عەبدولحسێن عەنبەکی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عیراق و سەرۆکی لیژنەی باڵای چاکسازی لە باج ئاماژەی بەوەدا، رەشنووسی یاسایەکیان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای باج لە عیراق ئامادەکردووە و تێیدا، دادپەروەرانە باج لەسەر ئەو کەسانە سەپێندراوە، کە داھاتیان زۆرە و لێخۆشبوونیش کراوە لە باجی سەر ئەو کەسانەی داھاتیان کەمە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە رەشنووسەکەدا، باج خراوەتە سەر ئەو پیشە نوێیانەی داھاتیان زۆرە و پێشتر باجیان لەسەر نەبووە، لەوانە داھاتی بلۆگەر و کەسایەتییە دیارەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە لەو رێگەیەوە داھاتێکی زۆریان بەدەستھێناوە و باجیان نەداوە.
راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراق جەختیلەوەشکردەوە، رەشنووسی یاساکە لەگەڵ ژینگەی بازرگانی عیراق دەگونجێت و و تێیدا دادپەروەری بەدەستدەھێنرێت، ھاندەریش دەبێت بۆ گەشەپێدان.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی ١٨٠ ئەندام کۆبووەوە و دەنگدانی لەسەر پرۆژەیاسایەک دواخست، کە تایبەت بوو بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی رژێمی پێشوو، بۆ گەڕانەوەی زەوییە داگیرکراوەکانی جوتیارانی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان.
ھەر لەو بارەیەوە، موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ ھادی عامری سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور ئەنجامدا و تێیدا، تاوتوێی دوایین ھەنگاو و کارەکانی لیژنەکە کرا بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور.
موحسین مەندەلاوی ئاماژەی بە گرنگی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای سەرکردایەتی رژێمی پێشوو کرد و جەختیلەوەکردەوە، گەڕاندنەوەی زەوییە داگیرکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان ھاوکار دەبێت لە بەرقەرارکردنی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای کەرکوک.
نێرگز محەمەدی لە پەیامەکەیدا کە لەزیندانی ئەوینی تاران بڵاویکردووەتەوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیھان دەکات، چالاکانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ژنان لە ئێراندا بکەن، ھەروەھا، داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات، ھەڵوێستی ھەبێت لەسەر دۆخی ژنان لە ئێراندا و کۆتایی بھێنێت بەو پێشێلکارییانەی لە دیدی رەگەز پەرستییەوە بەرامبەر ژنان دەکرێت.
نێرگز محەمەدی ئاماژەی بەوەشداوە، ئازادبوونی ژنان ھێزی بەرەوپێشبردنی دیموکراسییە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی چالاکوانی کورد، لانیکەم ٢١ ھاوڵاتی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤی بڵاویکردەوە، مامۆستا محەممەد خزرنەژاد، تەمەن ٤٥ ساڵ و کەسایەتیی ئایینی خەڵکی بۆکان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر رەوشی بەندیخانەی ورمێ مانی لە خواردن گرتووە.
راشیگەیاندووە، مامۆستا محەممەد خزرنەژاد ماوەی ٢٢ مانگە دەستبەسەرکراوە و دۆسییەکەی رەوانەی دادگای شۆڕشی ورمێ کراوە، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر جۆری بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا بە شێوەی ئۆنلاین مانی لە خواردن گرتووە.
ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ھەولیر لەگەڵ لێپرسراو و ئەندامانی ئەنجومەنی ھەردوو کۆمیتەی "رێکخستنی پیشەوەران و کاسبکاران و بیست و دووی شەمامک" کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوانەدا کە د. مەجید حەمەد ئەمین لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سێی ھەولێر ئامادەی بوو، ئاسۆ مامەند جەختیکردەوە، لە ھەڵبژاردنی داھاتوو، رێڕەوی حوکمڕانیی راست دەکەنەوە و حکومەتێکی خزمەتگوزاری ھاوبەشی راستەقینە دەھێنینە کایەوە کە شایەنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بێت.
ئاسۆ مامەند ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەبەر رۆشنایی ھەنگاوە راست و درووستەکانی سەرۆک و سەرکردایەتی، لە ئێستادا پێگەی یەکێتی لەسەر ئاستی ناوخۆی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی ئێجگار بەھێزە و بەرەو باشتریش ھەنگاو دەنێت.
کاروان یاروەیس ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی دووەم بۆ ھەمواری پرۆژەیاساکانی باری کەسێتی و پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی کراوە.
وتیشی، دەنگدان بەو پڕۆژەیاسایانە پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکانە کە بڕیارە لە دانیشتنەکانی داھاتوودا بخرێتە بەرنامەی کار بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت.
کاروان یاروەیس ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەھۆی دواخستنی بڕگەی تایبەت بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێشووی بەعس، بۆ گەڕاندنەوەی خاوەنداێتی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنوری کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، بەشێک لە نوێنەرانی کورد بایکۆتی دانیشتنەکەیانکرد.
کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە نزیکەی دوو ھەزار و ٤٠٠ عومرەکاری کورد، لە سعودییە گیریانخواردووە و ناتوانن بە فڕۆکە بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو، ھۆکاری کێشەی ئەو عومرەکارانە، بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فڕۆکەکانی ھێڵی ئاسمانی عیراق و راگرتنی گەشتەکانی ئەو ھێڵە ئاسمانییە بۆ سعودییە دەگەڕێتەوە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی ھەرێم راشیگەیاند، لەئێستادا لەگەڵ وەزارەتی ئەوقافی عیراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ھێڵن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، لە ئەگەری بەردەستنەبوونی رێگەی ئاسمانیش، ئەو حاجییانە بە رێگەی وشکانی و بە پاس دەگەڕێنرێنەوە.
بەپێی دوایین ریزبەندنی دامەزراوەی " ئەی دی سایسنفیک ئیندێکس" بۆ ساڵی ٢٠٢٥، دوای ھەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەی توێژەرانی زانکۆکان دەکات، ھاوشێوەی ساڵی رابردوو، زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی ھەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە، ھەروەھا لەسەر ئاستی زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی عیراق پلەی دووەمی بەدەستھێناوە.
ھاوکات پرۆفیسۆر د.کۆسار محەمەد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە پەیامێکدا سوپاسی مامۆستایان و توێژەران و خوێندکارانی زانکۆکەی کردووە و ئاماژەی بەوەدا، بەردەوام کار بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی زانکۆی سلێمانی لە ریزبەندییە جیھانییەکاندا دەکەن.