باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عیراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەدواداچوون بۆ دوایین پێشھاتە ئەمنییەکانی لوبنان و ھێرشە ئەلیکترۆنییەکەی ئیسرائیل دەکەن، کە بەھۆیەوە گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی مەدەنی لێکەوتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو روداوە و بەردەوامی ھەڕەشە و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و ھەڕەشەی دەستپێکردنی شەڕێکی فراوان بۆ سەر لوبنان، پێویستی بەدەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی ھەیە، بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی گرژییەکان، ھاوشێوەی غەززە و کەناری رۆژئاوا و باشووری لوبنان.
وتەبێژی حکومەتی عیراق ئاماژەی بەوەشدا، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، تیمی پزیشکی و فریگوزاری عیراق رەوانەی لوبنان دەکرێن بۆ ھاوکاریکردنی برینداربووانی مەدەنی روداوەکە.
بەپێی راگەیەندراوێکی ھێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم کۆبانی لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەی فورات کۆبووەتەوە و جەختکرایەوە لە ئامادەیی ھێزەکان بۆ پاراستنی ناوچەکە و دانیشتووانەکەی.
مەزڵوم کۆبانی ستایشی ئامادەکارییەکانی ئەنجومەنی سەربازیی ھەسەدەی کرد بۆ پاراستنی ناوچەکە و بەرگریکردن لە سەرجەم پێکھاتەکان، جەختیشیکردەوە لە گرنگی بەھێزکردنی توانای ناوخۆیی و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان لە تەواوی بوارەکاندا.
وتیشی، ئامادەن بۆ دانوستان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بە تورکیاشەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی، بەڵام نابێت ھێرش و دەستوەردانە سەربازیی و ئەمنییەکان بە ھەند وەرنەگیرێن.
جەختیشیکردەوە، بەردەوام دەبن لە مەشق و راھێنان بە ھێزەکانیان بۆ پشتیوانیکردنی ئەنجومەنی سەربازیی و ھێزەکانی.
مەزھەر محەمەد ساڵح بە رۆژنامەی "سەباح"ـی راگەیاند، کرێکارانی بیانی کە لە عیراق کار دەکەن تەنھا ١٥٪یان ھێز و بەھرەیان ھەیە و نزیکەی ٨٥٪یان سود بە عیراق ناگەیەنن و توانا و بەھرەکانیان سنووردارە، زۆرینەی ئەوانەشی گرێبەستەکانیان تەواو بووە بە شێوەی نایاسایی لە کارکردن بەردەوامن.
وتیشی، تێچووی ئاڵوگۆڕی ساڵانە بۆ کرێکارانی بیانی لانی کەم دوو ملیار دۆلارە، چونکە کرێکاری بیانی ھەیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کار دەکەن و مووچەکانیان زۆر بەرزە.
راوێژکارەکەی سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، کێبڕکێی دەستکەوتنی ھەلی کار لەنێوان کرێکارانی بیانی و ناوخۆیی یەکێکە لەو کێشانەی عیراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
بەپێی ئامارەکان، ژمارەی کرێکارانی بیانی لە عیراق نزیکەی یەک ملیۆن کرێکارە، ٩٥٪یان نایاسایین و ٨٥٠ ھەزاریان پسپۆڕیی و توانایان سنوردارە.

سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند، لە میدیاکانەوە چیرۆکی جیاواز دەبیستن لەسەر وادە و شوێنی کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا، بەڵام تائێستا لەسەر وادە و شوێنی کۆبوونەوەکەی نێوان ئەو دوو سەرۆکە رێکنەکەوتوون.
وتیشی، لە کاتی گونجاودا دیدارەکەی نێوان ھەردوو سەرۆکی تورکیا و سوریا رادەگەیەنن ئەگەر وردەکاری لەوبارەیەوە ھەبێت.
راشیگەیاند، ئەنقەرە پێشوازی لە ھەوڵەکانی روسیا بۆ نێوەندگیری بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا دەربڕی و جەختی لەسەر پابەندبوونی لایەنی تورکیا بە پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای نیازپاکی لەگەڵ سوریا کردەوە.