هەواڵەکانهەواڵەکان

هەسەدە رایگەیاند، بەرپەرچی دوو هێرشی گروپە چەکدارەکانیان داوەتەوە و دەیان چەکداریان کوشتووە، هەروەها دەستیان  بەسەر دوو تانک و تۆپهاوێژ و زرێپۆشدا گرتووە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' رایگەیاند، هێزەکانیان لە گوندی 'قبر ئیمو' لە رۆژهەڵاتی مەنبج رووبەڕووی هێرشێکی گروپە چەکدارەکان بوونەتەوە و تاوەکو ئەم ساتە رووبەڕووبوونەوەکان بەردەوامن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ناوچەی پردی قوزاق، ئۆتۆمبێلێکی چەکدارەکانیان تەقاندووەتەوە و بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژراون و بۆردومانێکی ئاسمانیشیان ئەنجامداوە.

ئەوەش هاتووە، لە بەنداوی تشرینیش هێزەکانی ئەنجومەنی مەنبجی سەربازی هێرشێکی گروپە چەکدارەکانیان تێکشکاند، کە بەهۆیەوە دەیان چەکدار کوژران و بریندار بوون.

هەسەدە راشیگەیاندووە، لە رووبەڕووبوونەوەکەی بەنداوی تشریندا دەستیان گرتووە بەسەر دوو تانک، تۆپهاوێژێک، زرێپۆشێک، دوو ئۆتۆمبێل کە دۆشکەیان لەسەر بووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ماوەی شەش ساڵ لە هەڵدان و خولانەوەی بە دەوری خۆردا، کەشتیParker Solar Probe گەیشتە نزیکترین خاڵ لە خۆر، کە تاوەکو گەیشتووەتە ئەو خاڵە، کەشتییەکە رووبەڕووی چەندین دۆخی سەختی ناو بۆشایی ئاسمان بووەوە.

کلیک لێرە بکە بۆ بینینی کەشتییەکە بەشێوەی سێ دووریی

ناسا رایگەیاندووە، کاتێک کەشتییەکە دەگاتە نزیکترین خاڵ لە خۆر، پلەی گەرمی پێشەوەی دەگاتە هەزار و ٣٧٠ پلەی سیلیزی، بەڵام بەشی پشتەوەی کەشتییەکە لە ٣١٥ پلەی سیلیزیدا دەمێنێتەوە.

کەشتییەکە ماوەی چوار ساڵ کار لەسەر دیزاینکردنی کراوە و ماددەی سەرەکی دروستکردنەکەی کاربۆنە، بەشێوەیەک دیزاین کراوە کە بەرگەی بەرزی پلەی گەرمای خۆر بگرێت و ئەو فۆمە کاربۆنیەی بۆی دیزاین کراوە، بەجۆرێکە، رێگە نادات گەرمی بگاتە ئامێرەکە.

کەشتی پارکەر؛ حەوت هێندە زیاتر لە خۆر نزیک بووەتەوە بەراورد بە کەشتییە ئاسمانییەکانی پێشووتر، کەلە ئێستادا نێوانی پارکەر و خۆر ٦.٢ ملیۆن کیلۆمەترە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی پەیامێکی لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، هەوڵەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرز دەنرخێنن تایبەت بەو پرسە.

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "تاوانەکانی سەدەی حکومەتی دەسەڵاتی فاشیستی بەعسی رووخاو و ستەمکاری و دڕەندەیەتی بەرانبەر بە خەڵکی سڤیلی کوردستان برینێکی ساڕێژ نەبووە، هێشتا ئاسەواری لە ناو هەموو خێزانێکی کورد ماوە و رۆژانە دەکولێتەوە و ئازەرەکانی نەوە بە دوای نەوە دەگوازێتەوە".

ئەوەش هاتووە، "‏ناوبەناو گۆڕێکی دیکە دەدۆزرێتەوە سوێدەکرێت بە جەرکی خێزان، بنەماڵەیەکی تر، ئەوەش لە ژێر ناوی ئەنفال و شاڵاوەکانی ئەنفالدا بە هەزاران ژن، منداڵ، پیر و لاو لە زێدی خۆیان لە کوردستان راگوێزران بەرەو بیابانەکانی باشوری عیراق لەوێ بێ گوێدانە هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی، بە دڕندانەترین شێوە بەزیندووی و بە بەرچاوی یەکدیەوە زیندەبەچاڵ کران".

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی نووسیویشییەتی، "‏رۆژی یەکشەممە ٢٢ی ئەم مانگە، گۆڕێکی دیکە لە بیابانەکانی سەماوە هەڵدرایەوە. دیمەنەکانی ناو گۆڕەکان ناخ هەژێنن، قوربانییەکان هەموو کوردن و لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا زیندەبەچاڵ کراون، کە هیچ مرۆڤێک لەئاست ئەم تاوانە قێزەونە ناتوانێت بێدەنگ بێت ناخی مرۆڤەکان ڕادەچڵەکێنێت، بەداخەوە پرسەی خستەوە ناو هەموو ماڵێکی خاوەن ویژدان خەندە و خۆشییەکانی رەواندەوە".

دامەزراوەکە هاوخەمی بۆ سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالی کوردستان دەرببڕێت دەشڵێت، "قەبارەی گەورەیی ئەم تاوانە هەرگیز لەیاد ناکەین، دۆزینەوەی ئەم گۆڕەش بۆ هەمووان ئازار و مەینەتییە".

لە پەیامەکەدا دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال سوپاسی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراقیش دەکات کە هەڵوێستی خۆی بە زمانی کوردی لەسەر هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە دەربڕی و داواشی لێدەکات، "قەربووی کەسوکاری ئەم تاوانە نامرۆڤانەیە بگرێتە ئەستۆ، ئەرکی یاسایی و مرۆڤی خۆی جێبەجێ بکات".

ئەوەش خراوەتە روو، ‏پێویستە تاوانی ئەنفال لەسەر ئاستی عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر بناسرێت، پێویستە حکومەتی عیراقی قەرەبووی کەسوکاری قوربانییەکان بکاتەوە هەرچی پێویستە بۆ گەڕان بەدوای گۆڕە ونبووەکانی دیکەش کاری پێویست ئەنجام بدات.

رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە، بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە سەماوە راگەیەنرا، کە چەندین ژن و منداڵ و تەنانەت ژنی دووگیانی تێدایە.

تاوانی ئەنفال:

حکومەتی بەعس بە چەندین شێواز هەوڵی تەعریبکردنی ناوچە کوردییەکانی داوە و لە سەرەتاشدا لە گوندەکانی کەرکوک و دەوروبەری دەستیپێکرد لە ساڵی ١٩٦٣، جگە لە راگواستن و بێسەروشوێنکردنی کوردانی فەیلی لە ساڵانی ٧٠ و ٨٠کاندا. دواتر ئەنفالکردنی هەشت هەزار کەس 'ئەنفالی بارزانییەکان' لە ساڵی ١٩٨٣ و بەکارهێنانی چەکی کیمایی لە چەندین ناوچە، کە دیارترینیان هەڵەبجە بوو.

ئەوە جگە لەوەی نزیکەی پێنج هەزار گوند لەنێوان ساڵآنی ٧٠ بۆ کۆتایی ٨٠کاندا خاپورکراون.

ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەی لە سەماوە دۆزراوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٨، کە لە ساڵی ١٩٨٨ و بە دواوە، حکومەتی بەعس لەژێر ناوی سورەتی "الأنفال"دا بە شەش قۆناغ تاوانی ئەنفالی دژ بە کورد ئەنجامدا، لەو پڕۆسەیەدا حکومەتی بەعس بە سەرکردایەتی عەلی حەسەن مەجید، ١٨٢ هەزار هاووڵاتی مەدەنیان زیندەبەچاڵ کرد.

لەبارەی بەکارهێنانی ناوی ئەو سورەتەی قورئان، ماڵپەڕی رەسمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا نووسیویەتی، "ناوی ئەو سوورەتە بۆ ئەو پرۆسەیە لەلایەن حزبی بەعسەوە بە هەڵە بەکارهاتووە".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادگای ئیداری عیراق سكاڵاكەی پارتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی پارێزگای كەركوك رەتكردەوە

ئەمڕۆ دادگای ئیداری كەركوك لەسەر سكاڵاكانی پارتی و بەشێكی بەرەی توركمانی و راكان جبوری، كە لەسەر پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك تۆماریان كردبوو، كۆبوەوە.

دادگای ئیداری بەغداد سكاڵاكەی پارتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی پارێزگای كەركوك رەتكردە، هەروەها دوو سكاڵاكەی تری دواخست بۆ ٢٢ی مانگی داهاتوو.

لەلایەكی ترەوە، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عیراق سەبارەت بە سكاڵای جوتیارانی سەرگەڕان لەسەر دەستبەسەراگرتنی زەوییەكانیان كۆدەبێتەوە، كە بە پێی بڕیارێكی رژێمی پێشووی بەعس لە سنوری سەرگەڕان ٤٤ هەزار دۆنم و لە سنوری داقوق ٣٨ هەزار دۆنمی زەوی جوتیارانی كورد و توركمان دەستی بەسەردا گیراوە.

866.png


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ یەکەمجار ئیسرائیل بە رەسمی دانی بە کوشتنی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماسدا نا و وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، "چیمان بەسەر ئیسماعیل هەنیە و یەحیا سینوار و حەسەن نەسروڵادا هێنا لە تاران و غەززە و لوبنان، هەمان شت لە یەمەن دووبارە دەکەینەوە".

یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە راگەیانراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "بەهێزەوە لە حوسیەکان دەدەین، ژێرخانی ستراتیژیی و لوتکەی سەرکردەکانیان بە ئامانج دەگرین، چیمان بەسەر ئیسماعیل هەنیە و و یەحیا سینوار و حەسەن نەسروڵادا هێنا لە تاران و غەززە و لوبنان، هەمان شت حەدیدە و سەنعای یەمەن ئەنجام دەدەینەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەمانەوێت نامەیەکی روون بگەیەنینە حوسیەکان، شکستمان بە حەماس هێنا، شکستمان بە حزبوڵا هێنا، سیستمی بەرگری ئێرانمان کوێر کردووە و زیانمان بە بەرهەمهێنانی تاران گەیاندووە، هەر ئێمە بووین رژێمی ئەسەدمان لە سوریا تێکشکاند و گورزی کوشندەمان لە بەرەکانی جەنگ دا، بۆیە بە هەمان شێوە حوسیەکان لە یەمەن دەکەینە ئامانج، کە لەئێستادا کۆتا رێکخراون ئیسرائیل بە ئامانج دەگرن".

دەشڵێت، "ئەوەی دەست لە ئیسرائیل بەرز بکاتەوە، دەستی دەبڕین و دەستی درێژی سوپای ئیسرائیل لێی دەدات و لێپرسینەوەی لێدەکات".

ئەو راگەیەنراوەی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لەکاتێکدایە، کە هەفتەی رابردوو، چەند موشەکێک لە یەمەنەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کران و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد، وەڵامدانەوەیان هەبێت و رایگەیاند، "هێزەکانمان بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی ستراتیژی حوسیەکان ئاڕاستە دەکەین".

لەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران لە رۆژی ٣١ی ٧ی ئەمساڵدا، ئەم یەکەمجارە ئیسرائیل بە فەرمی دان بەوەدا بنێت ئەوان کوشتویانە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی تەقینەوە لە کارگەیەکی تەقەمەنیدا لە تورکیا ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان سێ کەسیش بریندارن.

ئیسماعیل ئوستائۆغڵو پارێزگاری بالیکەسیر رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی تەقەمەنیدا لە پارێزگای بالیکەسیر، ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

باسی لەوەشکرد، تەقینەوەکە لە بەشی بەرهەمهێنانی کەپسولەکانی کارگەکەدا روویداوە.

وتیشی، هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە نازانن چی بووە، بەهۆی تەقینەوەکەوە جگە لە زیانی گیانی ئەو بەشەی کارگەکە داڕماوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی پۆلیس و بەرگری شارستانی دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و بەم زووانە دوایین ئاماری رووداوەکە و هۆکارەکەی لە رێگای میدیاکانەوە روون دەکەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ موچەی مانگی ١٠ی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت.

ئەمڕۆ دوای نزیکەی دوو مانگ لە دابەشکردنی موچەی مانگی ٩، مامۆستایانی گرێبەست موچەی مانگی ١٠ وەردەگرن.

ئەو موچەیەی ئەمڕۆ وەریدەگرن، دووەم موچەیە کە بەشێوەی گرێبەست بۆیان هەژمار کراوە.

ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێم نزیکەی ٣٨ هەزار مامۆستایە و لە مانگی ٨ی ئەمساڵدا بڕیاری بەگرێبەستبوونیان بۆ دەرچوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پنتاگۆن رایگەیاند، 900 سەربازی تری بۆ عیراق ناردووە و لە ئێستادا نزیكەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عیراق هەیە.

پاتریك رایدەر سكرتێری رۆژنامەوانی پنتاگۆن رایاگەیاند، لە چەند مانگی رابردوودا هێزی زیاتریان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادكردووە و لە رۆژانی رابردووشدا بۆ عیراق 900 سەربازو بۆ سوریاش بە هەمان شێوە900 سەربازیان ناردووە ، بەو شێوەیەش لەئێستادا لە عیراق دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریكی هەن .

دەشڵێت، تەنها لە هەفتەی رابردوو لە سوریا ژمارەی سەربازەكانیان بۆ دوو هێندە زیادیكردووە 
چەند دەسەڵاتدارێكی ئەمریكاش رایانگەیاندوە ،  ئەمریكا بۆ عیراق و سوریا بە یەكسانی هەمان ژمارەی سەربازی ناردووە بەهۆی مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لەو دوو وڵاتەدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێلکە یەکێکە لەو خۆراکانەی لەسەر سفرەی بەیانیانی زۆرینەی کەسەکاندایە، خواردنی هێلکە لە هەموو کاتەکاندا سودی خۆی هەیە ئەگەر زیادەڕەوی لە خواردنیدا نەکرێت.

هێلکە بەهای خۆراکی بەرزی هەیە و خواردنیشی لە بەیانیاندا چەندین سود بە جەستە دەگەیەنێت.

هێلکە لە قەبارەدا بچوکە، بەڵام بەهای خۆراکی بەرزە، کە دەکرێت ببێتە سیستمێکی خۆراکی هاوسەنگ و ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێش دابگرن دەتوانن بەیانیان بە کوڵاوی بیخۆن، هەر هێلکەیەکی قەبارە گەورە ٧٧ کالۆری تێدایە، ئەمەش وادەکات جەستە بە وزەوە بمێنێتەوە.

هێلکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی، A, B5, B12, D, E, K, B6، فسفۆڕ، کالسیۆم، زینک، پڕۆتین، چەوری تەندروست و سیلینیۆم.

هێلکە سەرچاوەیەکی باشی پڕۆتینە بۆ جەستە، هەروەها بوونی ئەو هەموو ڤیتامین و کانزایە تیایدا، پارێزگاری لە تەندروستی هەریەک لە دڵ، چاو، پێست، قژ دەکات.
زەردێنەکەی بە نزیکەیی ١٨٦ میلیگرام لە کۆلیستڕۆڵ لەخۆدەگرێت، ئەوەش بۆ هاوسەنگی راگرتنی چەوری لە خوێندا پێویستە، بەڵام نابێت زیادەڕەوی لە خواردنیدا بکرێت.

پزیشکەکان باس لەوەدەکەن، خواردنی هێلکە بە گەدەی بەتاڵ وزە و ڤیتامینی باش بە جەستە دەبەخشێت، باشترینیان ئەوەیە کە دەکوڵێنرێت، یان ئەگەر سووربکرێتەوە، ئەوا لە کەرەی تەندروستدا سوور بکرێتەوە باشترە، هەر بۆیە ئامۆژگاری دەکەن، لە بەیانیاندا بخورێت، چونکە گەدە بەتاڵە و بەدرێژایی شەو هیچ خۆراکێکی وەرنەگرتووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ لە دووەم رۆژی کرانەوەی بازاڕە داراییەکاندا، نرخی هەریەک لە نەوت و زێڕ گۆڕانکارییان بەسەرداهات. 

ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٧٢ دۆلار و ٩٧ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەمەش بەراورد بە دوێنێ نرخی نرخەکەی کەمێک دابەزیوە.

هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساس بەرانبەرە بە ٦٩ دۆلار و ٥٣ سەنت، بەمەش بەراورد بە دوێنێ تاڕادەیەک جێگیرە.

لەلایەکی دیکەوە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرانبەرە بە دوو هەزار و ٦٢٠ دۆلار، کە بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی کەمێک نزمبووەتەوە.

هەر لەبارەی زێڕەوە، یەک کیلۆگرام زێڕ بە ٨٤ هەزار و ٢٣٠ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و یەک گرام زێڕیش بە ٨٤ دۆلار و ٢٢ سەنتە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم روونكردنەوەیەكی لەسەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان بڵاوكردەوە و رایگەیاند؛ دەنگۆكانی تۆماركردن و كۆدكردنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و بڕاوە دوورە لە راستییەوە؛ داوا لە هاوڵاتییان دەكەین ئەو ئۆتۆمبێلانە نەكڕن كە مەرجەكانی سەلامەتییان تیادا نییە.

راشیگەیاند؛ تۆماركردن و كۆدكردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان پێچەوانەی یاسا و رێنمایی بەركارەكانە.

ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان...

لە هەندێ کەناڵی میدیایی و پلاتفۆرمەکانی سۆسیال میدیا دەنگۆی تۆمارکردن و کۆدکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕاوە بەرامبەر بڕێک ڕسومات بڵاو دەکرێتەوە،  هەموو ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستی.
داوا دەکەین هاووڵاتیان خۆیان دوور بگرن لە کڕینی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە کە مەرجەکانی سەلامەتیان تێدا نیە و دەنگۆی تۆمارکردن و کۆدکردنیان ناڕاستە و پێچەوانەی یاسا و ڕێنمایی بەرکارە.

ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ماکسیم رۆبین، کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەدیدارێکدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگییەکان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و سەقامگیریی ناوچەکە جەختیلێکرایەوە.

لەدرێژەی دیدارەکەدا دوایین رووداو و پێشهاتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت دۆخی سووریا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، هەردوولا گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنیان وەک بنەمای چارەسەری کێشەکان و پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانیان لەچوارچێوەی وڵاتێکی سەقامگیردا دووپاتکردەوە.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتی بۆ کۆی پرسەکان کرد و رایگەیاند، چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ سیاسەتی کارکردنی ئێمەیە، هەر هەوڵێکیش لەچوارچێوەی پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و سەقامگیریی ناوچەکە بدرێت پشتیوانیی لێدەکەین، دۆخی ئەمڕۆی سووریاش پێویستی بە لێکتێگەیشتن و هاوبەشیی راستەقینە هەیە، هیوادارین هەموولایەک بەم رۆحییەتەوە هەوڵ بۆ داهاتووی وڵاتەکە و ژیانی خەڵکەکەی بدەن.

پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو و لاوبارەیەوە سەرۆک بافڵ روونیکردەوە، گۆڕانکاریی ریشەیی لە پرۆسەی حوکمڕانی پێویستییەکی گرنگی قۆناغەکەیە و پێویستە حکومەتی داهاتوو خزمەتگوزارییەکانی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پێشکەش بکات و ئامانجەکەی بەهێزترکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بێت نەک جیاکاری و قۆرخکردنی دەسەڵات لەپێناو بەرژەوەندییە حزبییەکاندا.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدە و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریا ئەنەكەسە لە رۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر یەكڕیزی كورد لە سوریا نوێدا و گەیشتنە رێككەوتن لەسەر درێژەدان بە كۆبوونەوەكانیان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانیان.

نوسینگەی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدە و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریا ئەنەكەسە لە رۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد لە سوریای نوێدا.

ئەوەشی خستەڕو، كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی هاوپەیمانان بەڕێوەچوو و تێیدا، هەسەدە و ئەنەكەسە گەیشتنە رێككەوتن لەسەر درێژەدان بە كۆبوونەوەكانیان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانیان.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست كوردسات نیوز كەوتووە، كۆبوونەوەكە لە باكوری حەسەكە بەڕێوەچووە و سلێمان ئۆسۆ سەرۆكی ئەنەكەسە و فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنەكەسە بەشداربوون تێیدا.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی دەنگۆی تۆماركردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان رەتدەكاتەوە و دەڵێت، بڕیاری قەدەغەكردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان وەك خۆی جێبەجێدەكرێت.

لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی روونكردنەوەیەكی لەبارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكانەوە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، دەنگۆی تۆماركردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان لەبەرامبەر بڕێك پارەدا دوورە لە راستییەوە.

دەشڵێت، بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە لە میدیایەكی حزبییەوە، مەبەستی سیاسی و چەواشەكاری لە پشتەوەیە و دووپاتیدەكاتەوە، پەنابردن بۆ هەواڵی ساختە، بۆ مایەپوچبوونی سیاسی و جەماوەری دەگەڕێتەوە.

لەكۆتایشدا لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بڕیاری قەدەغەكردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان لە رۆژی دەرچوونیەوە تا ئەم ساتە وەك خۆی جێبەجێدەكرێت.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرتی سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لەمەودوا هاووڵاتییان لە هەر پارێزگایەك بیانەوێت دەتوانن مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی بكەن.

سالار عەبدوڵا بەڕێوبەری گشتی پاسپۆرتی سلێمانی بۆ کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، هاووڵاتییان لە هەر پارێزگایەکی بیانەوێت دەتوانن دەست بە مامەڵە بکەن، بەبێ ئەوەی پێوەست بكرێت بە شوێنی نیشتەجێبوونیانەوە.

ئەوەشی خستە روو، لەرابردوودا ئەگەر هەر هاووڵاتیەك بیویستایە پاسپۆرت دەربكات لەو شوێنەی خۆی دەیەوێت دەبوو نزیكەی ٢٠٠ هەزار دیناری بدایە، بەڵام ئێستا بەهامان تێچووی پارێزگاکەی خۆی، كە نزیكەی ١٠٠ هەزار دینارە، لە هەرپارێزگایەك بیەوێت دەتوانێت پاسپۆرت دەربكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکوەزیرانی عیراق پەیامێکی لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە سەماوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵی نوێ، کە پاشماوەی بێگەردی تەرمی منداڵان و ژنانی گەلی کوردمان لەخۆدەگرێت، کاروانی خوێنڕشتن و خەبات و نەهامەتی و بێسەروشوێنبوونمان بەبیر دەهێنێتەوە".

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێک بەسەر نەمانی دڕندەیی بەعس و ستەمکاری لەسەر سینەی عێراقییەکان، بەڵام بەڵگەکانی تاوانە دڕندەکانی رژێمی پێشوو رۆژ لە دوای رۆژ ئاشکرا دەبن و قەبارەی ئەو دڕندەییە دەگێڕنەوە، کە گەلەکەمان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا بەسەریدا هاتووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێ کە پاشماوەی بێگەردی تەرمی منداڵان و ژنانی گەلی کوردمان لەخۆدەگرێت، لە بیابانەکانی سەماوا، کاروانی خوێنڕشتن و خەبات و نەهامەتی و بێسەروشوێنبوونمان بەبیر دەهێنێتەوە، کە تێیدا گەلەکەمان لە ژێر دڕندەیی رژێمی رەگەزپەرستدا ئازار و مەینەتی دەچێشت".

دوێنێ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە بیابانی تەل ئەلشێخیەی پارێزگای سەماوە راگەیەنرا، کە لێکۆڵینەوە لە دی ئێن ئەی ئێسکەکانیان دەستی پێکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...354355356357358...991