کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خەریکی ئامادەکردنی بەڵگەنامەیەکی 15 خاڵییە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گرژی و شەڕ لەگەڵ ئێران.
ئەم پلانە کە لەلایەن جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆفەوە کاری لەسەر دەکرێت، بە ئاگربەستێکی یەک مانگی دەست پێ دەکات بۆ رەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ، هاوشێوەی ئەو رێککەوتنانەی لە غەززە و لوبنان ئەنجام دراون.
پێشنیازەکانی رێککەوتنی 15 خاڵی گشتگیر لەگەڵ ئێران
· راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی یەک مانگ.
· لەناوبردنی هەموو ئەو توانایە ئەتۆمییانەی کە تا ئێستا کۆکراونەتەوە.
· پابەندبوونی ئێران بەوەی کە هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات.
· قەدەغەکردنی پیتاندنی هەر جۆرە ماددەیەکی ئەتۆمی لە ناو خاکی ئێراندا.
· گواستنەوەی تەواوی ماددە پیتێنراوەکان بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەپێی خشتەیەکی کاتی دیاریکراو.
· لەکارخستن و تێکدانی بنکە ئەتۆمییەکانی (نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆ).
· رێگەدان بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ دەستگەیشتنی تەواو بە هەموو زانیاری و شوێنەکان لە ناوخۆی ئێران.
· دەستبەرداربوونی ئێران لە سیاسەتی گرووپە بریکارەکان و تاقمە چەکدارەکانی سەر بە خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە.
· راگرتنی کردەیی هەموو جۆرە تەمویلکردن و پڕچەککردنی گروپە لایەنگرەکانی لە ناوچەکەدا.
· کراوە هێشتنەوەی گەرووی هورمز وەک ناوچەیەکی دەریایی ئازاد و قەدەغەکردنی داخستنی لەلایەن هەر لایەنێکەوە.
· بڕیاردان لەسەر پڕۆژە موشەکییەکانی ئێران لە داهاتوودا، بە مەرجێک سنووردارکردنی ژمارە و مەوداکانیان لەبەرچاو بگیرێت.
· بەکارهێنانی توانای سەربازی ئێران لە داهاتوودا تەنها بۆ مەبەستی بەرگری لە خۆ بێت.
· هەڵگرتنی تەواوی ئەو سزایانەی، کە خراونەتە سەر ئێران.
· پێشکەشکردنی هاوکاری بە ئێران بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی ئەتۆمی مەدەنی لە بوشەهر تەنها بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا.