ لە بەغدادەوە بە فڕۆکە بھێنرێنەوە بۆ موسڵ و دواتریش دەبرێنەوە بۆ شەنگال و لە ڕێورەسمێکی شایستەدا لەسەر شێوازی ئایینی ئێزدییەکان لە گوندی کۆچۆ بە خاک دەسپێردرێن.
ڕوونیشیکردەوە، مانگی شوباتی ئەمساڵ ڕووفاتی ١٠٤ ئێزدی کە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی شەنگال دەرھێندران و دوای پشکنین ھێنرانەوە بۆ شەنگال و بە خاک سپێردران.
خوێندکارانی ناڕازی داوایانکرد بڕیاری ڕاگرتنی تاقیکردنەوەکانی خولی سێیەمی قۆناغی ٩ی بنەرەتی ھەڵبوەشێتەوە و بوار بدرێت تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن. پەروەردەی کەرکوکیش بەڵێنیدا داواکاریەکەیان بگەییەننە وەزارەتی پەروەردەی عیراق.
عەباس عومران بەڕێوەبەری ھێڵی ئاسمانی عێراق سوپاسی تیمی گەشتی ژمارە (IA223) کە فڕۆکەی جۆری (B737-800/YIASJ) لە فڕۆکەخانەی بەغدادەوە بۆ فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ ئەنجامیداوە.
ئەم فڕۆکە نەفەرھەڵگرە لە کاتی گەشتەکەیدا روبەڕووی گێژەڵوکەیەک بوەتەوە، بەڵام تاقمی فڕۆکەکە توانیویانە بە سەلامەتی سەرنشینەکان رزگار بکەن.
کاپتنی فڕۆکەکە پیاوێک بووە بە ناوی (کەمال عەباسی)، یاریدەدەرەکەشی کچە کوردێکی خەڵکی شاری سلێمانی بووە بە ناوی (وەرتێ بەکر حاجی عەلی)، کە برازای قادری حاجی عەلی و ھونەرمەند حەمە جەزایە.
بەڕێوەبەری ھێڵی فڕۆکەوانی عێراق، (کەمال عەباس)و (وەرتێ بەکر) وەکو دوو فڕۆکەوانی بەئەزموون ناودەبات کە دوای نزیکەی کاتژمێرێک و ٣٠ خولەک فڕین بە ئاسمانی شاری ئیستانبوڵدا، توانیویانە سەرنشینەکان بەسەلامەتی بگەیەننە سەر زەوی.
وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت ناوھێنانی تیمی یەکێتی لە حکومەتی ھەرێم دەرخەری ئەوەیە کە پەرلەمانتارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بێئاگا و بێتوانایە.
سەمیر ھەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بارەی لێدوانێکی ھێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی کە باسی تیمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، رایگەیاند، قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە دوورن لە ڕاستییەوە و بێئاگایی و بێتوانایی خۆی سەلماندوە.
سەمیر ھەورامی ئەوەشی راگەیاندوە، داتا و ئامارەکانیش سەلمێنەری ئەوەن کە ئەو پەرلەمانتارە ھیچ زانیارییەکی درووستی نییە و کەس لێدوانەکانی بەجددی وەرناگرێت چونکە زوو زوو پەنا دەباتە بەر موزایەدە و دووبارە سەلماندی کە ئەو پەرلەمانتارێکی فاشیلە .
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا بەکاردەھێنرێت بۆ کەسانی تەمەن سەروو ٦٠ ساڵ بەتایبەت ئەوانی بەرگری لەشیان کەمەو نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیەو لە کەرتی تەندروستیدا کاردەکەن.
راشیگەیاند، ھەر جۆرێکی ڤاکسینەکان بەکاربھێنرێت رێگەپێدراوە،لەلایەکی ترەوە، "روبا فەلاح حەسەن" ئەندامی تیمی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، ھێشتا ھیچ زانیارییەکیان نییە سەبارەت بە خێرایی و مەترسیداری "ئۆمیکرۆن" و ھێشتا نەگەیشتۆتە عێراق بەڵام ئەگەری بڵاوبوونەوەی ھەیە و مەترسییەکە بۆ سەر ھەمووان، وتیشی زۆرینەی ئەو ڤاکسینانەی ھەیە لەسەر جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا ئیش دەکەن و تا ئێستاش نەسەلمێندراوە کە "ئۆمیکرۆن" بەرگری بەرامبەر ڤاکسینەکان ھەیە یان نا.
"بافڵ جەلال تاڵەبانی"لە دەباشان لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی رەوشی ئەمنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و ئەو سنوورانەی بۆشایی ئەمنییان ھەیە، چەند بڕیارێکیش دران لەپێناو ئاسایش و ئارامی زیاتر و پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان و رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش.
لەکۆبوونەوەکەدا بە وردی ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئەمنی ئەو سنوورانە کرا کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، دوای گفتوگۆکردن و راگۆڕینەوە لەسەر میکانیزمەکانی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و پاراستنی ھەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێک دران لەپێناو ئاسایشی زیاتری ھەرێمی کوردستان.
"بافڵ جەلال تاڵەبانی"روونیکردەوە چەندین جار ھۆشدارییان داوە بە حکومەتی عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە مەترسی جموجۆڵەکانی پاشماوەکانی داعش و سوود وەرگرتنیان لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە، جەختی لەوەشکردەوە لەمەودوا وەک ھێزی پێشمەرگە پلان و ستراتیژی خۆیان دەبێت بۆ پاراستنی زیاتری ھەرێمی کوردستان و سەلامەتی گیانی ھێزی پێشمەرگە چونکە چۆن خەممان ئارامی و ئاسایشە پێویستە گیانی ھێزەکانی پێشمەرگە و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان لە ئاسایش و دژەتیرۆر و ھێزەکانی ناوخۆش بپارێزین، ئەوەش بە دابینکردنی پێداویستییەکانیان دەبێت.
ھاوکات فەرماندە و تەواوی ھێزە ئەمنییەکانیشی راسپارد کار بەو بڕیارانە بکرێت و چاو کراوەتر بن لە بەرامبەر مەترسییەکانی تیرۆریستان سڵ نەکەوە، بە توانا سەربازی و ئەمنییەکانیان ئارامی و ژیانی خەڵک بپارێزن.